سلێمان تاشان – ههولێر
عێراقی فیدراڵی لە ئاست گێڕانەوەی ئەو پارە زۆرەی لە ڕابردوودا دزراوە یان سپی کراوەتەوە و ئەو سەرمایەی بە لێشاو و بە قاچاغ بۆ دەرەوەی وڵات گواستراوەتەوە لاواز دەرکەوتووە و دەستەی دەستپاکیی وڵاتەکە تەنانەت نەیتوانیوە لەسەدا پێنجی سەرمایەکە بۆ سندووقی حکوومەت بگەڕێنێتەوە.
وەک ئاشکرایە قەبارەی دزی و گەندەڵی لەنێو دامەزراوەکانی عێراق گەیشتووەتە ئاستێک دەمێکە ملیۆنان دۆلاری دەرباز کردووە و قەبارەی گەندەڵییەکان ملیار دۆلارین بەڵام گێڕانەوەی پارەی دزاراو لە ملیۆنام دۆلار نەترازاوە.
دوێنێ دووشەممە دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی بەشێک لەو سامانە دزراوەی ئاشکرا کرد کە توانیویانە بە هەماهەنگی لایەنە پێوەندیدارەکانی ناوخۆ عێراق و دەرەوەی وڵات بیگەڕێننەوە خەزێنەی گشتی.
بەپێی ڕاپۆرتەکە توانراوە حەڤدە ملیۆن و چوارسەد و سی و هەشت هەزار دۆلار لە پارەی دزراو و گەندەڵی بۆ سندووقی حکوومەت بگەڕێننەوە. دستەکە ئاماژەی داوە ئەوەی کراوە لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و دەزگا چاودێرییەکان و هاوکاریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پێوەندیدارەکان بووە.
لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە فەرمانگەی گەڕاندنەوە کە بەشێکە لە دەستەی دەستپاکی، هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ تۆڕی ئۆپەراسیۆنی جیهانی بۆ دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردنی یاسا فراوانتر کردووە. ئەمەش بە ئامانجی پاڵپشتیی لە ئاڵوگۆڕی زانیارییەکانی پەیوەست بە گەندەڵی، سپیکردنەوەی پارە و کەسانی داواکراو لەلایەن دادگاوە، هەروەها بە مەبەستی خێراکردنی ڕێکارەکانی بەدواداچوونی نێودەوڵەتی و گەڕاندنەوەی پارەکان.
هاوکات باس لەوە کراوە کە لە پرسی گێڕانەوەی پارەی گەندەڵی پشت بە پلاتفۆرمی تایبەت بە نووسینگەی ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر بەستراوە و تۆڕێکی تایبەت بە دەستڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆ بە زانیارییەکانی پەیوەست بە دۆسیەکانی دژە گەندەڵی کراوەتەوە.
ئەو پارەیەی دەستەکە دەستی بەسەردا گرتووە لەچاو ئەوەی دیار نەماوە زۆر کەمە و ناگاتە سەدا پێنجی ئەو بڕە پارەیەی لە دواین دۆسیەدا دزرا و باسی ئەو دزییە هەر ناکەین کە ناوبانگیی دزیی سەدەی پێ بڕا.
ماوەی ڕابردوو ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ئاشکرای کرد تەواوی سامانی سندووقی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی عێراق دیار نەماوە کە قەبارەکەی دەگاتە سەرووی دوو تریلیۆن و پێنجسەد ملیار دینار بەڵام هەر زوو پرسە سیاسییەکان باڵیان بەسەر گەندەڵییەکەدا کێشا و تەنانەت وەک پێویست باسیشی لێوە نەکرا.
سندووقەکە لە ڕێی وەبەرهێنان و قازانجی ئەو کۆمپانییانەی پشکیان کڕیبوو داهاتەکانی دابین دەکرد و کۆی سامانەکەی دەگەیشتە دوو تریلیۆن و پێنجسەد ملیار دینار و وەزیرەکە دانی بەوە نا کە سامان و پارەی سندووقەکە خراوەتە خزمەتی وەزارەتی دارایی و بانکی ڕافیدەین و هەر بۆیەش ناچار بووە سکاڵایەک تۆمار بکات.
پێشتریش لە عێراق چەندین تریلیۆن دینار دیار نەما و هەرچەندە ژمارەیەک بەرپرس گیران و ژمارەیەکیش سزا دران بەڵام بەشی زۆری پارەکە فەوتا و کەس نازانێت چی بەسەر ئەو ملیاران دۆلارە هات.
بۆ نموونە هەر پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کردبوو لە ئەیلوولی ٢٠٢١ تا ئابی ٢٠٢٢ لە عێراق زیاتر لە سێ تریلیۆن و حەوتسەد ملیار دینار لە ڕێگەی دووسەد و چل و حەوت چەکی بانکی ڕاکێشرا و سەرجەمی چەکەکان بۆ بەرژەوەندیی پێنج کۆمپانیا گواسترانەوە. سەرجەم پارەکە بە کاش لەلایەن پێنج کۆمپانیاکە و دوای دانانی چەکەکان لە بانکی ڕافیدەین ڕاکێشرا کە دواتر گەندەڵییەکە ئاشکرا بوو و بۆ ماوەیەکی زۆر مشتومڕی لە نێو میدیاکان هێنایە کایەوە.
سەرەتای ساڵی ڕابردوو بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی گشتیی باج و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە سزا دران بەڵام دۆسیەکە بەردی لەسەر دانرا و کەس نەیزانی چی بەسەر ئەو سامانە زۆرەی عێراقییەکان هات کە دەکرا خزمەتگوزاریی کارەبا، ئاو و پێداویستییەکانی تری پێ دابین بکرێت.
ئەو گەندەڵییەی دەستەی دەستپاکی گێڕاویەتەوە شتێکی باشە بەڵام لەچاو ئەو قەبارە گەورەیەی گەندەڵیی کە سەرجەم دام و دەزگاکانی عێراقی تەنیوە بە مشتێکی خەروارێک هەژمار دەکرێت.

