رۆژنامەی ھەولێر

کۆی پێویستیی عێراق بە کارەبا لە ئێستادا گەیشتووەتە پەنجا هەزار مێگاوات لە سەعاتێکدا

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

حکوومەتی عێراق لە دابینکردنی وزە وەک پێداویستییەکی سەرەکیی ماڵان و کەرتە جیاوازەکانی بواری پیشەسازی و بازرگانی و بەرهەمهێنان کۆڵەوارە و دوای دوو دەیە لە دامەزراندنی دەوڵەتی فیدراڵی هێشتا نەیتوانیوە ئەو پێداویستییە سەرەکییە دابین بکات.

بەپێی دواین ئامارەکان کۆی پێویستیی عێراق بە کارەبا لە ئێستادا گەیشتووەتە پەنجا هەزار مێگاوات لە سەعاتێکدا بەڵام ئەو وڵاتە توانیویەتی تەنیا بیست و هەشت هەزار مێگاوات لەو پێداویستییانە دابین بکات و ئەوەی دەمێنێتەوە لە ڕێی مۆلیدەکانی گەڕەک دابین دەکرێت یان خەڵک لەو چەند سەعاتەدا لە تاریکی و بێ کارەباییدا دەمێننەوە.
ئەوەی جێی تێڕامانە ئەوەیە هەموو ئەو بیست و هەشت هەزار مێگاوات کارەبایەش کە عێراق وەک بەرهەم خستوویەتە خزمەتی کەرتی خزمەتگوزاری و پیشەسازی، بە پشتبەستن بە تواناکانی خۆی بەرهەمی ناهێنێت بەڵکوو ئەگەر لە وێستگەکانی خۆی کارەباکە بەرهەم بهێنێت ئەوا لە سەرچاوە سووتەمەنییەکەی حەوجێی دەرەوەی وڵاتە و بەشێک لەو گازە سروشتییەی لە وڵاتانی دیکە بە تایبەتی ئێران هاوردە کردووە و بەشێک لە کارەباکەیشی ڕاستەوخۆ لە وڵاتان کڕیوە و ماوەیەکیشە جگە لە ئێران کارەبا لە تورکیا و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی کارەبا دەکڕێت. بە گشتی شەش لەسەدای کارەبای عێراق لە هەرێمی کوردستان و ئێران و ئوردن و تورکیاوە هاوردە دەکرێت.
بەپێی ئامارێک کە دوێنێ شەممە دامەزراوەی ئابوریی ئێکۆ خستیە ڕوو کۆی تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق لە سەرەتای ساڵەوە تا کۆتایی ئەیلوول گەیشتووەتە پێنج تریلیۆن و شەشسەد ملیۆن دینار. ئەمە خەرجیی سێ چارەگی ساڵێکە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و ئەگەر تا کۆتایی ساڵ بە هەمان ڕێژە خەرج بکرێت ئەوا خەرجیی دابینکردنی کارەبا بۆ حکوومەتی عێراق لەمساڵدا لە هەشت تریلیۆن دینار نزیک دەکەوێتەوە.
راستە نرخی کارەبا لە عێراق لە چاو زۆرێک لە وڵاتان هەرزانە و لە جیهاندا لە ڕیزبەندیی حەوتەم و لە وڵاتانی عەرەبی لە ڕیزبەندی دووەمدا دێت بەڵام کێشەکەی لەوەدایە ئەو خزمەتگوزارییە بە نیوەچڵی دابین دەکات و خەڵک چێژ لە هەرزانییەکەی وەرناگرێت ئەوەندەی بە دەستی پچڕانەکەی ئازار دەچێژێت.
گەندەڵی و تەخشان و پەخشانی پارە و سامانی گشتی و کۆنترۆڵ نەکردنی گازی کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و سووتان و بەفیڕۆدانی گازەکە کە بەهاکەی ساڵانە دەگاتە ملیاران دۆلار هۆکارە لە بەرزکردنەوەی گوشاری دارایی عێراق و ئەو وڵاتە نەیتوانیوە لە دابینکردنی وزە هەنگاوی باش بنێت.
دامەزراوەکە پێی وایە بەدەستهێنانی بڕی تەواوی بەرهەمی کارەبا پێویستی بە پاکێجێکی یەکگرتوو و ڕێوشوێن و بڕیار هەیە، لەوانە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ناتەندروست، چارەسەرکردنی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕەکە، نوێکردنەوەی ئامێرەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا بۆ بەکاربەران.
پێویستە بگوترێ بە پێچەوانەی عێراق هەرێمی کوردستان جگە لەوەی کە پێداویستییەکانی خۆی بە کارەبا دابین دەکات و لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بڕیاری داوە تەواوی کارەبای کوردستان بکاتە بیست و چوار سەعاتی لە هەمان کاتدا کارەبا بە عێراق دەفرۆشێت و بەشێک لەو کارەبایەش کە بەرهەمی دەهێنێت بە حکوومەتی فیدراڵی دەفرۆشرێت.
لەوە گرنگتر ئەوەیە هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە خۆبژێوە و سووتەمەنیی بەرهەمهێنانی کارەباکەی لە دەرەوە هاوردە ناکات بەڵکوو هەر لە ناوخۆ بەرهەمی دەهێنێت و پێداویستیی سەرجەم وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەهۆیەوە دابین دەکرێت و سەرچاوەکەش ئەو گازە سروشتییەیە کە لە کێڵگەی کۆرمۆر و چەند شوێنێکی تر بەرهەم دەهێنرێن.
هەرێمی کوردستان بە نیازە لە داهاتوودا یارمەتیی زیاتری حکوومەتی فیدراڵی بدات و گاز و کارەبای زیاتری پێ بفرۆشێت بەڵام بەداخەوە لە ماوەی ڕابردوودا گرووپە میلیشیاکان کە چاویان بەو پێشکەوتنە هەڵنایەت کێڵگەی کۆرمۆریان کردە ئامانج و ماوەیەک کوردستانیان تاریک کرد و بە خۆشییەوە دوای وەگەڕخرانی کێڵگەکە و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە.