سلێمان تاشان – ههولێر
حکوومەتی عێراق بە جێبەجێکردنی سیستمێکی نوێی گومرگی بازاڕەکانی عێراقی شێواندووە و بارێکی قورسی خستووەتە سەر شانی هاووڵاتییان، ئەگەر جێبەجێکردنی سیستمەکە هەڵنەوەشێنرێتەوە و ڕێکارێکی جیاوازتر بۆ ئەو مەبەستە نەگیرێتە بەر ئەوا نرخەکان لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لانی کەم بە ڕێژەی لەسەدا سی بەرز دەبنەوە.
سیستمەکە بە ئەسیکۆدا ناسراوە و بڕیاری جێبەجێکردنیشی بە ژمارە ٩٥٧ی ساڵی ٢٠٢٥ ی ئەنجوومەنی وەزیران تۆمار کراوە، سیستمێکی ئەلیکترۆنیی نێودەوڵەتییە بۆ بەڕێوەبردنی گومرگ و لە ماوەی ڕابردوودا حکوومەتی عێراق لە دەروازە و فڕۆکەخانەکاندا جێبەجێی کردووە.
سیستمەکە هەر زوو لە لایەن هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و بەرپرسانی بازرگانی و گومرگیی هەرێمی کوردستان بە ڕاشکاوی ئەوەیان ڕاگەیاند کە سیستمێکی لەم شێوەیە هەرگیز لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و نرخەکانی بازاڕدا نییە. سەرەتا وا زانرا کە ئەمەش درێژەی هەموو ئەو قەیران و ناکۆکی و کێشانەیە کە لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەن بەڵام دواتر ڕەهەندە خراپەکانی جێبەجێکردنی ئەو سیستمە و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕەکانی بەغدای پایتەخت و شارە گەورەکانی عێراق بەدیار کەوت.
دوای ماوەیەک لە جێبەجێکردنی سیستمەکە خەڵک و بازرگانان و دووکاندار و کاسبکاران لە عێراق درکیان بە کاریگەرییە خراپەکانی ئەو سیستمە کردووە و هەر بۆیەش ڕۆژی یەکشەممە لە چەند پارێزگایەکی عێراق مانگرتنیان ڕاگەیاند و دووکاندارەکان دەرگای دووکانەکانیان داخست و بازاڕەکان لە هەر جۆرە جووڵەیەک وەستێنران.
دووکانداران گوتیان ئەوەی ڕوودەدات دەستبردنی حکوومەتە بۆ گیرفانی هاووڵاتییان و زەرەرمەندە سەرەکییەکە هاووڵاتییە کە دەبێت بە نرخێکی گرانتر پێداویستییەکانی دابین بکات.
هەر لەبەر ئەم ڕێکارە نوێیە بە دەیان هەزار کۆنتینەر لە بەندەرەکانی باشووری عێراق چاوەڕوانی بڕیارێک دەکەن بەڵکوو سیستمەکە هەڵوەشێتەوە و بتوانن بارەکانیان بۆ عێراق بگوازنەوە، چونکە بەهۆی سیستمی ئەسیکۆدا بەهای خەرجییەکان لە نرخەکانیان بەرزترە و ئەگەر بێتە بازاڕەوە ئەوا جگە لە هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکان، هاوسەنگیی داخوازی و خستنەڕووش تێکدەدات.
جگە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بازاڕەکان هەوڵێکی یاساییش لە دژی ئەو بڕیارە دەستی پێ کردووە و کێشەکە گەیشتۆتە دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدات.
هەریەک لە مستەفا سەنەد و محەممەد جاسم خەفاجی، پەرلەمانتارانی عێراق داوایان کردووە دادگاکە فەرمانێکی بەپەلە بۆ ڕاگرتنی بڕیارەکە دەربکات تاوەکو دۆسیەکە یەکلایی دەبێتەوە.
رۆژی یەکشەممە بڕیار بوو دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە دوو سکاڵاکە کۆ ببێتەوە بەڵام کۆبوونەوەکە نەکرا و دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا دانیشتنی تایبەت بە تاوتوێکردنی سکاڵاکە بۆ ڕۆژی چوارشەممە دوا بخات.
ئەگەر خۆپێشاندان و مانگرتنەکان لە بازاڕەکانی عێراق درێژە بکێشن ئەوا ڕەنگە دادگای فیدراڵی بڕیارەکە هەڵوەشێنێتەوە. کێشەی سەرەکیی بڕیارەکە ئەوەیە حکوومەت لە کاتێکدا کاربەڕێکەرە بڕیارێکی ئاوا گرنگی داوە و بەشێک لە پەرلەمانتاران بە سەرپێچی یاسایی و دەستووری لێکدەدەنەوە.
لایەنگری سەرەکیی بڕیارەکە دەستەی گشتیی گومرگی عێراقە و پێی وایە دەبێتە هۆی زیادکردنی داهات. حکوومەتی عێراق لە سەرەتای ئەم مانگە بڕیاری دابوو بە ڕێژەی لەسەدا بیست و پێنج داشکاندن بۆ گومرگی تۆمارکراوی سیستمەکە بکات بەڵام وا دیارە ئەمەش نەیتوانیوە دۆخەکە هێور بکاتەوە.
یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی بازاڕەکانی عێراق لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەوەیە ڕێژەی هەڵاوسان تا ڕادەیەکی زۆر کۆنترۆڵ کراوە و جگە لە سەردەمی کۆرۆنا نەبێت کە بە پلانێک بەهای دینار کەم کرایەوە و جۆرێک گرانی بەدواوە بوو لە تەواوی ساڵەکانی دیکە ڕێژەی هەڵاوسان نزم بووە لە کاتێکدا لە هەندێک وڵاتی دراوسێ دەگاتە سەرووی لەسەدا پەنجا.
بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی نالەباری ناوچەکە و دانەمەزرانی حکوومەت چاوەڕوان دەکرێ ئەو پرسە بۆ حکوومەتی داهاتووی عێراق هەڵگیرێت و بڕیارەکە هەڵوەشێنرێتەوە، پێچەوانەکەشی دەتوانێت ناڕەزایی ئابووری بۆ ناڕەزایی سیاسی بگۆڕێت.

