هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

لە زۆر حاڵەتدا، تەندروستی هەرێم بە هانەی بەغداوە چووە

لە ماوەی ساڵانی پێشوو، بەهۆی ئەوەی چەندین جار كارەساتی خەماوی لە شارەكانی عێراق ڕوویان دا و بووە هۆی گرفت لە كەرتی تەندروستی ئەو شارانە، وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم، لایەنی مرۆڤایەتیی هەڵبژارد و بە هانای هاووڵاتیانی عێراقەوە چوو.

بە گوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان جگە لە پەناهەندەكانی خوار و ناوەڕاستی عێراق كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن و بێبەرامبەر چارەسەری لە نەخۆشخانەكانی هەرێم وەردەگرن، هاوكات سەدا٣٠ی ئەو نەخۆشانەی بۆ چارەسەری نەخۆشی درێژخایەن سەردانی نەخۆشخانەكان و سەنتەرە پزیشكییەكانی هەرێم دەكەن خەڵكی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.
وێڕای پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی، لە كاتی كەونتەوەی چەندین كارەسات و هەروەها شەری دژ بە داعش حكوومەتی هەرێمی كوردستان باوەشی بۆ برینداران و نەخۆشەكان دەكردەوە و بەهەموو توانایەتی پزیشكی هەرێم هاوكاری تەواوی گشت نەخۆشان و برینداران كرا.
لە دواهەمین هەڵوێستی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “وەكو لایەنی مرۆڤدۆستی دەستبەجێ پەیوەندیمان بە وەزارەتی تەندروستیی عێراقی فیدراڵەوە كرد و لەگەڵ دكتۆر هانی كە ئێستا كاروباری وەزیری تەندروستیی عێراق رایی دەکات لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زیقار و پارێزگاری زیقار و بەشی كردە پزیشكییەكان و هەموو بەرپرسان لەسەر هێڵ بووین بۆ ئەوەی بتوانین هەرچۆنیەک بووبێ یارمەتییان بدەین، لەڕووی تیمی پزیشكی، ئەمبووڵانس، وەرگرتنی نەخۆش و هەر پێداویستییەكی دیكە.”
بە وتەی وەزیری تەندروستیی هەرێم:”تەندروستیی ناسریە كێشەی كەمشتی (کەمبوونی) ئۆكسجینیان بەبۆنەی سووتانی نەخۆشخانەكەوە هەبوو، هەر بۆ ئەو مەبەستەش “لەسەر راسپاردەی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی 26 تۆن ئۆكسجینی شلمان بۆ رەوانە كردن، چی دیكەشیان پێویست بێت، ئەو ئامادەییەشمان دەربڕیوە نەخۆشەكانیان وەربگرین.”
١٣ی مانگی حەوتی ئەمساڵ ئاگر لە نەخۆشخانەی حسێنی لە شاری ناسریە كەوتەوە و بەوهۆیەوە دەیان كەس گیانیان لەدەست دا و دەیانی تریش بریندار بوون، بەپێی دوایین ئاماری قوربانیانیش، 64 كەس گیان لەدەست داوە و 50 كەسی تر بریندارن، هۆكاریی ئاگركەوتنەوەكەش وەك میدیاكانی عێراق لە زاری شایەتحاڵەكانەوە باسی دەكەن، بەهۆی تەقینەوەی بوتڵی ئۆكسجین و خراپ بەكارهێنانیەوە بووە.
ئەم بەهاناوەچوونەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بووە مایەی بایەخی گرنگ و هەروەها نیشاندانی نیازپاكیی هەرێم بەرامبەر گشت هاووڵاتییەكی عێراقی.
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بەردەوام هەوڵ بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی تەندروستی هەرێم دەكات، لەو چوار چێوەیەش چەندین خزمەتگوزاریی تایبەتی پێشكەش بە هاووڵاتیان كردوە و چەندین یاسای تایبەت بۆ باشتركردنی كەرتی تەندروستی ناوە، ئەم هەنگاوانەی كابینەی نۆ، بە سەرۆكایەتیی “مەسرور بارزانی” و وەزیرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە ئەوان هەموو خەمێكیان بۆ خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمە، لەو چوارچێوەیەشدا كە ئێستە بەرەو هەڵبژاردنی عێراق دەچین، پێویستە هاووڵاتیان دەنگبدەن بە كاندیدەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانن داكۆكییەکی باشتر لە مافی گەلی كورد بكەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سەرەكییەكان، هەروەها جدی تر لە جاران كار بكەن بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكان و بەشە بوودجەی هەرێم بە تایبەت بەشی كەرتی تەندروستی، كە ئەگەر بێت و بە ڕێكی و لە كاتی خۆی پشكی تەندروستی لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بگاتە هەرێم، ئەوا كەرتی تەندروستی زیاتر پەرەدەسەنێت.

ماكوان عێزەت – هه‌‌ولێر