رۆژنامەی ھەولێر

بڕیارێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێبەش دەکات

ڕائیب جادر – هەولێر

 

بڕیارێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێبەش دەکات، ئەویش ئەوەیە دەبێت ئاوارەکان ھەر لەناو کەمپەکان بمێنەوە و نابێت بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، خەڵکی شنگالیش لەناو کەمپەکانی سنووری دھۆک خۆپیشاندان دەکەن و ناڕەزایی دەردەبڕن و ئەو بڕیارە بە جیاکردنەوەی ئەوان لە ناوچەکانیان دەزانن. وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت، ناچارکردنی ئاوارەکان بە تێکەڵبوونی زۆرەملێ لە ناوچەکانی دەرەوەی زێدی خۆیان، دۆخی دیموگرافیای نوێ دروست دەکات.

ئاوارەکانی کەمپەکانی سنووری پارێزگای دھۆک بەیاننامەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران شەرمەزار دەکەن، کە تێدا ھاتووە ئاوارەکانی کەمپەکانی پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەناو کەمپەکان بمێنەوە و پێویست ناکات بگەڕێنەوە شنگال و دەوروبەری، ئەو بڕیارە بە سیاسی دەبینن و پێیانوایە ڕێگری کردنە لە گەڕانەوەی ئەوان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت، لەبڕی پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریکردن لە زەمینەخۆشکردن بۆ دۆخێکی سەقامگیر، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و لیژنەی باڵای ئیغاسە کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێبەش بکەن و بێ دیراسە و ڕاوێژکردن لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، ناچارکردنی ئاوارەکان بە تێکەڵبوونی زۆرەملێ لە ناوچەکانی دەرەوەی زێدی خۆیان، دۆخی دیموگرافیای نوێ دروست دەکات کە دژی دەقەکانی دەستوور دەبێت و جۆرێکە لە جۆرەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەیەکی نایاسایی، ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێچەوانەی دەقەکانی دەستووری عێراقە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێچەوانەی بنەماکانی ڕەفتاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی کۆچی ناوخۆیی دەبێت و ھەروەھا دژ دەبێت بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕێککەوتننامەکانی ژنێڤ کە پشتگیری لە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بەشێوەی خۆبەخشانە و سەلامەت و کەرامەتمەندانە دەکەن، نەک بە بڕیارە ئیدارییەکان یان بە خشتەی کاتی سەخت و ناواقیعی.
وەزارەتی ناوخۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، داوا دەکات بەپەلە ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بکرێت: یەکەم: حکوومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارانەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران ڕابگرێت و جێبەجێ نەکرێت. دووەم: نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کار بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارانە. سێیەم: داوا دەکەین پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شنگال و دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەخت لە چارەسەری یاسایی کێشەکان کە بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەربەرزانەی ئاوارەکان و بەویست و ئازادی خۆیان و دڵنیابوون لە ئێستا و ئایندەیان لەڕووی ئاسایش و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و پاراستنی موڵک و ماڵیان دەکات. ئاماژەی بەوەشدا چارەسەری ئەو دۆخە بە خۆدزینەوە لەڕێگا چارەی دروست و مامەڵەکردن لەگەڵ ھۆکارەکان ناکرێت و ئەوەی لە کۆبوونەوەکە بڕیاری لێ دراوە، خۆدزینەوەیە لە واقیع و بەرپرسیارێتی بنەڕەتی چارەسەرکردنی کێشەکان.
دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، شنگال کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی حەشدی شەعبی، ڕۆژانە خەڵک لەو شارە ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە و حەشدی شەعبییش ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییانی ھێناوەتە شنگال، ئەو گرووپانە ڕێگرن لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال و ھۆکاری سەرەکی تێکچوونی دۆخی ئەمنی سنوورەکەن، چەندین جار ئیدارەی ناوچەکە داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە ڕێگە نەدات بە بوونی گرووپی چەکداری نادەستووری و ناشەرعی، کەچی حکوومەتی عێراق جگە لە بەڵێن، ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی لەم بوارە نەناوە.
