رۆژنامەی ھەولێر

هەوڵێکی جیددی هەیە دەستی گرووپە میلیشیاکانی عێراق لە تاڵان و قاچاخچێتی کورت بکرێتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

پلانێکی ڕژد هەیە کە لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەستی گرووپە میلیشیاکان لە بەتاڵانبردنی سامانی عێراق کورت بکرێتەوە و بە وردی لێپێچینەوە لە هەموو ئەو دەزگا و دامەزراوە عێراقییانەدا بکرێت کە خەریکی سپیکردنەوەی پارە و بردنەدەرەوەی سەرمایە و فەوتاندنی بەشێک لە سامانی گشتیی عێراقن.

عێراق وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەندە و ئەو داهاتەی بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە دەستی کەوتووە ئەگەر بە ڕێکوپێکی بەکار هێنرابا و بە تاڵان نەبرابا جگە لەوەی کە ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی لە ئاستێکی زۆر باشدا دەبوو، وڵاتەکەی دەکرد بە یەکێک لە ئاوەدانترین وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. عێراقی فیدراڵی لە سایەی گرووپە میلیشیاکان و گەندەڵیی ئیداری و دارایی، بەدەست کەمیی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت. ئەو وڵاتە سەرەڕای ئەوەی کە بە سامانی سروشتی و نەوت و گاز دەوڵەمەندە کەچی تەنانەت نەیتوانیوە کارەبای بۆ دانیشتووانەکەی دابینی بکات.
دوای دامەزراندنی عێراقی فیدراڵی هەمووان ئومێدی ئەوەیان هەبوو لە سایەی سیستم و دەسەڵاتی نوێدا بحەسێنەوە و کۆتایی بە تاڵان و دزی و گەندەڵی و پەراوێزخستن بهێنرێت بەڵام ئەمە هەرگیز لە عێراق ڕووی نەدا، ئەو داهاتە زۆرەی لە فرۆشتنی نەوت دەست کەوتووە بەشێکی دزراوە و بەشێکی تری خراوەتە خزمەتی گرووپە میلیشیاکان و کەمێکی بۆ خەڵک بەکار هینراوە.
ساڵی ڕابردوو ڕاپۆرتی وال ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی بە بەڵگە ئاشکرای کرد گرووپه‌ میلیشیا عێراقییه‌كان لە دزین و گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی عێراق بەردەوامن و بە ملیاران دۆلار خراوەتە خزمەتی گرووپە میلیشیاکان و سەرمایەکی زۆریان بۆ وڵاتانی دیکە گواستراوەتەوە. ئەو گرووپانە لە داهاتی عێراق دەخۆن بەڵام چالاکی و کرداریان ڕێک پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی عێراقە.
جگە لە هەندێک هەوڵی سنوورداری ناوخۆیی، ئەمەریکا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ڕێکاری جیاوازیان بەکار هێناوە بۆ ئەوەی ڕێ لەو دزی و بەتاڵانبردنە بگرن. ئەمەریکا لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان بانکی عێراقی سزا داوە یان دۆلاری لەسەریان قەدەغە کردووە کە هاوکار بوون لەگەڵ گرووپە میلیشیاکان بەڵام گرووپەکان ڕێگەی دیکەیان بەکار هێناوە. سیاسەتی نوێی ئەمەریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٦ تەنیا ئەوە نییە تەواوی سیستمی بانکی و دارایی عێراق ڕێک بخات و لە گەندەڵکاران بیپارێزێت بەڵکوو دەبێت کۆتایی بە هەر جۆرە چالاکییەکی تری ئەو گرووپە میلیشیایانە بهێنرێت کە زۆر جار هەڕەشە لە بنکە و دامەزراوە ئەمەریکی و نيودەوڵەتی و تەنانەت دامەزراوە داراییەکانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن.
مارک ساڤایا، نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق کۆتایی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند؛ زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان (OFAC) ئەنجام داوە. کۆبوونەوەکان تایبەت بوون بە تاوتوێکردنی ئاستەنگەکان و دەرفەتەکانی چاکسازی لە سیستەمی بانکیی عێراق، چ لە کەرتی حکوومی و چ لە کەرتی تایبەتدا.
ئەو ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی پێداچوونەوەیەکی گشتگیر و ورد بۆ هەموو ئەو تۆمار و مامەڵە داراییە گومانلێکراوانەی کە دامەزراوە، کۆمپانیا و کەسایەتییە عێراقییەکان تێیدا بەشدارن. لەوانە دۆسیەکانی قاچاخچێتی، سپیکردنەوەی پارە و پڕۆژە داراییە ساختەکان کە گرووپەکان وەک سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی دارایی و کاراکردنی چالاکییە تیرۆریستییەکان بەکاردەهێنرێن.
ساڤایا جارێکی تر هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەی کردووە کە یەکپارچەیی دارایی و دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق تێکدەدەن و داهات و سەرچاوە داراییەکان بۆ بەرژەوەندیی گرووپی و تایبەتیی خۆیان بەکار دەهێنن.
هەرچەندە هێشتا حکوومەتی نوێی عێراق دانەمەزراوە و گفتوگۆکان بۆ دامەزراندنی حکوومەت بەردەوامن بەڵام هەر کەسێک لە داهاتوودا سەرۆکی حکوومەت بێت ئەوا یەکێک لە بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکانی ئەوەیە بەهاوکاری هێزە نیشتمانییەکانی ناوخۆ و هاوپەیمانێتیی ئەمەریکا لە پێناو کەمکردنەوەی گەندەڵی و نەهيشتنی ئەو گرووپە میلیشیایانە هەنگاوی ڕژد بنێت.