رۆژنامەی ھەولێر

کەمئاوی هەڕەشەی لەناوبردنی یەک ملیۆن دۆنم لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق دەکات

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

قەیرانی ئاو و وشکەساڵی لە عێراق ساڵ بەساڵ گەورەتر دەبێت و حکوومەتی فیدراڵی نەک نەیتوانیوە هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم تەنگژەیە بنێت تەنانەت لە ئەولەویەتی پلان و پڕۆژەکانیشیدا نییە، لەکاتێکدا هەڕەشەی وشکبوون و بە بیابانبوونی سەرووی یەک ملیۆن دۆنم لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق دەکرێت. هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی عێراق بەو توانا سنووردارەی مشووری ئەو مەترسییەی خواردووە و لە ئیدارەکردنی ئاو زۆر لە پێشەوەی عێراقەوەیە.

سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی عێراق دوو ڕووباری گەورەیە کە بە دیجلە و فورات ناسراون و بە درێژایی سەدان و بگرە هەزاران ساڵی ڕابردوو ئەو دوو ڕووبارە سەرچاوەی ئاوەدانی و ژیان و بژێوی و شارستانیەتەکان بووە و خەڵکی دۆڵی ڕافیدەین و نێوان دوو ڕووبار لە بەریدا حەساونەتەوە.
ئەمڕۆ هەر ئەو دوو ڕووبارە خەریکە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی دانیشتووانەکەی چونکە ساڵ لەدوای ساڵ ئاوەکەیان زیاتر کەمی کردووە و بە تایبەتی دوای ئەوەی کۆمەڵێک بەنداو لە تورکیا دروست کران، پشکی ئاوی عێراق وەک خۆی بەرنەردراوەتەوە و لەپاڵ وشکەساڵی کاریگەریی زۆر خراپی بۆ سەر کەمبوونەوەی بەنداوەکان و ئاوی ڕووبارەکان هەبووە.
حکوومەتی عێراق چەندان جار لەگەڵ تورکیا کەوتووەتە دانوستان بۆ ئەوەی بەشە ئاوی بۆ بەربدرێتەوە و دواین سەردانیش لە مانگی ڕابردوودا بوو بەڵام وا دیارە هیچ دەرەنجامێکیان نەبووە.
ئەو قەیرانە نوێ نییە و لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان هەزار خێزان ناچار بوون گوند و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان جێبهێڵن و بەرەو شوێنی ئاوەدان کۆچ بکەن، ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ لەناوچوون و بەرهەمی باخەکان کەمی کردووە و ڕووبەری دارستانەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە ئەمە وێڕای کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە لە شارەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوێریی ئاو لە باشووری عێراق.
ناوەندی ”عێراقی سەوز” هۆشداری داوە لە کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو و بەپێی نوێترین ئامار کە خستوویەتەڕوو ئەو ئاوەی هەیە لەسەدا چواری کۆی قەبارەی ئەو ئاوەیە دەبوایە گل درابێتەوە. دامەزراوەکە هۆشداەی داوە لەداهاتوودا تەنانەت کێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ بەغدای پایتەختیش بێتە کایەوە.
لە ڕابردوودا لە بەسڕا و زیقار چەندین خۆپێشاندان هەر بۆ ئەو مەبەستە کراون بەڵام بەرپرسانی حکوومەت نەیانتوانیوە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن و لەبەرانبەر قەیرانەکە دەستەوەستاو بوون.
عێراق داوای لە تورکیا کردووە لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم مانگانە ملیارێک مەتر سێجا ئاوی زیاتر بەر بداتەوە بەڵام بەگوتەی بەرپرسێکی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق تورکیا ئەو داواکارییەی جێبەجێ نەکردووە و گوتوویەتی خۆشیان کێشەی کەمیی ئاویان هەیە.
سائیر جبووری ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمانی عێراق گوتوویەتی قەیرانەکە ئەوەندە گەورە بووەتەوە تازە بەتازە حکوومەت و پارتە سیاسییەکان باس لە مەترسییەکانی وشکەساڵی دەکەن. بەپێی ئامارێک کە ئەو پەرلەمانتارە خستیە ڕوو مەترسیی لەناوچوونی یەک ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵی لەئارادیە.
