رۆژنامەی ھەولێر

بانكی عێراقی ئیسلامی و زیادکردنی ئامێری پارەڕاکێشان

سەركەوت جەلال خەلیل، بەڕێوەبەری بانكی ئیسلامی عێراقی لقی هەولێر لەو چاوپێكەوتنەدا باسی كار و وردەكاری چالاكییەكانی بانكەكە دەكات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات بڕیاریان داوە ئامێرەكانی راكێشانی پارە زیاد بكەن.

سەرەتا لەو پرسیارەوە دەست پێ دەكەم كە دەكرێت بانكەكەتان و ئەو خزمەتگوزاریانەی هەن بە خەڵك بناسێنێ‌ بە تەواوی؟
بانكی عێراقی ئیسلامی، ساڵی‌ 1993 لە بەغدا دامەزراوە و، ساڵی 2013 لقی لە هەولێر كرایەوە، تا ئێستە كار دەكات و ئێستە 19 لقی لە سەرتانسەری عێراقدا هەیە كە چەندین خزمەتگوزاریی بانكی پێشكەش دەكات.
ئێوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ((هەژماری من)ـدانە، تەنیا بۆ خانەنشینی یان تەواوی فەرمانبەرانیش لای ئێوە تۆمارن؟
بانكی عێراقی ئیسلامی هەموو خزمەتگوزارییەكی بانكی پێشكەش بە كۆمپانیاكان و هەروەها دامودەزگا حكوومەتییەكان و ناحكوومییەكان دەكات جیا لە دروستكردنی كارتی بانكی و ناردن و وەرگرتنی پارە بۆ دەرەوە، هەروەها كردنەوەی حساب و هەژمار لە جۆری شەریعەتی ئیسلامی و پشتگیری بۆ كونسوڵخانەكان و باڵوێزخانەكان لە بەغدا لە چوارچێوەی خزمەتگوزاری بانكەكەدایە.

لەبارەی خانەنشین دەمەوێ‌ پرسیار بكەم كە ئێستە چەند كارتی خانەنشینی لای ئێوە دەرچووە؟
بانكەكە لە پڕۆژەی هەژماری من بەشداری كرد بە مووچەی خانەنشینی و سڤیل و سەربازی و ئاسایش و ناوخۆ و هەندێك لە فەرمانبەرانی مەدەنی، ئێستا زیاتر لە ٥٣٠٠ کەس لە هەولێر و 30هەزار لە دهۆك و 13هەزار كەس لە سلێمانی مووچە لە ڕێی ئەم بانكەوە وەردەگرن.
هەندێك گلەیی لەوە دەكرێت كە (ئای‌تی‌ئێم)ـتان كەمە، هیچ پلانێكتان هەیە بۆ زیادكردنی ئەو (ئای‌تی‌ئێم)ــانە؟
لەگەڵ (هەژماری من)ـدا گفتوگۆ بەردەوامە بۆ دابینكردنی جێگای تر بۆ دانانی ئامێرەكانی راكێشانی پارە بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان، كە لەم مانگەوە ئامێرەكانی ئای تی ئێم زیاد دەكرێت بە جۆرێك لقی سەرەكی سێ‌ ئامێر و بەرانبەر هۆتێل كریستاڵ و شەقامی 100 مەتری بەرانبەر مزگەوتی خەدیجەكوبرا و لە گەڕەكی منارە و بەحركە و كۆیە و قوشتەپە و عەنكاوە جگە لە ئامێرە كۆنەكان كە ئێستە لە زۆربەی شوێن هەن.
فه‌يسه‌ڵ شێخانی