4 ساڵ دوای ریـفـراندۆم کورد خاوەنی پێگــــەیەکی بەهێزترە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

چوار ساڵ بەسەر ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، کورد بە زۆرینەی دەنگ و بە سەتا ٩٢ـی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە ریفراندۆم دا داوای لە جیهان کرد دەنگی ببیسترێت، دوای چوار ساڵ زۆر شت گۆڕان لە کوردستان و ناوچەکە بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەمان نەفەسی جاران بۆ پرسە نیشتمانییەکان ریفراندۆم بە کارتێکی سەرکەوتوو بۆ وەرگرتنی مافەکانی هەرێمی کوردستان دەزانێت، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا کورد پێگەکەی لە جاران بەهێزتر و باشترە .

ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆک بارزانی رۆژی ٧ـی ٦ـی ٢٠١٧ بڕیاری لێ درا پاش کۆبوونەوە لەگەڵ هەموو لایەنەکان،بڕیاردرا رۆژی ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧ ریفراندۆم بکرێت،لە ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەنگ بۆ سەربەخۆیی درا ،ئەوکات سەرۆکی هەرێـمی کوردستان لە چەندین گوتاردا لە شارەکان رایگەیاند پێویستە جیهان بزانێ مافی خەڵكی هەرێمی کوردستانە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات ،سەرۆک بارزانی دواتر لە کتێبی بۆ مێژوودا باسی ریفراندۆمی کرد و رایگەیاند :” بۆچوونێك هەبو کە ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان وەکو هەڕەشە سەیر دەکرا بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ، بەڵام واقیع پێچەوانەی ئەوە بوو، داوای سەربەخۆیی چارەسەرێک بوو بۆ خەباتی گەلی کورد و دۆخی ناوچەکە، نەک مەترسی بۆ سەری،یانیش هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی، لە کۆتاییشدا مافی ئەوەی دا بە کورد کە چارەنووسێکی باشتر هەڵبژێرن و لەگەڵ عێراقێكی نا سەقامگیر نەمێننەوە ، ئێمە وەکو کورد شانازی بە مەبدەئی پێکەوەژیان و لێبوردەیی لەگەڵ هەمووان دەکەین .”
سەربەخۆیی کوردستان زیاتر لە سەدەیەکە ئامانجی ٤٠ ملیۆن کوردە لە سەرانسەری جیهان، کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە جیهان ، کەمتر لە مانگێک دوای ریفراندۆمیش سوپای ئەوکاتی عێراق و حەشدی شەعبی لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بە هاوکاری لایەنێکی کوردی هێرشیان کردە سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان،ئەوان بۆ گرتنی هەموو شوێنێک هاتبوون و دەیانویست تاوەکو هەولێر بێن،بەڵام بەرگری پێشمەرگە لە پردێ و سحێلا و ناوچەی دیکە بە ناچاری تووشی شکستێکی گەورەی کردن، هەرچەندە توانیان کەرکووک بگرن، بەغدا ئەوکات گەمارۆشی خستە سەر فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان،دوای ئەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە سڕکردنی ئەنجامی ریفراندۆم و دەستکردن بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ هەڵگرتنی سزاکان .
لە ئاداری ٢٠١٨دا بەغدا گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی هەڵگرت و دواتریش وردە وردە پەیوەندی بەغدا و هەرێمی کوردستان ئاسایی بوونەوە .
سیروان نەجمەدین کەریم سەرۆکی پەیمانگەی واشنتن لەوبارەوە دەڵێ :” گەلی کوردستان شایەنی دەوڵەتی، نابێت کورد واز لەو ئامانجە بێنێت .”
ئەو کە کوڕی نەجمەدین کەریم پارێزگاری کۆچکردووی کەرکووکە هەروەها نووسیویەتی:”ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ فێری ئەوە بن کە چاککردنەوەی سیاسەتە هەڵەکانیان لە رابردوودا بە پشتیوانی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکرێت.”
ئێستا کە ٤ ساڵ بەسەر ریفراندۆم تێپەڕیوە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووساز هەنگاو دەنێن، هەنگاوێک کە خەڵك و عێراقییەکان و وڵاتانیش پێیان وایە دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ،پارتی دیموکراتی کوردستان بە ٥١ کاندیدەوە لە ١١ پارێزگا ئامانجیەتی عێراقێکی سەقامگیر و هەرێـمی کوردستانی بەهێز لە وهەڵبژاردنەدا ببنە دروشمی سەرەکی،لەو پێناوەشدا لەدوای ریفراندۆمەوە بۆ یەکەم جار پێش ماوەیەک بە ئاڵای کوردستان گەڕایەوە کەرکووک، دەیەوێت دۆخی کەرکووک پێش هەموو ناوچەکانی دیکە ئاسایی بکرێتەوە، لەکاتێکدا ٤ ساڵە زوڵم و ستەمی زۆر لە کوردی ئەو ناوچانە دەکرێت، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا پارتی بە پەیوەندی بەهێز لەگەڵ وڵاتان بەتایبەت ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و وڵاتی دیکە توانیویەتی ببێتە ئاڵا هەڵگری ماف و هەوڵی دابینکردنی ئامانجەکانی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا،دواین وێستگەی ئەو پشتیوانیەشی لە دەرەوە لە هەرێمی کوردستان کرا، جەختکردنەوە و پابەندبوونی بەریتانیا بوو بە پەیوەندییەکی باش لە هەرێمی کوردستان .