تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تا ٢٤ی حوزەیران بەردەوام دەبێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دوای دەست بە تۆمارکردنی ناوی لیست و کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە لە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت. بۆ یەکەم جار مەرجێکی نوێ بۆ کاندیدەکان داندراوە و هەر کەسێک وەک تاکەکەس خۆی کاندید بکات پێویستە لە ڕێی ئەلیکترۆنییەوە پێنجسەد کەس پاڵپشتی بکەن.

مەڕوان محەمەد بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند؛ پڕۆسەکە یەک مانگە و تا ٢٤ی حوزەیران بەردەوام دەبێت و هەر کەسێکی عێراقی مەرجەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی تێدا بوو بۆی هەیە ناوی خۆی لە کۆمسیۆن تۆمار بکات.
بەپێی ئەو مەرجانەی ڕاگەیەنراوە کەسەکە پێویستە سی ساڵی تەواو بێت و لانی کەم هەڵگری بڕوانامەی بکالۆریۆس یان هاوتاکەی بێت. مەرجەکان بۆ ئەوانەی لە ڕێی لیستە سیاسییەکان و هاوپەیمانەکانەوە بەشداری دەکەن جیاوازە و هەڵگرانی بڕوانامەی ئامادەیی و دبلۆم ڕێگەیان پێدراوە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن بەڵام ڕێژەکەی نابێت لە بیست لەسەدا یان یەک لە پێنجی کۆی بەشداربووانی لیستەکە تێپەڕ بکات. ئەو کاندیدە تاکەکەسییانەش کە کێبڕکێ لەسەر کورسیی پێکهاتەکان دەکەن، دەبێت بڕوانامەی ئامادەیی و یان هاوتاکەیان هەبێت.
مەرجێکی دیکە ئەوەیە ئەو کەسەی خۆی کاندید دەکات خاوەن ڕەوشتێکی باش بێت بە تاوانی ئابڕووبەری یان هیچ جۆرە گەندەڵییەکی دارایی و ئابووری، سزا نەدرابێت. لەمەرجەکاندا ئەوە خراوەتە ڕوو ئەگەر کەسێک تاوانێکی هاوشێوەی بەسەردا سەپابوو و بەر لێخۆشبوونی گشتی کەوتبوو، دیسان ناتوانێت خۆی کاندید بکات. جگە لەمە کاندیدەکە نابێت لە هێزە چەکدارەکان یان هێزە ئەمنییەکان بێت، جگە لەفەرمانبەرە مەدەنییەکانیان، هەروەها نابێت دادوەر بێت و لەکارەکەی بەردەوام بیت، نابێت کەسی کاندید ئەندامی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکان بێت لەم خولە و لە سەرجەم خولەکانی پێشتری عێراق.
بەگوتەی بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەر کەسێک وەک تاکەکەس خۆی کاندید دەکات دەبێت لانی کەم لە لایەن پێنجسەد دەنگدەرەوە پاڵپشتی بکرێت کە لە ڕێگەیەکی ئەلیکترۆنییەوە داتاکان داخڵ دەکرێن و دەنگدەران تەنیا لەو بازنەیەی لێی کاندید دەبێت پاڵپشتییەکانیان لە کاندیدەکە ڕادەگەیەنن و لە هەمان کاتدا پێویستە ناوەکانیان لە لیستی تۆماری دەنگدانیشدا هەبێت جگە لەوانەی کە لەسەر کورسی کۆتا کێبڕکێ دەکەن کە تێیدا هەموو عێراق بە یەک بازنە دەستنیشان کراوە.
کۆمسیۆن سزای ئەو لیستانەی داوە کە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا سەرپێچییان کردووە و سزای داراییان بۆ دەرچووە بەڵام سزاکەیان جێبەجێ نەکردووە و کۆمسیۆن بڕیاری داوە تا سزاکە جێبەجێ نەکات لیستەکەی بۆ پەسند ناکات.
جیاوازیی ئەم گەرەی هەڵبژاردنی عێراق لەگەڵ جارەکانی پێشتر ئەوەیە پێشکەشکردنی ناوی لیستی کاندیدانی پارتە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردن بە پشتبەستن بە بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی دەبێت.
بەگوتەی مەڕوان محەمەد پێویستە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان سەردانی بارەگای پارتە سیاسییەکان لە بەغدا بکات، بۆ ئەوەی کۆدی تایبەتی خۆی وەربگرێت، بەڵام کاندیدی تاکەکەس دەتوانێت سەردانی ئۆفیسەکان بکات و هەر لە ٢٥ی مانگەوە کۆدی تایبەتییان پێشکەش دەکرێت.
پێویستە بگوترێ هیچ هاوپەیمانێتییەک لە نێو لایەن و حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی عێراق ڕانەگەیەنراوە و چاوەڕوان دەکرێ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵێک لیستی جیاواز بەشداری لە هەڵبژاردنەکە بکەن هەر چەندە کەسانێکیش وەک تاک بەشداری دەکەن.
هەڵبژاردنی ئەمساڵی عێراق کە لە ١١ی تشرینی دووەم بەڕێوە دەچێت بە هەڵبژاردنێکی گرنگ و چارەنووسساز بۆ داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت و لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە کە لە ناوچەکە و جیهان دۆخێکی نوێ هاتووەتە کایەوە.