سلێمان تاشان – ههولێر
نوێترین ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق زانیاریی مەترسیداریان تێدایە و دەری دەخەن کە ئاماری جیابوونەوە و لەبەریەک هەڵوەشانی خێزانەکان زۆر بە خێرایی لە پەرەسەندندایە و لە هەموو سەعاتێکدا دە حاڵەتی جیابوونەوە یان تەڵاق تۆمار دەکرێت.
بەپێی ئامارەکە هەموو ڕۆژێک لە عێراق دووسەد و سی و سێ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار دەکرێت و ئەگەر بەسەر بیست و چوار سەعاتەکەدا دابەش بکرێت ئەوا بە تێکڕا دەکات نزیکەی دە حاڵەت لە هەر سەعاتێکدا. بەپێی ئامارەکە لە ماوەی مانگێکدا شەش هەزار و نۆسەد و دە خێزان هەڵوەشاونەتەوە لە کاتێکدا لە مانگی حوزەیراندا ئامارەکە پێنج هەزار و بیست و دوو حاڵەت بوون کە دەیسەلمێنن نزیکەی دوو هەزار حاڵەت زیادی کردووە.
زۆرترین حاڵەتی جیابوونەوە لە بەغدای پایتەخت بووە و لە دوای بەغدا، پارێزگای نەینەوا لە ڕیزبەندیی دووەم پارێزگای عێراق دێت و پارێزگای موسەننا لە باشووری عێراق کەمترین حاڵەتی جیابوونەوەی تێدا تۆمار کراوە.
پارێزەرانی عێراق پێیان وایە ئەو ئامارانەی کە لە لایەن دادگا و دامەزراوە دادوەرییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە زۆر کەمترن لە ژمارەی ڕاستەقینەی حاڵەتەکانی تەڵاق و جیابوونەوە لەو وڵاتە چونکە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە دەرەوەی دادگاکان هاوسەرگیری دەکەن و هەر لە دەرەوەی دادگاکانیش جیا دەبنەوە و ئەو ئامارانەش لە هیچ شوێنێک تۆمار ناکرێن.
ئەوان ڕوودانی دە حاڵەتی جیابوونەوە لە هەر سەعاتێکدا بە ئامارێکی زۆر مەترسیدار بۆ سەر دۆخی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەی عێراق دەزانن و بۆیەش بە پێویستی دەزانن کە لە ئاستی زۆر باڵادا لە هۆکارەکانی ئەو جیابوونەوە زۆرە بکۆڵدرێتەوە و هۆکارەکان دەستنیشان بکرێن و هەوڵی لەناوبردنیان بدرێت.
سوعاد ساعیدی توێژەر و لێکۆڵەری پرسە کۆمەڵایەتییەکان لە دادگای ڕەسافەی بەغدا هاوسەرگیریی پێشوەختە بە گرنگترین و سەرەکیترین هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاماری جیابوونەوە دەزانێت و پێی وایە کاتێک تاکەکان کامڵ نەبوون و چوونە ژیانی هاوسەرییەوە ئەوا خێرا لە یەکتر دەڕەنجێن و جیا دەبنەوە و سوودوەرگرتنی خراپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکارە لەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ بەیەکەوە هەڵنەکەن و بڕیاری جیابوونەوە بدەن.
جگە لەمە زۆر جار منداڵ دەکەوێتە نێوانیان کە بە سەرەکیترین قوربانیی جیابوونەوە دادەنرێت و هەندێک جار کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی بەدواوە دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی سێ ساڵ لەمەوبەری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان زیاتر لە چارەگی هەموو ژنانی عێراق لە تەمەنی خوار هەژدە ساڵی ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە کە ئامارێکی زۆر بەرز و ترسناکە. بەگوتەی مەها عەبدولکەریم بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەرەپێدانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماری ژنانی خێزانداری خوار تەمەن پازدە ساڵی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ سەرووی حەوت لەسەدی کۆی ئاماری خێزانەکانی پێکدەهێنا کەچی لە ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەکە گەیشتە نزیکەی دە لەسەدا و چاوەڕوان دەکرێ ڕێژەکە لە ٢٠٢٥ زیاتر بەرز ببێتەوە.
لەپاڵ لایەنی کلتوری، دۆخی نالەباری ژیان و باری ئابووریی عێراق و کەمیی خزمەتگوزاری و بەرزیی ڕێژەی بێکاری و هەژاری هۆکارگەلێکی ترن کە وایان کردووە لە عێراق ئاماری جیابوونەوە و لەبەریەک هەڵوەشانی خێزانەکان پەرە بستێنێت.
جێی باسە لە عێراق لە ڕووی کلتور و ڕۆشنبیریی خێزانییەوە نەک پەرە بە هۆشیاری نەدراوە بگرە بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە و بۆیەش پێویستە یاساکان بە تایبەت یاسای باری کەسیی عێراق لە لایەن حکومەت و دامەزراوەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی هەموار بکرێنەوە، كە بەداخەوە ڕێگە بە هاوسەرگیریی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی دەدات.