قەیرانەکە دوو ڕەهەندی هەیە یەکەمیان ئەوەیە ئەو ئاوانەی لە تورکیا و ئێرانەوە دەڕژێنە عێراق و هەرێمی کوردستان قەبارەکەیان بەهۆی وشکەساڵی و لە هەمان کاتدا سیاسەتی دەوڵەتان کەمی کردووە و هۆکاری دووەم پێوەندیی بە ئیدارەکردنی خراپی ئاو لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە هەیە و پێشبینی کراوە هاوینی داهاتوو قەیرانی ئاوی خواردنەوە بەربینگی ژمارەیەکی زۆر لە شارە گەورەکانی عێراق بگرێت.
پێویستە بگوترێ هەرێمی کوردستانیش لە کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و سیاسەتی وڵاتان کاریگەری وەرگرتووە چونکە ئەو ئاوەی ڕژاوەتە بەنداوەکانی کوردستان کەمی کردووە و بۆ نموونە باڵای ئاوی دوکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
ئەوەی هەرێمی کوردستان لە شوێنەکانی تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە حکوومەت ماوەی چەند ساڵێکە زیاتر لە جاران هەستی بە مەترسییەکان کردووە و بۆیەش قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵیوە و کۆمەڵێک پڕۆژەی بۆ بواری دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و گلدانەوەی ئاو جێبەجێ کردووە.
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە ٢٠١٩ەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەد پڕۆژەی ستراتیجی و گرنگی پێوەندیدار بە گلدانەوە و بەرهەمهێنانی ئاو لە هەرێمی کوردستانی جێبەجێ کردووە یان لە جێبەجێکردندان کە لەپاڵ پڕۆژەکانی پێشتری هەرێم ئاسایشی ئاوی کوردستان دابین دەکەن و تێچووی هەموو ئەو پڕۆژانە بە زیاتر لە تریلیۆنێک و پێنجسەد ملیار دینار دەخەمڵێنرێن.
هەر لەو ماوەیەدا نۆ بەنداو لە پارێزگا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بنیات نراون کە بە یەکەوە توانای گلدانەوەی دووسەد و پەنجا و دوو ملیۆن و هەشتسەد هەزار مەتر سێجا ئاویان هەیە و سەرجەم ئەو بەنداوانە بە گوژمەی دووسەد و شەست و پێنج ملیار و حەوتسەد ملیۆن دینار جێبەجێ کراون.
گەورەترینی ئەو بەنداوانە دوین و گۆمەسپانن کە یەکەمیان توانای گلدانەوەی سەد ملیۆن مەتر سێجا و دووەمیان توانای گلدانەوەی نەوەد وحەوت ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. ئەو بەنداوانەی تر کە بنیات نراون بریتین لە دێوانە و بەستۆڕە، خنس، ئاقوبان، تووڕەجار، شەوگێڕ و چەمرگە. جگە لەمە حکومەت توانیویەتی بیست و سێ پۆندی تر بنیات بنێت و لە هەمان کاتدا پەنجا و هەشت پۆندی نوێش لە جێبەجێکردندان و لە داهاتوودا تەواو دەکرێن. راستە ئەو بەنداوانە لەچاو دوکان و دەربەندیخان کە پڕۆژەی زۆر ستراتیجیی کۆنن زۆر بچووکن بەڵام دیسانیش لەوە باشترە دەست لەسەر دەست دابنرێت و هیچ نەکرێت.
جگە لە پۆند و بەنداو لانی کەم هەشت پڕۆژەی پێوەندیدار بە ئاوی خواردنەوە لە شەش ساڵی ڕابردوودا جێبەجێ کراون یان لە جێبەجێکردندان کە بەیەکەوە دەتوانن ڕۆژانە ملیۆنێک و سێسەد و سی و دوو هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە دابین بکەن.
گەورەترینی ئەو پڕۆژانە بریتییە لە پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی خێرای هەولێر کە توانای بەرهەمهێنانی چوارسەد و هەشتا هەزار مەتر سێجا ئاوی لە ڕۆژێکدا هەیە و پڕۆژەکە بە گوژمەی حەوتسەد و بیست ملیار دینار لە جێبەجێکردندایە و قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە هەر لە سەرەتای هاوین تەواو کرا و قۆناغی دووەمیشی خەریکە تەواو دەکرێت.
هەرێمی کوردستان بەپێی توانای سنوورداری خۆی ژێرخانی گلدانەوەی ئاوی تا ڕادەیەک تۆکمە کردووە و ئەگەر بارانێکی گونجاو لە وەرزی نوێ ببارێت ئەوا هەرێمی کوردستان بەو بەنداوە کۆن و نوێیانەی هەیەتی دەتوانێت کاریگەرییە خراپەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا لەسەر خۆی کەم بکاتەوە.