رۆژنامەی ھەولێر

دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کاریگەری لەسەر ئابووری عێراق دەبێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق یەکێکە لە ھەنگاوە ھەرە گرنگەکان بۆ ئارامکردنەوەی بارودۆخی سیاسی، ھەر کاتێک ئاستەنگ لەبەردەم دروستکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق دروست ببن، کارتێکردنێکی گەورە لەسەر پرۆسەی سیاسی دروست دەکات. چاودێران و شارەزایانی ئابووری، دەڵێن، دواکەوتنی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق نەک تەنیا کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی دەبێت، بەڵکو لەسەر ئابووری عێراقیش دەبێت.

ڕۆژی سێ شەممە سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق بە سەرۆکایەتی جوشوا ھاریس، ھەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد. بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا، سەرۆک بارزانی لەبارەی دۆخی عێراق دڵنیایی ئەوەی بۆ شاندی میوان دووپاتکردەوە کە ھەرچی لە توانایدابێت، بۆ ھەماھەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان و گەیشتن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و پێکھێنانی حکوومەتێکی فیدراڵی بەھێز درێخی ناکەن، ھەروەھا لە ھەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە و گیروگرفتەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ.
نەوزاد ڕەفعەت، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: کێشە و گرفت لە دەوڵەتێکی وەکو عێراق بۆ دروستکردنی حکوومەتی نوێ زۆرن، ھەروەھا ئەجێندای ھەرێمی و ئەو ھێزانەی ئێستا لە عێراق ھەن، کاریگەریان لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ھەیە، بەتایبەتی ڕێکنەکەوتنی لایەنی شیعە لەسەر دانانی بەربژێرێک، چونکە تا ئێستا خیلافات و کێشەی گەورە لە نێوان ئەوانیشدا ھەن، ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر پڕۆسەی سیاسی عێراق دەبێت، بەتایبەتی حکوومەتی نوێی عێراق.
دواکەوتنی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق نەک تەنیا کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی دەبێت، بەڵکو لەسەر ئابووری عێراقیش دەبێت، چونکە تا حکوومەت پێکنێت بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ ناچێتە پەرلەمان و پەسەند ناکرێت. زیاد شێرزاد، شارەزای بواری ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: بودجەی سێ ساڵەی عێراق کۆتای ھاتووە، پێویستە ئەمساڵ حکوومەتی عێراق بودجەیەکی نوێ دابنێت و بۆ پەرلەمان ڕەوانە بکات، ئەو حکوومەتەی ئێستا ھەیە ناتوانێت بودجە ڕەوانە بکات، تەنیا ١ لەسەر ١٢ی بودجەی ساڵی ڕابردوو خەرج دەکات، ئەوەش وا دەکات ھەموو پڕۆژە و کاروبارەکانی حکوومەت پەک بکەون، تەنیا نەفەقاتی تەشغیلی نەبێت، ئەوەش ڕەنگدانەوەیەکی زۆر نەرێنی لەسەر عێراق دەبێت بەتایبەتی لەسەر ئابوورییەکەی، لە بابەتی پلان و پێشخستنی پڕۆژەکان و دەرکردنی پڕۆژەکانی ئابووری ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت، کەواتە بەشێوەیەکی گشتی ھەر ڕۆژێک پێکھێنانی حکوومەت دوا بکەوێت، ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنی لەسەر ئابووری عێراق دەبێت.
لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بەتایبەتی چوارچێوەی ھەماھەنگی ھێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر کەسێک بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی حکوومەتی داھاتووی عێراق، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت تا دێت ناکۆکییەکان زیاتر دەبن. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد: پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە چوونە بەغدا بە یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەرژەوەندی کوردستانە، جەختیشی کردەوە، پارتی دووپاتی کردووەتەوە ھەر بڕیارێکی نەتەوەیی دەبێت کورد خودی بڕیاری لەسەر بدات.
لەبارەی ئەو ھەواڵانەی باس لە کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەشواق جاف گوتی: پێم وایە ئەمە تەکتیکێکی سیاسی بێت، چونکە لایەنێکی شیعە ھەیە کە ناوی لە نێو ئەو حزبانە نییە کە باس لە پێکھێنانی حکوومەت دەکەن، کە پێشتر ھەڵوێستی تایبەتی لەسەر نووری مالیکی ھەبووە، ھاوکات ھەندێک لە لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ ئەو بابەتە نین، بەڵام ڕایان نەگەیاندووە.
ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت: ئەو کێشانەی کە ئێستا باس ناکرێن، لە نێو پەرلەمانی عێراق، لە کاتی ناوھێنانی نووری مالیکی وەک کاندید بۆ سەرۆک وەزیران، بە دیار دەکەون و سەر ھەڵدەدەنەوە، بۆیە پێم وایە ئەوە تەکتیکێکی سیاسییە لەلایەن محەممەد شیاع سوودانییەوە.