لوتكه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ به‌غدا به‌ ئاماده‌بوونی به‌شێك له‌ سه‌رۆك و نێرده‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تی دەستی پێ کرد

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 17ـی ئایاری 2025، لە 34ـیەمین لوتکەی عەرەبی کە لە بەغدا بەڕێوە دەچێت، گوتی، ڕەتمان کردووەتەوە خەڵکی فەڵەستین بە زۆرەملێ ئاوارە و پەنابەر بکرێن و ئێستاش پێداگرین لەسەر ئەو پرسە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە کۆمەڵکوژیی خەڵکی غەززە و هێرشەکانی سەر کەناری ڕۆژئاوا بووەستێت و ڕێگە بە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە کەرتی غەززە بدرێت.
سەرۆک وەزیرنی عێراق گوتیشی: تێڕوانی ئێمە بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزیی و قەیرانەکانی ناوچەکە، گەیشتنی خەڵکی فەڵەستینە بە تەواوی مافەکانی لە ژیانێکی ئازاد و پڕ شکۆمەندانە لەسەر خاکی خۆی، پێویستیشە هێرشەکانی سەر غەززە بوەستن و کۆتایی بە توند و تیژی و ئاڵۆزیی بێت.
محەممەد شیاع سوودانی گوتی: ئەو کۆمەڵکوژییەی لە غەززە دەکرێت، کارێکی زۆر قێزەوەنە و لەمێژوودا نەبینراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەمووان ئەو وێنانە دەبینن کە تێیدا منداڵانی غەززە بە سەدانیان کۆ دەبنەوە بۆ دەستکەوتنی ژەمێکی کەمیی خواردن، هەندێکیشیان بەدەست بەتاڵی دەگەڕێنەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە وڵاتانی بەشداربووی لوتکەکە کرد هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی غەززە و چالاککردنەوەی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی ئۆنروا بۆ هاوکاریی لە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا.
لەبارەی هێرشەکانی سەر لوبنان، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای وەستاندنی ئەو هێرشانەی کرد و پێی وابوو هێرشەکان پێشێلکردنی سەروەریی لوبنانە. دووپاتی ئەوەشی کردەوە کە عێراق پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و ڕێزگرتن لەسەروەریی ئەو وڵاتە دەکات. داوای کرد دەوڵەتی هاونیشتمانی لە سوریا دروست بکرێت لەپاڵ نووسینەوەی دەستوورێک کە مافی تەواوی گەلانی سووریای تێدا گرەنتی بکرێت.
سوودانی ستایشی بڕیاری سەرۆکی ئەمەریکای کرد بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و هیوای خواست، ئەو بڕیارە هەنگاوێک بێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار و نەهامەتیەکانی خەڵکی سووریا.
شەممە، 17-05-2025، لوتكه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ به‌غدا به‌ ئاماده‌بوونی به‌شێك له‌ سه‌رۆك و نێرده‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تی دەستی پێ کرد.
ناوی سەرۆک و پاشا و سەرۆکی شاندە عەرەبییەکانی بەشدار لە لوتکەی عەرەبی لە بەغدا:
1- تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر.
2- مەحمدود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین.
3 عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر.
4- ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی یەمەن
5- حوسێن شێخ مەحموود، سەرۆکی سۆماڵ.
6- عادل جوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودییە.
7- عەبدوڵلا عەلی عەبدوڵلا، وەزیری دەرەوەی کوێت.
8- جەعفەر حەسەن، سەرۆک وەزیران ئوردن.
9- نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان.
10- شهاب بن تاریق سەعید، جێگری سەرۆک وەزیرانی عوممان.
11- شێخ مەنسور بن زاید ئەلنەهیان، جێگری سەرۆک وەزیرانی ئیمارات.
12- ئیبراهیم جابر، ئەندامی ئەنجوومەنی سەروەریی سوودان.
13- ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا.
14- محەمەد عەلی بن ئەحمەد ئەلهادی، وەزیری دەرەوەی تونس.
15- ئەحمەد عەتاف، وەزیری دەرەوەی جەزائیر.
16- عەبدولـلەتیف ئەلزەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین.
17- عەبدولقادر حسێن، وەزیری دەرەوەی جیبووتی.
18- مبایە محەمەد، وەزیری دەرەوەی کۆمۆرۆس.
19- ناسر بۆریتا، وەزیری دەرەوەی مەغریب.
20- محمد عولد چیخ ئەلغەزونی، سەرۆکی مۆریتانیا.
21- عەبدولموتەلیب سابت، نوێنەری کۆمکاری عەرەبی و باڵیۆزی لیبیا لە میسر.

میوانانی لوتکەی بەغداد:
1- پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا.
2 . ئەحمەد ئەبولغەیس، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی.
3 – ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
4 جاسم محەممەد عەبدوڵلا، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو .
5 حوسێن ئیبراهیم تەها، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی.
6- مەحموود عەلی یوسف، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەفریقا.
7- لویجی دی مایۆ، نێردەی تایبەتی یەکێتی ئەورووپا بۆ کەنداو.
8- میخائیل بۆگدانۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.