سلێمان تاشان – ههولێر
پێشبیی دەکرێت ساڵی نوێی ٢٠٢٦ی زاینی ساڵێکی گرنگ و پڕ لە گۆڕانکاری بێت چ لە ئاستی عێراق، چ لە ئاستی ناوچەیی و چ لە ئاستی جیهانی، چونکە چارەسەریی زۆرێک لە ڕووداو و قەیران و تەنگژەکان بە کۆتاییهاتنی ساڵی ٢٠٢٥ گرێ درابوون، ساڵەکە تەواو بووە و کاتی ئەوە هاتوووە گۆڕانکارییەکان ببینرێن.
ئەوەی پێوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە ئەوەیە دوای چواردە مانگ و نیو لە بەڕێوەچوونی شەشەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هێشتا کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانەمەزراوە و دیار نییە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشی حکوومەتی عێراق دادەمەزرێت یان دەکەوێتە دوای دامەزراندنی حکوومەتی عێراقەوە و یان بە یەکەوە دادەمەزرێنرێن.
وەک ئاشکرایە عێراقی فیدراڵی لە یازدەی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەبرد و دوای پەسندکرانی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن لە دواین ڕۆژەکانی ساڵەکە پەرلەمان سوێندی یاسایی خوارد و هەر یەک لە سەرۆک و هەر دوو جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی هەڵبژارد.
هەر چەندە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بێبەری نەبوو لە کێشە و ململانێی سیاسی بەڵام نۆرەی ئەوە هاتووە ئەم جارە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت کە هەڵبژادنەکەی کلیلی کردنەوەی دەرگای پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراقە.
سەرۆک کۆمار بەگوێرەی عورفی سیاسیی پشکی کوردە و ئەوەی لەو پۆستە دادەنیشێت ئەوا نوێنەرایەتیی نەک حزبێک بەڵکوو گەلی کورد لە عێراق دەکات و یەکێک لە سێ گرنگترین پۆستی سیاسیی عێراق بەڕێوە دەبات.
هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق مەرج و ڕێکارەکانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی، بەپێی یاسای ژمارە هەشتی ساڵی ٢٠١٢، بڵاوکردەوە. پرۆسەکە لە ٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ دەستی پێ کردووە و ئەمڕۆ یەکشەم چواری مانگی کانوونی دووەم کۆتایی دێت و پێویستە لە ماوەی مانگێکدا سەرۆک کۆماریش هەڵبژێردرێت.
لە دوای دامەزراندنی سەرۆک کۆمار نۆرەی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق دێت کە ڕەنگە پێکهێنانەکەی کارێکی هێندە ئاسان نەبێت.
چاوەڕوانییەکی زۆر چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی جیهانی لە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق هەیە بە هەناسەی ڕابردوو سیاسەت نەکات و مامەڵەکانی تەنیا لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خەڵکی عێراق بێت و ئەو لەمپەرانەش لەناو ببات کە کەتوونەتە سەر ڕێگای گەشەسەندنی عێراق لە ڕووی ئابووری و سەرجەم کایەکانی ترەوە، کۆتایی بە گرووپە میلیشیاکان بهێنێت و چەک بخرێتە خزمەنی دەوڵەتەوە.
لەو سەرجەم ئەو گۆڕانکارییانەی بڕیارە لە عێراق بێنە کایەوە هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگ و پڕبایەخ دەگێڕێت و کوردستان ڕۆڵی کارای دەبێت لە پڕۆسەی سیاسیی داهاتووی عێراق.
هەر لە دوای هەڵبژاردنەوە و دەرکەوتنی دەرەنجامەکان هەرێمی کوردستان بوو بە ناوەندێکی دیپلۆماسی بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان لە یەکتر و هەنگاونان بۆ دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراق.
ڕۆژی شەممە سەرۆك بارزانی پێشوازی لە فائق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کرد و لەدیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ئیستحقاقاتی لایەنەكان و هەنگاوەكانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.ئەو سەردانە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە تێڕوانینەکانی سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی زۆر کارایان دەبێت لە هەر جۆرە گۆڕانکارییەک کە لە داهاتووی سیاسیی عێراق دێتە کایەوە و هەر جۆرە نەخشەیەک کە بۆ داهاتووی عێراق دابڕێژرێت ئەوا ناکرێ ڕەچاوی تێڕوانینی سەرۆک بارزانی نەکرێت.
یەکدەنگی و هاوگوتاریی گەلی کورد لەو گۆڕانکارییانەی بڕیارە لە ساڵی نوێ بێنە کایەوە دەتوانێت مافەکانی کورد بۆ کاتێکی درێژخایەن گەرەنتی بکات و گەلی کورد بخاتە سەر ڕێچکەیەکی خێراتر لە گەشەسەندن.

