سلێمان تاشان – ههولێر
لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵدا لە عێراق دەست بەسەر هەزاران کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە و بە هەزاران کەسیش گیراون و ئامارەکە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو چوار هێندە زیادی کردووە و دەیسەلمێنێت بڵاوبوونەوە و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە عێراق بەشێوەیەکی زۆر خێرا و مەترسیدارە لە تەشەنەدایە و بەرپرسیارێتیی قورس دەخاتە سەرشانی سەرجەم دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان پێش بەو دیاردەیە بگرن و هەرێمی کوردستانیش کە بەشێکە لە عێراق و سنوورێکی درێژی لەگەڵیدا هەیە لەو مەترسییانە بێبەری نەبووە.
رۆژی یەکشەممە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ماددە هۆشبەرەکانی عێراق، ئاماری چارەگی یەکەمی ئەمساڵی دەستبەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەکان و تۆمەتبارانی مادەی هۆشبەری ڕاگەیاند. بەپێی ئامارەکە سێ هەزار و شەش تۆمەتبار گیراون و لەو ژمارەیە نۆسەد و حەفتا و سێ کەسیان سزا دراون و دەست بەسەر دوو هەزار و سەد و شەست و شەش کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە.
ئامارەکە دەیسەلمێنێت بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، لە عێراق بڕی ئەو مادە هۆشبەرانەی دەستی بەسەردا گیراوە بۆ نزیکەی چوار هێندە زیادی کردووە، چونکە قەبارەی ئەو مادە هۆشبەرەی لە چارەگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو دەستی بەسەردا گیرابوو، بریتی بوو لە شەشسەد و سێ کیلۆگرام.
هەر بەپێی ئامارەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٤دا شەش تۆن و سەد و هەشتا و سێ کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرابوو و سەرووی چواردە هەزار کەسیش بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە عێراق گیرابوون. ئەگەر سەرنجی ئاماری سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ بدرێ نزیک کەوتووەتەوە لە نیوەی هەموو ئاماری ساڵی ڕابردوو و ئاماژەیە بۆ تەشەنەی خێرای ئەو مادە مەترسیدارە لە عێراق.
لە ماوەی لانی کەم دوو دەیەی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر و بازرگانیکردن پێی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە حاڵەتەوە گۆڕدراوە بۆ دیاردە و ڕۆژ نییە لە شارێک یان شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان و عێراق قاچاخچییەکی مادەی هۆشبەر نەگیرێت و ڕووبەڕووی یاسا و دادگا نەکرێتەوە و دەست بەسەر برێک مادەی هۆشبەردا نەگیرێت کە لەدەرەوە هاوردە دەکرێت. ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناوەندە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەو هۆیەوە حوکم دراون زۆر بەخێرایی زیادی کردووە و لە گرتووخانەکان پشکی شێریان پێ دەبرێت.
ئەو دیاردە مەترسیدارە کاتێک زیاتر پەرەی سەند کە پارێزگاکانی عێراق بوونە مەیدانی چالاکیی میلیشیاکان و بەقاچاغبردنی مادەی هۆشبەر، سەرەتای ئەمساڵ موقتهدا سهدر، ڕێبهری ڕهوتی سەدر بە ڕاشکاوی بە میدیاکانی عێراقی گوت کێشەی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان و بڵاوبوونەوەی لە عێراق، هۆکارەکەی سوودمەندبوونی کەسانێکە لە نێو حکوومەت و دەرەوەی، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە جگە لە هۆکاری ئابووری، هۆکاری سیاسیش لە پشت ئەو کارەوە هەیە.
زەرەرمەندێکی سەرەکیی ئەو بازرگانیکردنە کۆمەڵگە و ئەوانەن کە فریوی مافیاکان دەخۆن و ئاڵوودەی مادەکە دەبن و هەوڵی دەستخستنی دەدەن.
هەرێمی کوردستان جگە لەوەی کە بە جیددی ڕووبەڕووی قاچاخچییانی مادەی هۆشبەر بووەتەوە لە هەمان کاتدا لە ڕووی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و دەروونیش لە هەوڵی بنبڕکردنی و پەرەپێدانی هۆشیاریدایە.
بەڕیوبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، ڕۆژانە و هەفتانە هەواڵی چالاکییەکانی خۆیان لە دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بڵاو دەکەنەوە و ئۆپەراسیۆنەکانی لە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتووە و بە هاوکاری کردنی هاوولاتیان لە پێدانی زانیاری زۆر ئاسانە بتوانن کوردستان بە یەکجاری لەو مەترسییە بپارێزن.
کۆتایی ساڵی ڕابردوو بەردی بناغەی سەنتەرێکی شارستانیی تایبەت بە هۆشیاری و شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەر لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داندرا کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراویی LDS ئەمەریکییەوەوە بنیات دەنرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق هیچ چارەیەکیان نییە جگە لەوەی کە بۆ بەرنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر هاوکارییەکانیان پەرە پێ بدەن و بەیەکەوە قۆڵی هیممەت دژی ئەو مادە مەترسیدارە هەڵماڵن، سنوورەکانیان لەگەڵ ئێران و وڵاتانی تر توندوتۆڵ بکەن و پێش بە چالاکیی میلیشیاکان و گرووپە نایاساییەکان بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بهێنن، چونکە ئاگرەکە هەڕەشە لە هەر دوو کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان دەکات.