مانگرتنی مامۆستایانی عێراق له‌ شکستی سیستەمه‌وه‌ بۆ داڕمانی دەوڵەت

ئا. هۆنیار عه‌بدوڵڵا

مانگرتنە سەرتاسەرییەکەی مامۆستایانی عێراق، کە لەم دواییانەدا دەستیپێکرد، ئاماژه‌یه‌كی توندی خستەوە سەر ئەو دۆخە نالەبار و مەترسیدارەی کەرتی پەروەردە لەم وڵاته‌دا. ئەم مانگرتنە تەنها دەربڕینی ناڕەزایەتییەکی کاتی نییە، بەڵکو زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ دەسەڵاتداران سەبارەت بەو گرژییە کۆمەڵایەتییە قووڵەی، کە له‌ ناخی‌ کۆمەڵگادا دەکوڵێت.

دۆخی پەروەردە لە عێراق بەو پاشەکشە گەورانەی بەخۆیەوە بینیویەتی، بووەتە نموونەیەکی بەرجەستە و نیشاندەرێکی ڕوون بۆ پاشەکشەی گشتیی دەوڵەتی عێراق لە سەرجەم بوارەکاندا. زۆرێک لە چاودێران ئەم پاشەکشەیە دەبەستنەوە بە سروشتی سیستەمی سیاسیی ئێستا، کە لەلایەن هێزە مه‌زهه‌بییه‌كانه‌وه‌ بەڕێوەدەبرێت و بۆچوون و ئایدیۆلۆژیای تایبەتی خۆیان بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتدا سەپاندووە، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی بەربڵاو لە جومگەکانی دەوڵەت و پەکخستنی میکانیزمەکانی گەشەپێدان و پێشکەوتن.
ئەو حیزبە شیعیانەی زیاتر لە دوو دەیەیە دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، نەک هەر نەیانتوانیوە هیچ دەستکەوتێکی بەرچاوی گەشەپێدان بەدیبهێنن، بەڵکو شکستیان هێناوە لە پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە لە ڕابردوودا لەسەر ئەرزی واقیع بوونیان هەبوو، لەوانەش لە بواری پەروەردەدا، چ لە ڕووی ڕێژەی گشتگیریی خوێندن لەنێو دانیشتوواندا و چ لە ڕووی ئاست و کوالێتی دەرچووانی.
کێشەکانی کەرتی پەروەردە لە لاوازیی ژێرخانی فیزیکی و کەمیی کەرەستە و پێداویستییەکانەوە دەستپێدەکات و بە لاوازیی ناوەڕۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و تێکەڵبوونیان کۆتایی نایەت. یەکێک لە دیارترین کێشەکان، کەمیی باڵەخانەی قوتابخانەکان و خراپیی ئەوانەی کە هەن. زۆربەی قوتابخانەکان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی بنەڕەتی هەیە، بەڵام بودجەی پێویست بۆ ئەم مەبەستە تەرخان ناکرێت. ئەمەش بووەتە هۆی قەرەباڵغییەکی زۆر لە پۆلەکاندا، بەجۆرێک کە هەندێک جار ژمارەی قوتابیان لە پۆلێکدا دەگاتە دوو هێندەی توانای ئاسایی پۆلەکە. ئەم دیاردەیە کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لەسەر کوالێتی پرۆسەی فێرکردن و فێربوون دادەنێت.
سەرباری ئەمانە، دیاردەی “قوتابخانەی تەنەکە و قوڕ، هێشتا لە هەندێک ناوچەی عێراقدا بوونی هەیە، کە ئەمەش وێنەیەکی تاڵ و شەرمهێنەرە بۆ وڵاتێکی خاوەن سامانی نەوتی زۆر. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، عێراق پێویستی بە دروستکردنی نزیکەی هەشت هەزار قوتابخانەی نوێ هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لەم جۆرە قوتابخانانە ڕزگاری بێت و کێشەی قەرەباڵغی چارەسەر بکات. ڕێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی پێشووتریدا ئاماژەی بەوە کردووە کە یەک لەسەر دووی قوتابخانەکانی عێراق پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە و توانای حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری پەروەردەیی باش بۆ هەمووان سنووردارە.
هەروەها، بانکی نێودەوڵەتی هۆشداری داوە لەوەی کە کەموکوڕییە گەورەکان لە کەرتی پەروەردەدا لە هەموو ئاستەکاندا بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لەنێو گەنجاندا و دروستبوونی جیاوازییەکی گەورە لەنێوان کارامەییەکانی دەرچووان و پێداویستییەکانی بازاڕی کاردا. ئەمەش بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕێگری لە گەشەی ئابووری وڵات دادەنرێت. ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن و دابڕان لە قوتابخانە لە تەمەنێکی زوودا بەشێوەیەکی مەترسیدار بەرزە، کە ئەمەش دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی خراپیی سیستەمی پەروەردە و نەبوونی هیوایە بە داهاتوویەکی باشتر لەڕێگەی خوێندنەوە.
ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، مامۆستایان لە سەرتاسەری عێراقدا دەستیان بە مانگرتنێکی گشتی کرد و ئامادەنەبوون بچنە ناو پۆلەکانی خوێندنەوە. داواکاریی سەرەکییان بریتییە لە باشترکردنی بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان و هەموارکردنەوەی پلەبەندی مووچەکانیان بەشێوەیەک کە لەگەڵ ئاستی بەرزی نرخی پێداویستییەکان و بژێوی ژیان لە وڵاتدا بگونجێت.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردە زۆرجار بارودۆخی پیشەیی و ژیانی خۆیان بەراورد دەکەن لەگەڵ توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا، بەتایبەتی لەگەڵ ئەندامانی ئەو هێزە چەکدارانەی (وەک میلیشیاکان) کە بەشێوەیەکی نافەرمی خۆیان بەسەر دەوڵەتدا سەپاندووە و لەلایەن هێزە سیاسییە دەستڕۆیشتووەکانەوە پشتیوانی دەکرێن. ئەم هێزانە و ئەندامانیان بەردەوام بەرگری لە ئیمتیاز و دەستکەوتە ماددییەکانیان دەکەن و مووچە و دەرماڵەی زۆر باش وەردەگرن، لە کاتێکدا مامۆستایان، کە بنیاتنەری نەوەی داهاتوون، بە مووچەیەکی کەم و لە بارودۆخێکی سەختدا کاردەکەن.
مامۆستایان لە هەموو قۆناغەکانی خوێندنی گشتیدا ڕووبەڕووی کارکردن بە مووچەی نزم، لە کەشێکی نائارام (بەهۆی نەبوونی یاسای پاراستنی مامۆستا و زیادبوونی توندوتیژی دژیان)، و بە کەرەستە و ئامرازی ماددی زۆر لاواز دەبنەوە. ئەمە جگە لە دۆخی خراپی باڵەخانەی قوتابخانەکان و کێشەی قەرەباڵغی کە پێشتر ئاماژەی پێکرا.
لە چوارچێوەی مانگرتنەکەدا، دەستە پەروەردەییەکان چەندین گردبوونەوە و مانگرتنیان لەبەردەم قوتابخانە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا جیاوازەکاندا ئەنجامدا. بەشداربووان ئاڵای عێراقیان بەرزکردبووەوە و دروشمی جۆراوجۆریان دەوتەوە کە داواکارییەکانیان لەخۆگرتبوو.

