سلێمان تاشان – ههولێر
وەزیری وزەی سووریا کە دوێنێ سەردانی بەغدای کردبوو داوای لە وەزیری نەوتی عێراق کردووە هێڵی نەوتی کەرکووک-بانیاس نۆژەن بکرێتەوە، بەڵام ژێرخانی هێڵەکە زۆر وێران بووە و نۆژەنکردنەوە و دووبارە بەگەڕخستنەوەی هێڵەکە پێویستیی بە ژینگەیەکی لەباری وەبەرهێنان و لە هەمان کاتدا بودجە و سەقامگیری و متمانەی سیاسی هەیە.
حکوومەتی سووریا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بە نەوت و بەنزین مانگانە پێویستی بە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت هەیە و ئەگەر بەسەر ڕۆژەکاندا دابەش بکرێت ئەوا ڕۆژانە پێویستی بە سەد هەزار بەرمیل نەوت هەیە، حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع دەستی بە پەرەپێدانی پێوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە کردووە و بڕیارە بەشێک لە پێداویستیی گازەکەیشی لەرێی تورکیاوە دابین بکات.
پێوەندییەکانی نێوان عێراق و سووریا هاوشێوەی پێوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی نییە و لە عێراق کۆمەڵێک لایەن و هێز و حزبی سیاسی هەن کە ناخوازن پێوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا پەرە پێ بدەن و تەنانەت حکوومەتی نوێی سووریا بە هەڕەشە بۆ سەر عێراق هەژمار دەکەن.
دوێنێ سێشەممە محهمهد بهشیر وهزیرى وزهى سووریا گەیشتە بەغدای پایتەخت و لهگهڵ حهیان عهبدولغهنى وهزیرى نهوتى عێراق كۆبووەوە. لە دیدارەکەدا وهزیرى وزهى سووریا داواى له عێراق كرد كار بکات بۆ ئهوهى هێڵى كهركووك- بانیاس نۆژەن بکرێتەوە و هەناردەی نەوت لە کەرکووکەوە بۆ بەندەری بانیاس دەست پێ بکاتەوە، بەندەرێک کە کەوتووەتە سەر دەریای ناوەڕاست و لە ساڵی ١٩٥٢ بنیات نراوە و هیچ جارێک نۆژەن نەکراوەتەوە.
دیمەشق جگە لە ئامانجی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بە نەوت و بەنزین لە ڕێی عێراق، لە پلانیدایە بە هاوکاریی وڵاتانی عەرەبی و بە قەرزی بانکی نێودەوڵەتی پاڵاوگەی نوێ بنیات بنێت و تەنانەت بەرهەمەکانی نەوت هەناردەی دەرەوەش بکات.
حهیان عهبدولغهنى وهزیرى نهوتى عێراق پێی گوتووە دووباره بەگەڕخستنەوەی بۆڕیى نهوتى كهركووك- بانیاس، پێویستى به ههڵسهنگاندن ههیه، چونكه جیا له نۆژهنكردنهوه، دهبێت هێڵى نوێیش ڕابكێشرێت.
بەدەر لە پرسی نۆژەنکردنەوە و دانانی هێڵی نوێ لەم دۆخەی ئێستای سووریادا زۆر زەحمەتە هێڵێکی نوێی دابمەزرێت و عێراق بەشێک لە نەوتەکەی لە ڕێی سووریاوە بفرۆشێت یان هەناردەی بکات. جگە لەمە عێراق هێڵی ئامادەی هەیە و لەرێی هەرێمی کوردستانەوە دەتوانێت نەوتەکەی بۆ بەندەری جەیهان هەناردە بکات.
لە لایەکی ترەوە میدیاکانی سووریاش ئاماژەیان داوە کە هێڵی کەرکووک- بانیاس به تهواوى وێران بووه، وێستگهكانى گواستنەوەی نهوت وكۆگه و ترومپاكانى و ژێرخانى كارهبا و ژێرخانی هێڵەکە بە تەواوی لەناو چووە.
سووریا بە هەوراز و نشێوی سیاسیی و ئەمنیی جیاوازدا تێپەڕیوە و ماوەی زیاتر لە سێزدە ساڵ بوو لەو وڵاتە شەڕی ناوخۆیی لەئارادابوو و دوای هەشتی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو دەستەی تەحریر شام بە سەرۆکایەتی ئەبومحەمەد جۆلانی کە ئێستا ناوەکەی بۆ ئەحمەد شەرع گۆڕدراوە دەستی بەسەر دیمەشقدا گرت و حکوومەتی بەشار ئەسەد ڕووخا.
حکوومەتی ڕاگوزەر نەیتوانیوە ئارامی و سەقامگیری بۆ وڵاتەکە بگەڕێنێتەوە و ئەو وڵاتە ئاسۆیەکی لێڵی هەیە و دیار نییە دواجار پێکهاتەکانی سووریا چۆن قەوارەی سیاسییان دادەمەزرێنن و وڵاتەکە بەرەو ئاسایش و سەقامگیری دەبەن و بۆیەش نۆژەنکردنەوە و ڕاکێشانی هێڵی نوێ لەم دۆخەدا بە شتێکی ئاستەم دێتە بەرچاو.

