هەر چەند سەعاتێک دوای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل کە دوازدە ڕۆژی خایاند، هێرشی نێوخۆیی لە عێراق دەستی پێکرد و میدیاکانی عێراق زانیاریی جیاوازیان لەبارەی ئەو هێرشانە بڵاو کردەوە و دواجار فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق هێرشەکانی پشتڕاست کردەوە بەڵام تا ئەم ساتە دیار نییە کێ لە پشتی ئەو هێرشانە بووە.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەبارەت بە هێرشەکانی هەفتەی ڕابردوو ڕوونی کردەوە کە هێرشەکان لە ڕێی کۆمەڵێک درۆنی بۆمبڕێژکراو، ژمارەیەک بنکە و بارەگای سەربازیی عێراق کرانە ئامانج و زیانێکی زۆر بە دوو سیستمی ڕادار لە بنکەی سەربازیی تاجیی بەغدا و بنکەی ئیمام عەلی لە پارێزگای زیقار گەیشتووە.
ئەو ڕەتی کردەوە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان هەبووبێت و گوتیشی توانیویانە ڕووبەڕووی هەوڵی دیکەی هێرشکردنە سەر چوار بنکە ببنەوە، کە لە چەند شوێنێکی جیاواز بوون و چەند درۆنێکیان خستە خوارەوە و ئامانجیان بووە زیان بە دامەزراوەکانی عێراق بگەیەنن.
بە گوتەی نوعمان هەموو ئەو بنکانەی کراونەتە ئامانج، سەر بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بوون و هەر دوای ڕووداوەکە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لێژنەیەکی باڵای تەکنیکی و هەواڵگری پێکهێنا، کە نوێنەری سەرجەم دەزگا ئەمنییە پێوەندیدارەکانی تێدایە، بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی هێرشەکان و ئاشکراکردنی ئەو لایەنانەی لە پشت هێرشەکەن.
ڕۆژی یەکی ئەم مانگەش، بڵاوی کردەوە، بەرگریی ئاسمانیی عێراق درۆنێکی نەناسراویان لە نزیک پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین خستووەتە خوارەوە.
ئەو سەرچاوەیە ڕاگەیاند “درۆنەکە، پێش ئەوەی بخرێتە خوارەوە، بەنزمی لە نزیک پاڵاوگەکە دەفڕی، هیچ زیانێکی ماددی و مرۆیی تۆمار نەکراوە.”
ئاماژەی بەوەش کرد “تیمەکانی ئەندازیاریی سەربازی و ئاسایشی نیشتمانی گەیشتوونەتە شوێنەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە درۆنەکە و سەرچاوەکەی.” ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە دوای هێرشە مووشەکییەکانی شەوی دووشەممە، بۆ سەر فڕۆکەخانەی کەرکووک، گرژییە ئەمنییەکان زۆرتر بوونە.
تا ئێستە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشانەی بە ئەستۆ نەگرتووە بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق هەندێک کەس میلیشیاکان بەو جۆرە هێرشانە تۆمەتبار دەکەن و دیار نییە مەبەستیان لە لێدانی سیستمی بەرگریی وڵاتەکە چی بووە. هاوکات ژمارەیەک هاووڵاتی، ئیسرائیل و ژمارەیەکی تر ئێرانیان بەو هێرشانە تۆمەتبار کرد لە کاتێکدا ئێران و ئیسرائیلیش لەبارەی هێرش بۆ سەر عێراق هیچ شتێکیان بڵاو نەکردووەتەوە و هەواڵی هیچ هێرشێک پشتڕاست نەکراوەتەوە.
هێرشەکە بە درۆنی بچووک بووە وەک فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی پێ کردووە، ئەو جۆرە درۆنانە دەکرێ لە لایە گرووپە میلیشیاکان سوودی لێ وەربگیرێت. هەڵدانی درۆن و هاوەن و بە ئامانجگرتنی دامەزراوە و ناوەندە سەربازییەکان یەکەم جار نییە لە عێراق ڕوو بدات و پێشتریش گرووپە میلیشیاکان ئەو جۆرە هێرشانەیان کردووە.
هەر دوێنێ لە نێوان هەولێر و کەرکووک درۆنێک لە نێو کێڵگەیەکی کشتوکاڵی کەوتە خوارەوە کە بە گوتەی شایەتحاڵەکانی ئەم ڕووداوە درۆنەکە لە کەرکووکەوە ئاڕاستە کرابوو و زیانێکی زۆری بە سیستمی ئاودێریی جووتیارێک گەیاند. لە مانگەکانی رابردووش گرووپە میلیشیاکان لەو ئاڵۆزییانەدا رۆڵیان گێڕاوە.
شەوێک پێشتریش میدیاکانی عێراق ئەوەیان ڕاگەیاندبوو کە لانی کەم لە پێنج شوێنی جیاواز دامەزراوە سەربازییەکان کراونەتە ئامانج کە گرنگترینیان لە عەین ئەسەد و تاجی و ئیمام عەلی تۆمار کرا و بەشێک لەو دامەزراوە سەربازییانەش هێزەکانی ئەمەریکایان تێدایە و ڕاهێنان بە هێزەکانی سوپای عێراق دەکەن.
عێراق بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات و لە دۆخێکدایە ناکۆکیی ناوخۆیی سیاسی لە عێراق زیادی کردووە و گرووپە میلیشیاکانیش بەدوور نییە دەست بە پشێوی و ئاڵۆزییەکانیان بکەنەوە.

