کەمئاوی هەڕەشە لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی عێراق دەکات

مەترسییەکانی وشکبوون و کەمئاوی لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق بەدەرکەوتوون و حکوومەتی عێراقیش نەیتوانیوە بە قەبارەی مەترسییەکە هەنگاو بنێت بۆ چارە کردنی ئەو گرفتەی کە ساڵانێکە هۆشداری لەبارەوە دەدرێت.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لەوبارەیەوە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: عێراق بە پیتترین خاکی کشتوکاڵیی هەیە، بەڵام ئێستا بەهۆی دروستکردنی بەنداو لەسەر ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و کەمیی باران، مەترسیی لەسەر بژێوی جووتیاران دروست بووە و ناچار دەبن ناوچە و گوندەکانیان بەجێ بهێڵن
بەپێی ڕاپۆرتەکە، وشکەساڵی بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە و فورات، ئەمەش بووەتە گرفت بۆ ئەو گامێشەوان و جووتیارانەی پشت بەو ڕووبارە دەبەستن و بەشێکیان ناچاربوونە ناوچەکەیان بەجێ بهێڵێن.
ئاژانسەکە باسی لە دۆخی جووتیاران و ئاژەڵدارەکان کردووە و ئەوەی ڕاگەیاندووە: ژمارەی گامێشەکان لە دە ساڵی ڕابردوودا بۆ نیوە کەم بوونەتەوە. ئاژەڵدارێک لەوبارەیەوە قسەی کردووە و بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە: بارودۆخەکە زۆر قورسە، زیاتر لە 120 گامێشم هەبوو، بەڵام ئێستا نزیک 60 گامێشم ماوە، هەندێکیان مردن، هەندێکیشانم بەهۆی وشەکەساڵیەوە فرۆشت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە هەنگاوی زۆر جیددی تری ناوە و بە دروستکردنی پۆند و بەنداو لە سەرجەم پارێزگاکان لە هەوڵی ئەوەدایە پارێزگاری لە سامانی ئاو بکات و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا نەبێتە مۆتەکەی جووتیاران و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.