سلێمان تاشان – ههولێر
سێ هەفتە بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێپەڕی و دیار نییە چەند هەفتە و چەند مانگی تر دەبێت تێپەڕێت بۆ ئەوەی وێنەکانی قەوارەی حکوومەتی نوێی عێراق بەدیار بکەوێت، حکوومەتێک کە جیاواز بێت لە ئەوانی پێشتر و چاوەڕوانیی عێراقییەکان و خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدی بهێنێت.
حکوومەتەکانی رابردووی عێراق بەو حکوومەتەی ئێستەوە کە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات حکوومەت گەلێک بوون کە سەربەخۆ نەبوون و هیچ کامیان نەیانتوانی لە چوارچێوەی دەستوور و ئەو ماف و بەرپرسیارێتییەی بۆیان دەستنیشان کراوە هەڵسوکەوت بکەن، گرووپە میلیشیاکان تەنگیان بە حکوومەت و دامەزراوە فەرمییەکانی وڵات هەڵچنیبوو و تا ئەم ساتەش کێشە و قەیرانی نوێیان بۆ عێراق هێناوەتە کایەوە بێ ئەوەی حکوومەت دەسەڵاتی بەسەریاندا بشکێت.
دواین کردەوە و دیاریی ئەو گرووپانە بۆ عێراق هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئابووریی کوردستان و بە ئامانجگرتنی گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی گاز بووە کە بۆ ماوەی چەند رۆژ زیانی زۆری ئابووری بە هەرێمی کوردستان گەیاند و ماڵەکانی تاریک کرد.
هەمووان هەستیان بەوە کردووە کە ئەو دۆخەی عێراق ناکرێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت چونکە نە هیچ قازانجێکی بۆ خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و نە هیچ سوودێکیش بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانەکانی دەگەیەنێت.
پرسەکە تەنیا گرووپی میلیشیایی و سەربازی نین بەڵکوو باند و گرووپی دارایی و بانکی و رێکخراوی جیاواز چالاکییان هەبووە کە ژمارەیەکیان ئاشکران و لە خێر و بێری عێراقیان بردووە و لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادان. ئەمەریکا بە هیچ شێوەیەک نایەوێت لە حکوومەتی داهاتوودا مامەڵەیان لەگەڵدا بکات و لە حکوومەتی نوێشی قبوڵ ناکات رێ بە مانەوەی ئەو گرووپانە بدات.
دکتۆر فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رای گەیاند رەوت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق پێویستە لە نێوان بەرژەوەندی نەتەوەیی و بەرژەوەندی حزبی یەکێک هەڵبژێن، ئەمەریکا پەیامێکی روونی بە عێراقییەکان داوە و چەند جارێک ئەوەی دووبارە کردووەتەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی ئەو گرووپانە بکرێت کە لە ژێر سزاکانی ئەمەریکادان.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە گفتوگۆ لەگەڵ کەناڵی شەرقیەی عێراقی ئاماژەی دا هەموو ئەو لایەن و رەوتە سیاسییانەی لە عێراق دەستیان بە دانوستان و گفتوگۆ بۆ دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراق کردووە دەبێت لە نێوان بەرژەوەندی گرووپی و حزبی و بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی یەکێک هەڵبژێرن و پێداگریشی لەوە کرد کە نابێت هیچ گرووپ و حزبێک کە لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادایە بەشداری لە دامەزراندنی حکوومەتی داهاتووی عێراقدا بکەن و پاساوەکەشی ئەوە بوو ئەمەریکا هاوکار نابێت.
فوئاد حسێن گلەیی لە حکوومەتی عێراق کرد لەوەی لە رابردوودا نەیتوانیوە پێش بەو گرووپانە بگرێت کە رۆڵیان هەبووە لە هێرش کردنە سەر ژێرخانی ئابووری و دامەزراوەکانی عێراق و ئەگەر لە رابردوودا لێپێچینەوەی لەگەڵیاندا کردبا و سزای دابان هەرگیز نەیاندەتوانی هێرش دووبارە بکەنەوە و جارێکی تر کۆرمۆر بکەنەوە ئامانج.
لە عێراق هەر چەندە ململانێ و ناکۆکییەکان زۆرن و بەسەر بازنە جیاوازەکاندا دابەش بوون بەڵام ویست و داخوازییەکان بەرەو ئەو ئاراستەیەن حکوومەتی داهاتوو جیاواز بێت لە ئەوانی پێشتر و بێبەری بێت لە گرووپی میلیشیای و مافیایی.

