سلێمان تاشان – ههولێر
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەم دواییانەدا لە فەرمانێکی کەم وێنەدا فەرماندەکانی دوو گرووپی سەربازیی سەر بە کەتیبەکانی حزبوڵای لە پۆستەکانیان دوورخستەوە. کەتیبەکانی حزبوڵا بەشێکن لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی.
قۆناغێکی نوێ لە ململانێی نێوان سەرۆک وەزیران و گرووپە میلیشیا لەیاسادەرچووەکان دەستی پێ کردووە و دیار نییە چارەنووسی سوودانی هەمان چارەنووسی مستەفا کازمی دەبێت یان بە پێچەوانە سەرۆک وەزیران ئاڵنگاری دەکات.
نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە کەتیبەکانی حزبوڵا بە بێ هیچ هەماهەنگییەک جووڵەیان پێ کراوە و تەقەیان لە هێزەکانی پۆلیس کردووە و بوونەتە هۆی کوژران و نریندارکردنی کەسانێک لە ڕووداوێکی ئەم دواییانەی بەغدای پایتەخت.
ئەو بڕیارانە بە سەرەتای قۆناغێکی نوێی ناکۆکیی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و کەتیبەکانی حزبوڵا دادەنرێن. لە عێراق زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و سەربازی، کەتیبەکانی حزبوڵا بە بەهێزترین گرووپی میلیشیایی ناو هێزەکانی حەشدی شەعبیی عێراق هەژمار دەکەن و پێیان وایە لە جەنگی دژی داعش زیاتر لە گرووپەکانی تر رۆڵیان گێڕاوە.
قۆناغی نوێی ناکۆکییەکان
لە ٢٧ی تەمووزی رابردوو شەڕێکی خوێناوی لە نێوان ئەندامانی حزبوڵا و هێزەکانی پۆلیس لە بەغدا هاتە کایەوە و بووە هۆی کوژرانی دوو کەس کە یەکێکیان ئەفسەری پۆلیس بوو و 12ی تر بریبندار بوون، ئەو کات سوودانی فەرمانی دەرکرد لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەم ڕووداوە بکرێت.
هەر ئەو ڕۆژە ڕاگەیاندنی هەواڵگریی سوپای عێراق بڵاوی کردەوە چواردە گومانلێکراوی سەر بە کەتیبەکانی حزبوڵایان گرتووە و ڕادەستی دادگایان کردووە. کەمێک دواتر حەشدی شەعبی رایگەیاند ”بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دەرچوون لە فەرمانەکان و پێشێلکردنی یاسا و رێساکانی پێوەندیدار بە ئاسایش نین.”
لە لایەکی ترەوە حزبوڵایش هەڵوێستی وەرگرت و رەتی کردەوە بە هیچ شێوەیەک دەستی لەم رووداوانەدا هەبێت. حزبوڵا ٢٨ی تەمووز لە بەیاننامەیەکدا نووسیبووی ”ئێمە هیچ رۆڵێکمان لەو رووبەڕووبوونەوەیەی بەغدا نەبوو و هۆشداریش دەدەین کە ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە لە قازانجی دوژمنانی عێراقدا دەبێت و سەرچاوەکەی پلانێکی پیسە کە ئامانج لێی نانەوەی دووبەرەکیی نێوان هێزە نیشتمانییەکان و هاندانی دامەزراوە حکوومییەکانە بۆ ئەوەی بەرانبەر یەکتر بجەنگن.”
کەتیبەکانی حزبوڵا هەر لە بەیاننامەکەیدا هێزە بیانییەکان و لەسەرووی هەمووان باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدای بە هۆکاری ئەو ناکۆکییانە هەژمار کردبوو و بە باڵوێزخانەی فیتنە ناوی بردبوو.
حزبوڵا لە دژی سوودانی هەنگاو دەنێت
لە ١٠ی ئەم مانگەدا کەتیبەکانی حزبوڵا وەک هەڵوێستێک بەرانبەر فەرمانەکانی محەمەد شیاع سوودانی، دەرەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکانی حکوومەتیان بە بەلاڕێدابردنی راستییەکان و کەڵکوەرگرتنی خراپ لە دەسەڵات هەژمار کردبوو و نووسیبووی ئامانجەکە لێدانە لە کەتیبەکانی حزبوڵا و فەرماندەکانی حەشدی شەعبی و ئەمەش تەنیا بە دڵی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیەتی لە ناوچەکەدا. گرووپەکە داوای لە دەزگای دادی عێراق کرد دەستوەردان بکات و بەر لە هەر جۆرە دەستکارییەک، راستیی و بەڵگەنامەی فەرمیی دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا بکات.
وا پێ دەچێت ئەم گرووپە میلیشیایە دوای ئەوەی لە ئازادکردنی چەکدارەکانی نائومێد بووە دەستی بە کەمپێنێک لە دژی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردبێت.
