یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

لە سنووری مادەی ١٤٠ بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردن رەهەندی نیشتمانیی هەیە

نزیکەی ١٠ رۆژی ماوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەست پێ بکات و پەرلەمانیکی نوێ بۆ عێراقی فیدراڵ هەڵبژێردرێت. لایەنە سیاسییەکان لە تەواوی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پارێزگاکانی تری عێراق سەرقاڵی بانگەشەکانی هەڵبژاردنن. ئەوەی لە رەهەندە نیشتمانییەکە بۆ کورد گرنگە ئەوەیە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەشداریکردنی کورد بەرز بێت و کاندیدێکی کوردیش پێی وایە وەک ریفراندۆم پڕبایەخە.

هەر چەندە لەم سیستمەی هەڵبژاردن پارێزگاکان بۆ کۆمەڵێک بازنە دابەش کراون و کاندیدەکان و حزبەکان لە چوارچێوەی بازنەکەدا ململانێی یەکتر دەکەن، بەڵام کورسییەکانی هەر پارێزگایەک دیاری کراوە و دواجار نوێنەری سەرجەم بازنەکان و پارێزگاکان، پەرلەمانی عێراق پێک دەهێنن و حزب یان هاوپەیمانی زۆرینە بۆ پێکهێنانی حکوومەت رادەسپێردرێت.
عێراق لە١٩ پارێزگا پێک هاتووە و لەو ١٩ پارێزگایەش چواریان لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵی بەڕێوە دەبرێن. چوار پارێزگای تریش هەن کە بەشێک یان تەواوی خاکەکەیان دەکەونە سنووری مادەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، بەغدا و هەولێر لەسەری ناکۆکییان هەیە و دەستوور رێکاری یەکلابوونەوەی ئەو پارێزگایانەی دەستنیشان کردووە، هەرچەندە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و هەر بە ناوچەی جێناکۆک ماوەتەوە. پێشتر کە بەشێک لەو ناوچانە لە لایەن کوردەوە ئیدارە دەکران دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر زیاتر حکوومەتی عێراق کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەی بەدەستەوەیە کە پێچەوانەی دەستووری عێراقە.
هەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠١٧ بەهۆی جێبەجی نەکردنی مادەی ١٤٠ خۆی یەکلایەنە لە چوارچێوەی ریفراندۆم چارەنووسی ئەم ناوچانەی یەکلایی کردەوە و زۆرینەی رەهای دانیشتووانیان دەنگیان بەوە داوە بخرێنە سەر هەرێمی کوردستان بەڵام دۆخێکی نائاسایی وایکردووە بەغدا زاڵ بێت و دانی پێدا نەنێت.
پارێزگای نەینەوا ٣٤ کورسی، کەرکووک ١٣ کورسی، دیالە ١٤ کورسی و سەلاحەددین ١٢ کورسی دەنێرێتە پەرلەمانی بەغدا کە زۆرینەی خاکەکەیان دەکەوێتە سنووری مادەی ١٤٠ .
ئەگەر لە پارێزگایەکی وەک هەولێر یان سلێمانی رەکابەری لەسەر ئەوە بێ کە کام حزب نوێنەرەکەی دەردەچێت و دەچێتە بەغدا، ئەوا دواجار هەر حزبێک دەربچن هەر کوردن و رەنگە لە رەهەندە نیشتمانییەکەی زۆر کاریگەر نەبێ، ئەوەندەی لە رووی خزمەتگوزاری و بەرنامە و پڕۆژەی حزبەکان کاریگەریی هەبێت.
لە کەرکووک و سێ پارێزگاکەی تری سنووری مادەی ١٤٠ ئەوەی کە بۆ کورد زۆر بە گرنگ هەژمار دەکرێت و وێرای ئەوەی سەنگی کورد لە بەغدا بەهێز دەکات ئەوا لە رووی یاساییشەوە خاوەندارێتی کوردستان بەسەر ئەو ناوچانە دەسەلمێنیت ئەوەیە زۆرترین کورسی لە لایەن حزبە کوردییەکانەوە دەستەبەر بکرێن و بۆیەش بەشداریی دانیشتووانی کورد لەو ناوچانە زۆر گرنگە و لە راستای بەرژەوەندیی نیشتمانییددایە.
لە سلێمانی خەڵک کەم و زۆر بەشداری هەڵبژاردن بکات، ئەوا هەر ١٨ کورسییەکە هەر کورد دەبێت کە دەبنە نوێنەری پارێزگاکە لە بەغدا، بەڵام لە کەرکووک بەشداریی کەمی کورد و زۆریی پێکهاتەکانی تر بەو واتایەیە کە نوێنەری کورد کەم و نوێنەری پێکهاتەکانی تر زیاد دەکات، بەڵام ئەگەر رێژەی بەشداریی کورد بەرز بێت لەو ١٣ کورسییەی کەرکووک کورد دەتوانێت خۆی بسەلمێنێت و بۆ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش نیشانی بدات پارێزگاکە پارێزگایەکی کوردستانییە. ئەمە بۆ بازنە جیاوازەکانی نەینەوا و دوو پارێزگاکەی تریش دروستە.
شێروان جەمال کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا کە بە ژمارە ٢٨ لە بازنەی دوو بەشدارە بۆ هەولێر باسی لەوە کرد کە بایەخی هەڵبژاردن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ کورد لە شوێنەکانی تر زۆر گرنگترە و لە راستیدا بۆ کورد وەک ریفراندۆم وایە چونکە سەنگی کورد لەو ناوچانە دەردەخات.
ئەو هیوای خواست دانیشتووانی ئەو ناوچانە بەتایبەتی کورد بەهەمان هەست کە لە ساڵی ٢٠١٧ بەشداری ریفراندۆمیان کرد بەشداری ئەم هەڵبژاردنەش بکەن و زۆرترین نوێنەری کورد لەو ناوچانە رەوانەی پەرلەمانی بەغدا بکرێن و لە نێو کاندیدە کوردەکانیش دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن کە بەردەوام پاڵپشتی پرسە نیشتمانییەکان بووە.