بەرپرسانی شنگال ھەموو ئەو زیادەڕۆیانەی کە لە شنگال دەکرێن بە بەرپرسانی بەغدایان گەیاندووە، بەڵام حکوومەتی عێراق بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی شنگال ھەڵنەستاوە و قەرەبووی ئەو خەڵکەی نەکردووەتەوە کە بەھۆی ھەرەسھێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە.
خەڵکی شنگال ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تەنیا خزمەتی خەڵکی عێراق دەکات و کوردانی ئێزدی لە ھاوکارییەکانی ئەوان بێبەش بوونە. حەسەن خدر، ئاوارەیەکی شنگالە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بە تەما بووین بگەڕێینەوە ناوچەکانی خۆمان، بەڵام وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە بڕیاریکی سیاسی کە زیاتر لە ١١ ساڵە لەژێر خێمەکان دەژین و ھیچ بڕیارێکی لە بەرژەوەندی ئاوارەکان نەداوە، گەڕانەوەمان لێ قەدەغە دەکات و لێ ناگەڕێت بگەڕێینەوە.
سەعید قاسم، ئاوارەیەکی دیکەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ئەوە ١١ ساڵە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سەردانی شنگال و ئاوارەکانی نەکردووە، لە جیاتی ئەوەی بێت ھاوکاری ئاوارەکان بکات و ناوچەکانی ئێمە ئاوەدان بکاتەوە، دێت لەدژی ئێمە بڕیار دەردەکات، تاکە ھیوای ئێمە لە عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئەوەیە چ بۆ ئاوارەکانی عێراق کراوە، بۆ ئێمەش ھەر ئەوە بکات، لەگەڵ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال، چونکە تا ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکرێت ڕۆژبەڕۆژ ژیان و گوزەرانی ئێمە خراپتر دەبێت و ئەو کەسانەشی کە گەڕاونەتەوە شنگال دووبارە ئاوارە دەبنەوە.
وەیسی خدر، ئاوارەیەکی دیکەیە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ھەتا ئێستا حکوومەتی عێراق جگە لە بڕیارەکانی دژی خەڵکی شنگال یەک شت ھاوکاری ئێمەی نەکردووە، ئەوەی لە ئێمە بووەتە خاوەن و بۆ ئێمە کراوە ھەموو لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، بۆیە تا ماوین چاکەی حکوومەتی ھەرێم لەبیر ناکەین، داواش دەکەین حکوومەتی عێراق بەتایبەتی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لەو بڕیارەی داوە پاشگەزبێتەوە و ئێمە وەکو خەڵکی شنگال و دەوروبەری قەرەبوو بکاتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە خەڵکی شنگال ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە و بەشێکی زۆر لەو ئاوارانە لە کەمپەکان دەژین، ھیوا و ئاواتی ئەوان گەڕانەوەیانە بۆ ناوچەکانیان، بەڵام عێراق دژی ئەوان بڕیارێکی دەرکردووە، لە ھەمان کاتیشدا ھاوکاری ئەوان ناکات، تەنیا حکوومەتی ھەرێم دەستی ھاوکاری درێژ کردووە. پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لەنێو کەمپەکانی سنووری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ٢٠٨٠٣ خێزان دەژین کە نزیکەی ١١٠٠٠٠ کەس دەبن، لە دەرەوەی کەمپەکانیش ٣٥٠٠٠ خێزان دەژین، کە ١٧٠٠٠٠ کەس دەبن، تێکڕای ئەوانەی لەناو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان دەژین ٢٨٠٠٠٠ کەس دەبن، ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە و نابێت وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات و دەبێت خەڵکی ئێمە بە ئازادانە بڕیاری خۆیان بدەن، لە ھەمان کاتدا ئەو خەڵکە قەرەبوو بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و خانووەکانی خۆیان دووبارە نۆژەن بکەنەوە و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن، ھەروەھا دەستی ئاوەدانی بگاتە ناوچەکانی ئەوان، ئەوەش وا دەکات ھەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە پەیدا ببێت.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دھۆک، دەشڵێ: بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دیموگرافیای ناوچەکە بە تەواوەتی دەگۆڕێت، لە ھەمان کاتدا ئەو بڕیارە تەواوکردنی پڕۆژەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشە دژی خەڵکی شنگال، چونکە وەزارەتی کۆچبەرانی عێراق بە تاکلایەنانە ئەو بڕیارەی داوە بێ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ئاوارەکان و حکوومەتی ھەرێم بکات، بۆیە وەکو خەڵکی ئێزدی دژی ئەو بڕیارە دەوەستینەوە، ھەروەھا وەکو حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ ئەو بڕیارە نینە و ڕازییش نابین، ھەوڵەکانی ئێمەش بەردەوام دەبن، لە کەمپەکان بەردەوام خۆپیشاندان دەکرێت و ئەو بڕیارە ڕەت دەکەنەوە، بۆیە بە ھەموو شێوەیەک دژی ئەو بڕیارە دەوەستینەوە و ڕەت دەکەینەوە.