سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئامار و بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ کۆی گشتی ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە، گەیشتووەتە 46 ملیۆن و 118 هەزار و 793 کەسە، ئەو ژمارەیەی بۆ هەرێم دیاریکراوە 6.5 ملیۆن کەسە.
دوێنێ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئامار و بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ کۆی گشتی ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە، گەیشتووەتە 46 ملیۆن و 118 هەزار و 793 کەس. ڕوونیشیکردەوە، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 6 ملیۆن و 519 هەزار و 129 کەسە. بەڵام ژمارەی دانیشتووانی چەند ناحیەیەک کە لەژێر ئیدارەی حکوومەتی هەرێمدان لەو ئامارەدا هەژمار نەکراون.
سیروان محەمەد، ڕایگەیاند؛ هەرچەندە حکوومەتی فیدراڵ دەڵێت سەرژمێری سیاسی نییە، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە هەمیشە ئەم پرسە بە سیاسی کراوە”. ئاشکراشی کرد، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک، هێشتا بەغدا ئەو مەرجانەی جێبەجێ نەکردووە کە حکوومەتی هەرێم داوای کردبوون، لەوانە دامەزراندنی “سەنتەری داتا” لە هەرێم هاوشێوەی بەغدا و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
ئەوەشی خستەڕوو؛ پرسی جێبەجێکردنی مەرجەکانی تایبەت بە سەرژمێری بکرێتە بەشێک لە پاکێجی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، بۆ ئەوەی دڵنیایی هەبێت کە داتاکان بۆ مەرامی سیاسی بەکار ناهێنرێن.

