كارمەندانی تەندروستی: بە هەموو هێز و تواناوە كار دەكەین بۆ سەرخستنی كاندیدەکانی پارتی

ئەژین عەبدوڵا – هه‌‌ولێر

كارمەندانی تەندروستی، ئەوان لە دوو زەمەنی نزیكدا سنگی خۆیان كردە قەڵغان بۆ پاراستنی هاونیشتمانیانی هەرێم، لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەترین گروپی چەكداری توندڕەو داعش لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕدا هاوشانی پێشمەرگە قارەمانەكان تێكۆشان و چارەسەری بریندارانیانكرد كرد؛ ئێستاش بەردەوام سنگی خۆیان كردوەتە قەڵغان بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و لەگەڵ ڤایرۆسە پڕ مەترسیەکەی كۆرۆنا دا دەجەنگن و گیانی خەڵك دەپارێزن.

هاوشانی ئەو پاراستانە، ئێستا ئەوان بە دەنگ و بە قەڵەمەكەیان دەیانەوێت كورد زۆرترین دەنگی هەبێت لە پەرلەمانی عێراق و بۆ ئەو مەبەستەش بە گوڕوتینەوە كار دەكەن بۆ بەهێزكردنی پێگەی كورد و بە هەموو توانایەكیانەوە هەوڵ دەدەن كە كاندیدەانی پارتی لە پەرلەمانی عێراق زۆرترین كورسی بەدەست بهێنن.
جەلیل عەلی، كارمەندی تەندروستییە و ئێستا لە هەوڵی ئەوەدایە كە خەڵک هۆشیار بكاتەوە گلەیی و گازندەكان بەلاوە بنێنن و دۆزی ڕەوای گەلەكەیان لە بەرچاو بگرن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆی شان بەشانی هەڤاڵەكانی كاردەكات بۆئەوەی زۆرترین كورسی بەدەست بهێندرێت و لەو چوار چێوەیەشدا زۆرترین كاندیدانی پارتی پشكی شێری ئەو كورسیانەیان بەربكەوێت.
جەلیل دەشڵێت: پارتی، هێزێكی جەماوەری لە بن نەهاتووی هەیە، خاوەنی خەباتی شاخ و شارە، خاوەنی ئاوەدانییە و لە كوێ پارتی باڵادەست بووبێت ئاوەدانی بەدی هاتووە، پارتی داکۆکیکاری سەرسەختی ماف و خواستە ڕەواکانی گەلی كوردە، پێشەنگی بەگژداچوونەوەی خەونی نەزۆکی نەیاران و دوژمنانی گەلی گوردە، هەر پارتیشە كە پارێزەری قەوارەی هەرێم و گەرەنتیکردنی ئاییندەیەکی گەش بۆ هاونیشتمانیان دەبێت، گەشبینم و براوەی یەکەم دەبێت.
حوسێن سەعید، كارگوزارە لە یەكێك لە بنكە تەندروستییەكان، دەڵێت: بۆ ئەوەی چیتر توشی قەیران نەبین و مووچە و مافەكانمان زەوت نەكرێت لە لایەن دەسەڵاتدارانی حكوومەتەوە بەشداری لە ھەڵبژاردن دەکەم، دەنگ بەو لایەنە دەدەم کە خزمەتی ھاووڵاتیانی خۆی کردووە و کەشێکی وای بۆ رەخساندوون کە بتوانن بە ئارامی و ئازادی و دوور لە هەمووترس و دڵە ڕاوكێیەک بژین بۆیە پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین ئەو ئارامی و ئازادییەمان لێ تێك نەچێت و كاندیدەکانی پارتی و بارزانی سەر بخەین.
كاوە سەباح، ئەویش دڵخۆشە كە كاندیدانی پارتی كەسانی لێهاتوونە و متمانەپێكراو، ڕوونی دەكاتەوە كە كاتێك کارنامەی كاندیدەكانی خوێندوەتەوە زۆر دڵخۆش بووە، وەك خۆی دەڵێت: “كاندیدەكانمان كەسانی خاوەن بڕوانامەی بەرزن هەروەها خاوەنی ئەخلاق و ڕەوشتی بەرزن، هەر بۆیە چاومان لەسەر پارتیە بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانمان، بۆیە ھیوادارین لە ئاست چاوەڕوانییەکانماندا بن و كاندیدەكان بەوپەڕی توانایانەوە هەوڵ بدەن پێگەی گەلی كورد بەهێزتر بكەن.
شیلان حەمەد، ڕوونی كردەوە كە ڕۆژانە بە شەقامەكاندا تێدەپەڕێت و چاوی بە وێنەی كاندیدەکان دەكەوێت ئەو پرسیارەی لا دروست دەبێت ئاخۆ هەموو ئەوانەی خۆیان بەربژێر كردووە شایانن بۆ ئەوەی دەنگیان پێ بدرێت و ببنە نوێنەری گەلەکەمان؛ ئەو دەشڵێت هەر لە دڵی خۆمدا دەڵێم، باشە كاندیدەكانی پارتی دەزانین خاوەن بیر و ئایدیایەكی ڕوونن و شایانن بەوەی دەنگیان پێ بدرێت بەڵام چ گرەنتییەک هەیە هەندێك لە بەربژێرەكانی لایەنەكانی تر دواتر لە بەغدا وەك هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمان بەرژەوەندی خۆیان بە پێش بەرژەوەندی میللەتەكەیان ناخەن.
شیلان گوتیشی: داواكارم لە خەڵک بە ویژدانەوە دەنگ بدەن نابێت بە هەندێك گوتەی خەڵك هەڵبخەڵەتێت كە پەنجەی تۆمەتەكان بۆ پارتی درێژ دەكەنەوە، تەنانەت دەستکەوتەكانی پارتی لە بەغدا دەشارنەوە و تەنها هەوڵ دەدەن پارتی ناشرین بكەن لەناو خەڵکدا، دڵنیاین كە كاندیدەکانی پارتی سەربەرزمان دەكەن و دەنگەكانیشمان بۆ ئەوان بە فیڕۆ ناچێت.