پێشتریش لە چواری ئاب حزبوڵا بە محەمەد شیاع سوودانی گوتبوو بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتووە بەڵام هەرگیز ڕێبەرێکی سەرکەوتوو نەبووە و لە داهاتووشدا نابێتە ڕێبەرێکی سەرکەوتوو. گرووپەکە بەوە نەوەستاوە و داوای لە ڕێبەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووە پێشی بڕیارە ناهاوسەنگەکانی سەرۆک وەزیران بگرن.
کەتیبەکانی حزبوڵا لە ١١ی ئەم مانگەشدا داوای دەرکردنی هەندێک بڕیاری پێویستیان کردووە بۆ پاراستنی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق تا کۆتاییهاتنی خولی دەسەڵاتی سوودانی.
پرسی سەربازانی ئەمەریکا
ئەوەی لە بەغدا رووی دا تاکە خاڵی ناکۆکیی نێوان سەرۆک وەزیران و ئەو گرووپە میلیشیایە نییە بەڵکوو پرسی دەرکردنی هێزە بیانییەکان خاڵێکی تری ناکۆکییە.
ئەبوعەلی عەسکەری، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی حزبوڵا لە ٢٣ی مانگی تەمووز هۆشداری دابوو ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق نەکشێنەوە ئەوا هەڵوێستی تریان دەبێت، هاوکات گوتبووی پێویستە سوودانی پابەندی پەیمانەکان بێت و هێزەکانی ئەمەریکا دەربکات.
لە ئەیلوولی ساڵی رابردوو ئەمەریکا و عێراق لەبارەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ڕێککەوتبوون و بەپێی ڕێککەوتنەکە لە قۆناغی یەکەمدا تا ئەیلوولی ٢٠٢٥ دەبێت بەشێک لەو هێزانە لە عێراق بکشێنەوە و ئەو هێزانەیش کە ماون لە ٢٠٢٦ بکشێنەوە.
ئەگەری دەستپێکردنەوەی خۆپێشاندانەکان
لێکۆڵەرانی سیاسی بۆ ”بی بی سی” پێشبینییان کردووە لە داهاتوویەکی نزیکدا ژمارەیەک گرووپ لە دژی سوودانی بڕژێنە شەقامەکان و دەست بە خۆپێشاندان و ناڕەزایی بکەنەوە، هاوشێوەی ئەو هەنگاوەی لە ساڵی ٢٠٢٢ لە دژی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق نایان کاتێک ویستبووی گرووپە میلیشیاکان چەک بکات.
ئەو کات حزبوڵا هەڕەشەی گرتنی مستەفا کازمی کرد، هاوکات بزووتنەوەی نوجەبا سەرۆک وەزیرانی بە ناپاک و هاوکاری دوژمن ناوبرد و تەنانەت ماڵی کازمییان لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە تەواوی گەمارۆ دا و هەوڵیان دا بە هاوەن و درۆن تیرۆری بکەن.
ئەندامێکی باڵای هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی هۆشداریی داوە کە هێزە بیانییەکان دەخوازن حکوومەت لە دژی گرووپە میلیشیاکان هان بدەن و تەنانەت ناکۆکییەکان بگەیەننە قۆناغی رووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە.
بەرپرسەکە پێداگری لەوە کردووە کە لە ئەگەری شەڕی نێوان حکوومەت و گرووپە میلیشیاکان، وڵات بەرەو پاشاگەردانی و پشێوی دەڕوات و بەدوور نییە حکوومەتی فریاکەوتن دامەزرێنن، هەڕەشەیەکی زۆر روون و ئاشکرا کە دەیسەلمێنێت رێبەرانی سیاسی و میلیشیاکانی شیعە لەوانەیە سوودانی لە دەسەڵات دوور بخەنەوە.
درزی ناو ماڵی شیعە و هاتنە مەیدانی سەدر
ژمارەیەکی تری چاودێرانی سیاسی پێشبینییان کردووە بەهۆی ئەو رووداوانە درز بکەوێتە نێو ماڵی شیعە، چوارچێوەی هاوئاهەندگی لەبەریەکتر هەڵوەشێتەوە یان چوارچێوەیەکی نوێ دابمەزرێت.
کەسانێکی تریش پێشبینییان کردووە لە ئەگەری پەرەسەندنی ناکۆکییەکان و بە لەبەرچاوگرتنی نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن، موقتەدا سەدر بێتە مەیدان کە پێشتر خۆی چەند جارێک داوای چەککردنی میلیشیاکانی کردووە و لە هەنگاوێکی نوێدا پاڵپشتی لە سوودانی بکات. هەنگاوێک کە دەتوانێت بە قازانجی سوودانی بشکێتەوە و هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق لە پەرلەمانی داهاتوو بگۆڕێت.

