سلێمان تاشان – ههولێر
وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا پێنتاگۆن بڵاوی کردەوە بەرپرسیارێتییە سەربازییەکانی خۆی لە عێراق کەم دەکاتەوە و پێداگری کرد لە دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەسەر تیرۆریستانی داعشدا دەستەبەری کرد زۆربەی هێزەکانیان لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەکشێننەوە.
بەپێی دواین ئامار کە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی پێنتاگۆن خستوویەتە ڕوو ژمارەی سەربازەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە دوو هەزار و پێنجسەد کەسەوە بۆ خوارووی دوو هەزار سەرباز کەم دەکرێنەوە و زۆرینەی ئەو هێزانەش لە هەولێر جێگیر دەکرێن.
پێنتاگۆن بەڵێنی کەمکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە عێراقی بەپێی ڕێککەوتنی ساڵی ڕابردوو دووپات کردووەتەوە و بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ئاماژەی داوە کە حکوومەتی ئەمەریکا لە هاوئاهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی عێراق و ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی لە گواستنەوەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان بە تەواوی دڵنیا دەبێت.
وەزارەتەکە باسی لە هیچ کاتێکی دیاریکراو نەکردووە بەڵام بەرپرسێکی سەربازیی ئەمەریکی بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز گوتوویەتی پلانەکە ئەوەیە بەغدا بەرپرسیارێتییەکانی ڕووبەرووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش لە ناوخۆی عێراقی بەدەستەوە دەبێت و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش سەرنجیان لەسەر سووریا دەبێت و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش ئەمەریکا زۆربەی هێزەکانی بۆ هەولێر دەگوازێتەوە و هەر لەوێ جێگیریان دەکات.
بەپێی ئامارەکە ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق تا سەرەتای ئەمساڵی زاینی لە عێراق دوو هەزار و پێنجسەد کەس و لە سووریاش نۆسەد کەس بووە بەڵام دوای پڕۆسەی گواستنەوە و جێگۆڕکێی هێزەکانیان کۆی ژمارەی سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق بۆ دوو هەزار کەس کەم بووەتەوە و زۆربەی ئەو ژمارەیەش لە هەولێر جێگیر کراون و لە هەرێمی کوردستان درێژە بە ئەرکەکانیان دەدەن.
سەرچاوەکە بە هیچ شێوەیەک ئاماژەی بەوە نەکرد کە چ ژمارەیەک لە هێزەکانیان لە بەغدا دەمێننەوە و هیچ خشتەیەکی زەمەنیشی بۆ کشانەوەی کۆتایی هێزەکان لە بەغدا ڕانەگەیاند.
ئەم گۆرانکارییانە لەکاتێکدان کە لە کۆتایی مانگی ئابی ڕابردوو یەکەم کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە بەغدا دەستی پێ کرد و جووڵەی کاروانی سەربازیی هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدەوە بڵاو کرایەوە. ئەو کات چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویان کردەوە کە بەشێک لەو کاروانە سەربازییە چاودێریی گواستنەوەی هەندێک چەک و پێداویستیی قورس دەکەن و ئەو هەنگاوە بە واتای کشانەوەی یەکجارەکی هێزەکانی ئەمەریکا لە بەغدا نییە.
ئەمەریکا لەگەڵ عێراق ڕێککەوتووە کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی لە عێراق بهێنرێت و لە چوارچێوەی ڕێکارێکی نوێی دابینکردنی ئاسایش درێژە بە پێوەندییەکانی لەگەڵ عێراقی فیدراڵیدا بدات.
ماوەی ڕابردوو دامەزراوەی میدیایی جیۆپۆلیتیکڵ مۆنیتەر نووسیبووی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق جێگیركردنیان لە هەولێر و ڕۆژئاوای کوردستان، گۆڕانكارییەكی بەرچاوە لە هەڵوێستی سەربازیی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. سەرچاوەکە پێی وایە ئامانجی سەرەكیی واشنتن پاراستنی هەژموونیەتی بەسەر عێراق و ناوچەکە نەک کەمکردنەوەی و دەیەوێت بەگشتی مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان لەسەر هێزەکانی کەم بکاتەوە و کۆمەڵێک بیانوو و پاساوی دژبەرانی لەناو ببات.
عێراق بەرەو هەڵبژاردنێکی نوێی پەرلەمانی هەنگاو دەنێت و بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی رێبەرانی شیعە ئەو مەترسییە لەئارادایە دۆخی ئەمنیی جارێکی تر تووشی ئاڵۆزی ببێتەوە و بۆیەش ئەمەریکا زۆر بە پارێزەوە هەنگاو دەنێت. جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەولێر و گرنگیی هەرێمی كوردستان لەوەدایە کە ژینگەیەكی سیاسیی تەناهیی دابین كردووە كە تێیدا هێزەكانی ئەمەریكا وەك هاوپەیمانی نزیك سەیر دەكرێن نەك داگیركەر، ئەمەیش ڕێگە بە هێزەكانی ئەمەریكا دەدات بەشێوەیەكی بەردەوامتر كار بكەن. ئەمە پێچەوانەی ئەو دیدەیە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بەرانبەر ئەمەریکییەکان هەیە و جگە لەمە پێشمەرگە بە هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی ئەمەریکایە لە ناوچەکە هەژمار دەکرێت.

