رۆژنامەی ھەولێر

گرووپە میلیشیاکانی عێراق ڕەتی دەکەنەوە خۆیان ڕادەستی یاسا و حکوومەت بکەن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

گرووپە میلیشیاکانی عێراق بێ حسابکردن بۆ حکوومەت و دامەزراوە فەرمیەکان و یاسا لە رمبازێنی خۆیان لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بەردەوامن و خۆیان لەسەرووی یاسا دەبینن و تەنانەت هەڕەشە لە دامەزراوە فەرمی و یاساییەکان دەکەن، سیاسەتێک کە بەرژەوەندییەکانی عێراقی خستووەتە مەترسییەوە.

گرووپە میلیشیاکانی ناسراو بە حەشدی شەعبی لە دۆخێکدا دامەزران کە سوپای عێراق بە تەواوی لاواز ببوو و تیرۆریستانی داعش خەریک بوو دەست بەسەر عێراقدا بگرن، لەژێر فەتوای عەلی سیستانی مەرجەعی شیعە ئەو گرووپانە چەکدار کران و ئامادە کران بۆ ئەوەی ناوەندە مەزهەبییەکانی شیعە و خەڵکی شیعە بپارێزن. تا قۆناغێک ئەو گرووپانە سوودیان بۆ پێکهاتەی شیعە هەبوو و تا ڕزگارکردنی مووسڵ لە ژێر دەستی داعش لە ساڵی ٢٠١٧ ڕۆڵیان هەبوو لە پاشەکشەپێکردنی داعش و لەگەڵ تەواوبوونی داعش هیچ هۆکارێک بۆ مانەوەی ئەو گرووپە میلیشیایانە نەمایەوە.
داعش کۆتایی هات و دەبوایە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی بۆ دامەزراوە فەرمییەکانی وەک سوپای عێراق و دەزگای هەواڵگری و ئاسایش لە وەزارەتی ناوخۆ بگەڕێنرێتەوە بەڵام ئەمە هەرگیز ڕووی نەدا و گرووپەکانی حەشدی شەعبی ئەم جارە بۆ پتەوکردنی دەسەڵات و پێگەی خۆیان ڕوی چەکەکانیان لە هێزە یاساییەکانی وەک پێشمەرگە کرد و لە داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئەو دۆخە نالەبارەی دوای ٢٠١٧ هاتەکایەوە، ڕۆڵیان گێڕا.
ئەو گرووپانە کە مووچە و چەک و هەموو پێداویستییەکیان لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دابین دەکرا زیاتر سەرەڕۆ بوون و دەستیان بەسەر دەروازە بازرگانییەکاندا گرت و دزەیان کردە نێو دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەت و سوپا و تەنانەت وەزارەتە بازرگانی و خزمەتگوزارییەکان.
ئەوان لە ڕێی دەستبەسەرداگرتنی هەندێک بیری نەوت و بەقاچاغبردنی نەوت و تەنانەت بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و چەندان سەرپێچی و تاوانی تر پێگەی دارایی خۆیان بەهێز کرد، چاویان لە خەڵک سوور کردەوە و هەڵبژاردنەکانیشیان لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بەکار هێنا.
دەسەڵاتی ئەو گرووپانە گەیشتە ئاستێک تەنانەت هیچ حسابێک بۆ فەرمانەکانی حکوومەتی فیدراڵی نەکەن و بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان زیانیان بە ناوەندە دیپلۆماسییەکان و بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان و دامەزراوە ئابوورییەکان گەیاند. دەستیان بە سپیکردنەوەی پارە کرد و سەرمایەکی زۆریان لە عێراقەوە بۆ شوێنی تر گواستەوە.
ماوەیەکە هەم حکوومەتی عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە لە چەک دایانماڵێت و هەم حکوومەتی ئەمەریکاش پێی وایە دەبێت دەسەڵاتی فیدراڵی بەخۆیدا بچێتەوە و ئەو گرووپانە جڵەو بکات و چی تر ڕێیان پێ نەدات زیان بە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی عێراق بگەیەنن.
شوباتی ئەمساڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە فەرمی ڕای گەیاند لە هەوڵدایە ئەو گرووپە چەکدارانە لە چوارچێوەی یاسادا ڕێک بخاتەوە و تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەتیان بکاتەوە بەڵام تا ئێستە هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی نەنراوە.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر و یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو ماڵی شیعە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە پەیامێکیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند مەرجێکی بۆ هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ڕاگەیاند کە یەکێکیان داوای ڕادەستکردنی چەکی نایاسایی گروپە میلیشیاکان بە حکوومەت و هەڵوەشاندنەوەیان بوو، ئەو بە پێویستی زانی لە پێناو بەهێزکردنی سوپا و پۆلیس و سەربەخۆیی عێراق هەنگاو بنرێت و هەوڵی بەرفراوان بۆ چاکسازی و لێپرسینەوەی گەندەڵکاران بدرێت.
سەرەڕای داواکاریی ناوخۆ، حکوومەت و ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ کۆتاییهێنان بە میلیشیاکان، ئەوان هێشتا هەڕەشە لە دامەزراوە فەرمییەکان دەکەن.
گرووپە میلیشیاکان ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە هەرگیز چەکەکانیان لە زەوی دانانێن و گوتیان شتێک نییە سازشی لەبارەیەوە بکەن، ئەوان پێداگرییان لەوە کرد تا ئەو کاتەی عێراق بە تەواوی سەربەخۆ دەبێت کە مەبەستیان دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکییەکانە واز لە چەکەکانیان ناهێنن.
گرووپە میلیشیاکان تەنانەت تۆمەتی نابەجێیان خستە پاڵ پێشمەرگە و بەوە تۆمەتباریان کرد کە پێوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە. ئەوان بەو درۆن و هاوەن و چەک و ئیمکاناتەی لە ژێردەستیاندایە بوونەتە مایەی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و تا ئەو گرووپانە چەکیان لەدەستدا بێت ئەوا عێراقیش خۆشی بە خۆیەوە نابینێت.