رۆژنامەی ھەولێر

نزیکەی نیوەی زەوییەکانی عێراق بوونە بیابان

سەرباری هۆشدارییە جیهانییەکان سەبارەت بە مەترسیەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لە ئاکامدا حکوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە نەنا و خەریکە هۆشدارییەکان بەگۆڕێن بۆ ئەنجام و مەترسیی گەورە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕوانگەی عێراقی سەوز، نزیکەی 40%ـی زەوییەکانی عێراق کاریگەریی بە بیابانبوونیان لەسەرە، لەکاتێکدا زیاتر لە 70%ـی زەوییە کشتوکاڵییەکان بێبەرهەم بوون.
ڕوانگەی عێراقی سەوز، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، “نزیکەی 40%ـی کۆی ڕووبەری عێراق کاریگەریی بە بیابانبوونی لەسەرە، هەندێکیان زۆر پێویستیان بە پڕۆژەی دارچاندنی بەرفراوان هەیە بۆ سنووردارکردنی تێکچوونی ژینگە.”
ڕاپۆرتەکەی ڕوانگەی سەوز، دەشڵێت، “ڕێژەی بە بیابانبوون تەنیا لە زەوییە گشتییەکاندا سنووردار نەبووە، بەڵکو کاریگەریی 70%ـی لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیش هەبووە، ئەمەش لە ئەنجامی وشکەساڵی و خراپی بەڕێوەبردنی ئاوەکان بووە.”
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوووە “تیمەکانی چاودێریی مەیدانی ڕایانگەیاندووە، پارێزگای زیقار لە ئەنجامی کەمیی ئاو و کەبوونەوەی ڕووەک، زۆرترین ڕێژەی بە بیابانبوون و ئاوارەبوونی دانیشتوانی هەیە.”
ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەش کردووە “پارێزگای نەینەوا نزمترین ئاستی بە بیابانبوونی تێدا تۆمار کراوە، ئەمەش بەهۆی جوگرافیا و زیادبوونی پڕۆژەکانی دارچاندن و پشتێنەی سەوز.”
جەختیشی کردەوە، “بەردەوامی ئەم دیاردەی بە بیابانبوونە بەبێ دەستوەردانی بەپەلەی حکوومەت دەبێتە هۆی قەیرانێکی جددی مرۆیی و ژینگەیی. هەروا بەرزبوونەوەی کۆچی ناوخۆیی لە ناوچە گوندنشینەکانەوە بۆ شارەکان، فشار لەسەر خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابووری زیاد دەکات.”
پێویتە ئاماژە بەوە بکرێت، هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی کەمدا ئەو مەترسیانەی لەسەر هەرێمی کوردستان دوور خستووەتەوە و لە ماوەی ڕابردوودا بە نزیکەیی لەسەرجەم شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان پرۆژەی گەورەی ئاو و پۆند و بەنداو جێبەجێ کراون، کە ئەگەر ئەو ڕێوشوێنانەی حکوومەت نەبووایە ئێستا مەترسییەکە هەرێمی کوردستانیشی گرتبووەوە.