پڕۆژەکە لە کاتێکدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت کە هەندێک گۆڕانکاریی سیاسی لە ناوچەکە ڕوویان داوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بڕیارە ئەم هەفتەیە لە تورکیا محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆ ببنەوە و تاوتوێی کۆمەڵێک پرسی گرنگی نێوانیان بکەن. شاندێکی فەرمیی عێراق ماوەی دوو ڕۆژە لە تورکیایە و ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەو سەردانە و چاوەرێ دەکرێت یادداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا واژۆ بکرێت.

دوێنێ لە ڕاگەیەنراوێکدا باڵوێزخانەی عێراق لە تورکیا بڵاوی کردەوە نوێنەری ژمارەیەک وەزارەت و دەستە لەو شاندەدا بەشدارن و تاوتوێی چوارچێوەی خاڵەکانی یادداشتنامەکە دەکەن کە کۆمەڵێک بواری پێوەست بە ئاسایش، گواستنەوە و پلاندانان، پەروەردە، پیشەسازی و چەند بوارێکی تر لەخۆ دەگرێت.
پرسی گەشەپێدان وزە و بازرگانی تەوەری سەرەکیی ئەو سەردانەیە و پێشتریش وەزیری گواستنەوەی تورکیا هەواڵی سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ عێراق و کۆبوونەوە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی ڕاگەیاندبوو و گوتبووی هەر ئەمساڵ ئەردۆغانیش سەردانی عێراق دەکات.
عێراق و تورکیا کۆمەڵێک پرسی گرنگیان لە بواری ئاو، ئاسایش، بازرگانی، وزە و نەوت، لە نێوانیاندا هەیە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا یەکێک لەو پڕۆژە ستراتیجییانەی هەر دوو وڵات هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی دەدەن پڕۆژەیەکە کە بە ڕێگای گەشە ناسراوە . پڕۆژەکە زۆر بەرفراوانە و لە قۆناغی دیزایندایە و چەندان هێڵی ڕاکێشانی نەوت و گاز و شەمەندەفەر و ڕێگای ئۆتۆمبێل لەخۆ دەگرێ و ئامانجەکە ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٥٠ سەرجەم قۆناغەکانی جێبەجێ بکرێن.
شاندەکانی عێراق و تورکیا لە ٢٩ی ئابی ساڵی ڕابردووش لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە و پاڵپشتییەکانیان بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە دووپات کردەوە.
بە پێی ئەو پڕۆژەیە ڕێگایەکی زۆر پێشکەوتوو بە درێژیی هەزار و دووسەد کیلۆمەتر دادەمەزرێت کە جگە لە ڕێی ئۆتۆمبێل ڕێگای شەمەندەفەریش لەخۆ دەگرێت و لە ناو خاکی تورکیاش سێسەد و بیست کیلۆمەتر ڕێگای ئۆتۆبان و شەشسەد و پازدە کیلۆمەتر ڕێگای شەمەندەفەر بنیات دەنرێت بۆ ئەوەی ڕێگای گەشە بە ڕێگای ئەوروپا گرێ بدرێت.
جگە لە عێراق و تورکیا، هەر یەک لە قەتەر و ئیماراتیش لەو پڕۆژەیەدا ڕۆڵی کارایان هەیە و ئامانجە سەرەکییەکە گرێدانی ئاسیا بە ئەوروپایە.
پڕۆژەکە لە کاتێکدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت کە هەندێک گۆڕانکاریی سیاسی لە ناوچەکە ڕوویان داوە و لەوانەیە گۆڕانکاریی تریش بەڕێوەبن کە کاریگەرییان لەسەر پرسی سیاسی و بازرگانی و ئابووری هەیە. لە سووریا حکوومەتێکی تر دروست بووە و پێوەندیی پێشووی نێوان عێراق و سووریا کۆتایی هاتووە و عێراقیش لەبەردەم هەندێک گۆڕانکاری و بەرپرسیارێتیدایە کە گرنگترینیان دوورکەوتنەوە بووە لەو پێوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئێرانی دراوسێ و دۆزینەوەی بازاڕی تر بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان.
لە ٢٢ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٤ هەر چوار وڵاتی بەشدار لەو پڕۆژەیە ڕێککەوتننامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد و لە بەیاننامەیەکدا پێداگریان کرد کە پڕۆژەکە ستراتیجییە و پەرە بە پێوەندی و گواستنەوەی بازرگانی لە تەواوی ناوچەکە و جیهان دەدات و خەرجییەکانی گواستنەوە کەم دەکاتەوە و خەرجییەکانی گواستنەوەی کاڵا لە بەندەری فاوەوە بۆ ئەوروپا لەچاو کەناڵی سوێس زۆر کەمتر دەکاتەوە و لە ڕووی کاتیش پازدە ڕۆژ کورتی دەکاتەوە.
تورکیا پڕۆژەکە بە ڕێگای ئاوریشمی نوێ دەزانێت بەڵام بەپێچەوانە پڕۆژەکە مایەی نیگەرانییەکی زۆری تارانە چونکە ڕۆڵی ئێران لە بازرگانیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لاواز و پەراوێز دەخات و هەژموونی ئێران لەسەر عێراق کەم دەکاتەوە.
تێچووی کۆی پڕۆژەکە حەڤدە ملیار دۆلارە بەڵام چاودێرانی ئابووری پێیان وایە دەستکەوت و داهاتی پڕۆژەکە لە داهاتوودا بەرانبەر خەرجییەکانی بنیاتنانی، زۆر زیاترە و سوودێکی زۆر بە عێراق و تورکیا و وڵاتانی بەشدار لە پڕۆژەکە دەگەیەنێت.
ئەو پڕۆژیە بۆ کورد لە لایەک دەرفەت و هەلی کار و داهات و بەرژەوەندییە و لە لایەکی تر دەتوانێت مەترسی و هەڕەشە بێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی ئەوە بووە بە هاوکاریی بەغدا کارێک بکات بەشێکی بەرچاو لە پڕۆژەکە بە کوردستاندا تێپەرێت و هەرێمی کوردستان لە خێر و بێری ڕێگاکە سوودمەند بێت و بەشێکی گرنگ بێت لە پڕۆژەکە بەڵام لە هەمان کاتدا دوورخستنەوەی لە کوردستان و گرێدانی بە پڕۆژە و پیلانی تر دەتوانێت هەڕەشە و مەترسیدار بێت.