سەرچاوەیەکی باڵای سەربازیی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند: ماوەی 5 ڕۆژە بەشێکی زۆری هێزەکانی ئەمەریکا لە هەردوو سەربازگەی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا کشاونەتەوە و بریارە سبەینێ تەواوی هێز و کارمەندەکانی ئەمەریکا لە سێ شوێنی بەغدا ( ناوچەی سەوز و فرۆکەخانەی ڤیکتۆریا و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان) بە تەواوی بکشێنەوە و شوێنەکانیان ڕادەستی هێزە عراقییەکان بکەن.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ ئێستا تەنیا چەند ئامێر و کەرەستەیەکی سەربازی و پێداویستی هێزەکانی ئەمەریکا لە بەغدا ماون بڕیارە ئەمشەو تاوەکو سبەینێ تەواوی سەرباز و کارمەند و کەرەستەکانیان بگوازنەوە.
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد؛ ئێستا لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە بەغدا تەنیا 20% هێزەکانی ئەمەریکای لێماوە و ئەوانەی دیکە سەربازی فەرەنسی و ڕۆمانین.
لە بارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، ئەو سەرچاوەیەی حکوومەتی عیراق ئاماژەی بەوە کرد، بەشێکیان دەگوازرێنەوە بۆ هەولێر و بەشێکی دیکەشیان لە پارێزگای ئەنبار و لە سنووری سووریاوە دەبرێنە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوی کوردستان.

