گرووپە میلیشیاکان بە ملیاران دۆلاری عێراقیان بە تاڵان بردووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

عێراق وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەندە و ئەو داهاتەی بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە دەستی کەوتووە ئەگەر بە ڕێکوپێکی بەکار هێنرابا و بە تاڵان نەبرابا جگە لەوەی کە ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی لە ئاستێکی زۆر باشدا دەبوو، وڵاتەکەی دەکرد بە یەکێک لە ئاوەدانترین وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. عێراقی فیدراڵی لە سایەی گرووپە میلیشیاکان و گەندەڵیی ئیداری و دارایی، دوای بیست و دوو ساڵ کارەبای پێویستی نییە تا لە هاویندا خۆی پێ فێنک بکاتەوە و ئاوی خواردنەوەی پاکی بۆ دانیشتووانەکەی نییە.

دوای دامەزراندنی عێراقی فیدراڵی هەمووان ئومێدی ئەوەیان هەبوو لە سایەی سیستم و دەسەڵاتی نوێدا بحەسێنەوە و کۆتایی بە تاڵان و دزی و گەندەڵی و پەراوێزخستنی خەڵک و ژیان و خزمەتگوزارییان بهێنرێت بەڵام ئەمە هەرگیز لە عێراق ڕووی نەدا، ئەو داهاتە زۆرەی لە فرۆشتنی نەوت دەست کەوتووە بەشێکی دزراوە و بەشێکی تری خراوەتە خزمەتی گرووپە میلیشیاکان و کەمەکەی ژیانێکی بژی و مەمرەی بۆ خەڵک دابین کردووە.
لە عێراق ئەگەر ئاوەدانییەک ڕوویدابێت و گەشەیەک کرابێت پێوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەبووە بەڵام لە دەیەی ڕابردوودا عێراق هەوڵی داوە پێش بە گەشەی هەرێمی کوردستانیش بگرێ، بۆ ئەوەی لای خەڵکەکەی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە زیاتر شەرمەزار نەبێت و هەموو عێراق بە یەک تابلۆ پێشان بدرێت، بڕینی مووچە و بودجە و ڕێگریکردن لە هەناردەی نەوت و دەیان کێشەی تری بۆ کورد دروست کردووە و نوێترینی ئەوەیە بە بێ هیچ پاساوێک گوتوویەتی مووچەی هەشت مانگی ئەمساڵ ڕەوانە ناکات.

عێراق بۆ ئەوەی قەیرانەکانی خۆی بشارێتەوە قەیرانی نوێ دروست دەکات و میدیاکانی بە شتی تر سەرقاڵ دەکات، بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی وال ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی گرووپه‌ میلیشیا عێراقییه‌كان لە دزین و گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی عێراق بەردەوامن و بە ملیاران دۆلار خراوەتە خزمەتی گرووپە میلیشیاکان و سەرمایەکی زۆر بۆ وڵاتانی دیکە گواستراوەتەوە.
ئەمەریکا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ڕێکاری جیاوازیان بەکار هێناوە بۆ ئەوەی ڕێ لەو بەتاڵانبردنانە بگرن. بۆ نموونە لە دواین ڕێوشوێندا کارپێکردن بە ڤیزەکارت و ماستەرکارت بۆ ژمارەیەکی زۆر لە بانکە عێراقییەکان لە دەرەوەی وڵات وەستاوە چونکە گرووپە میلیشیاکان پارەیان پێی سپی کردووەتەوە.
ئەمەریکا لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان بانکی عێراقی سزا داوە یان دۆلاری لەسەریان قەدەغە کردووە کە هاوکار بوون لەگەڵ گرووپە میلیشیاکان بەڵام گرووپەکان ڕێگەی دیکەیان بەکار هێناوە کە دواینیان سوودوەرگرتن لەو کارتە بانکییانە بووە و بۆیەش ئەو ڕێوشوێنە نوێیە لە دژیان گیراوەتە بەر.
ئەوانە پرسی جیددین کە لە عێراق ڕوو دەدەن کەچی وەزیری دارایی عێراق و بەرپرسانی دارایی و بانکیی فیدراڵی لە جیاتی چارەسەرکردنی ئەو گەندەڵییە گەورانە دەستیان بۆ قووتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بردووە، لە جیاتی بڕینی سەرچاوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە و دزیی بەشێک لە بەرپرسان و دامەزراوەکانیان، هانای بۆ بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی کوردستان بردووە کە بە یاسا دەستنیشان کراوە. دەسەڵاتدارانی ئێستای بەغدا لە جیاتی ئەوەی بە خزمەتکردنی ناوچەکانیان و گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی کوالێتیی ژیان و پەرەپێدانی خزمەتگوزاری پێگەی خۆیان بەهێز بکەن و تەنانەت بیکەن بە بانگەشەی هەڵبژاردن ، هاتوون دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و بەم ڕێکارە خۆیان لە بەرپرسیارێتییەکان دەدزنەوە.