ڕائیب جادر – هەولێر
نزیکەی حەوت مانگ تێدەپەڕێت ھێشتا حکوومەتی عێراق خشتەی بودجەی ٢٠٢٥ بۆ پەرلەمان نەناردووە. بەگوتەی پەرلەمانتاران، حکوومەت نیازی وایە ئەمساڵ ھەر بەو شێوەیە تێبپەڕێنێت، ئەمە لە کاتێکدایە ئەم کارە پێچەوانەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراقە.
نرخی نەوت و نەبوونی پارەی نەختینە وای کردووە کە وەزارەتی دارایی عێراق نەتوانێت خشتەی بودجە ئامادە بکات، چونکە کورتھێنانێکی زۆر لە بودجە دروست دەبێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر پەککەوتنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و خراپی دۆخی دارایی عێراق دەبێت.
کەمتر لە ٦ مانگ ماوە بۆ کۆتایی ھاتنی ساڵی ٢٠٢٥ بەڵام تا ئێستا حکوومەت خشتەی بودجەی ئەمساڵی نەناردووەتە پەرلەمان، لیژنەی دارایی پەرلەمانیش داوا لە حکوومەت دەکات بە زووترین کات خشتەکان بۆ بنێرێت تاکو پەسەند بکات، چونکە دواخستنی خشتەی بودجە بۆتە ھۆکاری ڕاگرتنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و خەرجکردنی پارە بۆ بەڵێندەرەکان و دواخستنی پلە بەرزکردنەوە و سەرە مووچەی فەرمانبەران و کاریگەری خراپی لەسەر دۆخی ئابووری عێراق جێھێشتووە.
حکوومەت ترسی ھەیە خشتەی بودجە بنێرێتە پەرلەمان، بەھۆی ڕەخنەی پەرلەمانتاران و گۆڕینی بەشێک لە ماددەکان، دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری زۆری لەسەر بودجەی عێراق لەم ساڵدا ھەبووە، کاتێکی زۆریش نەماوە بۆ دەستکاریکردنی خشتەی بودجە بەھۆی نزیکبوونەوەی وادەی پشووی پەرلەمانتاران.
بەگوێرەی ماددەی ٧٧ لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق دەبێت لە پێش کۆتایی ھاتنی ساڵی ٢٠٢٤ حکوومەت خشتەی بودجەی ئەمساڵی ناردبایە پەرلەمان، پێشبینی دەکرێت بودجەی ئەمساڵی عێراق نزیکەی ٢٠٠ ترلیۆن دینار بێت و ٧٠ ترلیۆن دیناریش کورتھێنانی ھەبێت.
ناجێگیری بەھای دینار و دۆلار و دابەزینی نرخی نەوت و کێشەی پارەی نەختینە لەنێوخۆی عێراق وای کردووە وەزارەتی دارایی کورتھێنانێکی گەورەی لە بودجەی ئەمساڵدا بۆ دروست ببێت و نەتوانێت خشتەی بودجە ئامادە بکات. خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: کاتێکی زۆر لەبەردەم پەرلەمان نەماوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر خشتەی بودجە، بۆیە ئەمساڵ حکوومەتی عێراق خشتەکە ڕەوانەی پەرلەمان ناکات، لەگەڵ ئەوەش ئەمساڵ ھەڵبژاردن دەکرێت، ھەروەھا ناجێگیری بەھای دۆلار وای کردووە کە نەتوانن نرخێکی جێگیر بۆ نەوت دابنێن، بۆیە ھەموو ئەمانە ھۆکارن کە عێراق نەتوانێت خشتەی بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکات.

