رۆژنامەی ھەولێر

هێزەکانی ئەمەریکا تا کاتێکی نادیار لە عێراق دەمێننەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

راستە بەگوێرەی هەندێک پەیمان و ڕێککەوتنی ئەمنی، ئەیلوولی ساڵی داهاتوو بۆ کشانەوەی کۆتایی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستنیشان کراوە بەڵام بەرپرسێکی ئەمەریکیی ناو هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش ڕاشکاوانە گوتوویەتی هیچ کاتێک بۆ کشانەوەیان نییە و مانەوەی هێزەکانیان لە هەندێک شوێنی عێراق و سووریا زۆر درێژە دەکێشێت و تا کاتێکی نادیار دەمێننەوە.

بەرپرسە ئەمەریکییەکە ڕوونی کردووەتەوە ئەوەی ئێستا لە عێراق ڕوو دەدات و ئەو جموجۆلە سەربازییەی دەبینرێت ڕێکخستنی هێزەکانیان لەسەر بنەمای پێداویستییە ئەمنییەکانە. ئەو پێداگری کردووە کە پەیمان و بەڵێنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە پێناو پارێزگاریکردن لە ئاسایشی عێراق و ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی چەکدارانی داعش لە هەندێک بەشی عێراق و سووریا پرسێک نییە قابلی گفتوگۆ بێت.
بەرپرسەکە ئاماژەی بە ناوی هیچ بەشێکی عێراق و سووریا نەکردووە بەڵام بە ڕوونی دیارە ئەو بەشەی چاوەڕوان دەکرێت هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی درێژخایەن لێی بمێننەوە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانە. هێزە کوردییەکان متمانەپێکراوترین هێز بوون کە لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی تیرۆر بوونەتەوە و لە داهاتووشدا لەو ئەرکەیان بەردەوام دەبن.
یەکێک لەو خاڵانەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا باس دەکرێت ئەو ڕێککەوتنەیە کە لە سەردەمی حکوومەتی جۆ بایدن لەگەڵ ئەمەریکادا واژۆ کراوە بەڵام بەرپرسەکە دەڵێت ئەوەی ئەو کات کراوە لەسەر بنەمای ئەو قۆناغە زەمەنییە تایبەتییە بووە و لەسەر بنەمای لاوازبونی داعش و ڕۆشنایی کەمبوونەوەی مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بووە. ئەو کات ڕێککەوتنەکە بەم شێوەیە بووە کە تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکشێنەوە و تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٦ هێزەکانی تری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش عێراق جێبهێڵن.
بەرپرسەکە بێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکرێت ڕاشکاوانە گوتوویەتی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق درێژخایەنە و تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتنەکانی کشانەوەیش بە تەواوی جێبەجێ بکرێن هێزەکانی ئەمەریکا هەر لە عێراق دەمێننەوە.
مانگی ڕابردووش ژماریەک میدیای عێراقی و عەرەبی باسیان لەوە کرد کە هێزەکانی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەیلوولەوە دەست بە کشانەوە لە عێراق دەکەن، بەڵام ئەوکات باڵوێزخانەی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە و گوتی کشانەوەیان بەگوێرەی ڕێککەوتنیانە لەگەڵ عێراق.
لە ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق بۆ ساڵێک و لە سووریا بۆ دوو ساڵ درێژ کرابووەوە و لە دوای ئەو قۆناغەش ئەو هێزانە ڕۆڵی ڕاوێژکارییان دەبێت و بەپێی ڕێککەوتنیان لەگەڵ عێراق مانەوەیان پەیوەستە بە دۆخی ناوچەکە و گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا و ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
ماوەی ڕابردوو دامەزراوەی میدیایی جیۆپۆلیتیکڵ مۆنیتەر نووسیبووی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە بنكەكانی عەین ئەسەد و ڤیكتۆریا لە عێراق و جێگیركردنیان لە هەولێر و ڕۆژئاوای کوردستان، گۆڕانكارییەكی بەرچاوە لە هەڵوێستی سەربازیی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هاوکات نووسیبووی ئامانجی سەرەكیی واشنتن پاراستنی هەژموونیەتی بەسەر عێراق و ناوچەکە نەک کەمکردنەوەی و دەیەوێت بەگشتی مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان لەسەر هێزەکانی کەم بکاتەوە و کۆمەڵێک بیانوو و پاساوی دژبەرانی لەناو ببات.

لە ڕووی یاساییەوە جووڵەپێکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بەرەو کوردستان بەو واتایە نییە کە لە عێراق بکشێنەوە چونکە هەرێمیش بەشێکە لە عێراق و بەرپرسەکەیش هەر لەو سۆنگەیەوە باس لە مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق دەکات. گرنگیی هەرێمی كوردستان لەوەدایە کە ژینگەیەكی سیاسیی تەناهیی دابین كردووە كە تێیدا هێزەكانی ئەمەریكا وەك هاوپەیمانی نزیك سەیر دەكرێن نەك داگیركەر، ئەمەیش ڕێگە بە هێزەكانی ئەمەریكا دەدات بەشێوەیەكی بەردەوامتر كار بكەن. ئەمە پێچەوانەی ئەو دیدەیە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بەرانبەر ئەمەریکییەکان هەیە. بەدەر لەمە پێشمەرگە هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی ئەمەریکایە لە ناوچەکە.
جێی باسە پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوە دەبات و دیار نییە لەم هەڵبژاردنەدا کام لایەنی سیاسی دەتوانێت جڵەوی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت و لە لایەنەکانی تری دەباتەوە و بە وردی دیار نییە دۆخی ئەمنیی عێراق بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات لە کاتێکدا پاشماوەکانی داعش لە دەرفەتێک دەگەڕێن بتوانن دووبارە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و عێراق دروست بکەن.