داواکارییە سەرەکییەکانی مامۆستایان بریتین لە:
زیادکردنی دەرماڵەی پیشەیی (مخصصات المهنة) لە 150 هەزار دینارەوە بۆ 300 هەزار دینار نزیکەی 230 دۆلار.
دابەشکردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون بەسەر مامۆستایاندا.
پەسەندکردنی یاسای پاراستنی مامۆستا، کە ماوەیەکی زۆرە داوای دەکەن و لە پەرلەماندا گیراوە.
زیادکردنی دەرماڵەکانی گواستنەوە و هاوسەرگیری و چەند دەرماڵەیەکی تر.

هەڵوێستی حکوومەت و ترسی دەسەڵاتداران:
مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان ئاماژەیەکی نەرێنی و جێگەی نیگەرانییە بۆ حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی. ئەم ناڕەزایەتییانە دەرخەری ئەو گرژییە جەماوەرییە و تووڕەییە کۆمەڵایەتییەیە کە لە ساڵانی پێشوودا پەرەی سەند و بووە هۆی ئاڵۆزیی بەرفراوان لەسەر شەقامەکان، کە لە ساڵی 2019دا گەیشتە لوتکە و بوو بە ڕاپەڕینێکی جەماوەری گەورە دژی سیستەمی حیزبە ئایینییەکان.
دەسەڵاتدارانی عێراق ترسیان لەوە هەیە کە “پەتای” مانگرتنەکان لە کەرتی پەروەردەوە بگوازرێتەوە بۆ کەرتەکانی دیکەی وەک تەندروستی، کارەبا و خزمەتگوزارییەکان، کە بارودۆخی کارمەندانیان هیچی کەمتر نییە لە خراپی بەراورد بە مامۆستایان. هەروەها نیگەرانن لەوەی کە مانگرتنی مامۆستایان ببێتە هۆی وروژاندنی قوتابیان و جارێکی دیکە پاڵنانیان بۆ ناو شەقامەکان، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین کە بووەتە وەرزی لاسایی بۆ خۆپیشاندانە جەماوەرییە گەورەکان لە عێراقدا.
مانگرتنی مامۆستایانی عێراق تەنها جوڵەیەکی ناڕەزایەتی نییە بۆ داواکردنی مافە پیشەیی و داراییەکان، بەڵکو ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ قەیرانێکی قووڵتر و سیستەمیتر کە بەرۆکی کەرتی پەروەردە و بەگشتی دەوڵەتی عێراقی گرتووە. لاوازیی ژێرخان، کەمیی بودجە، خراپیی کوالێتی خوێندن، بێ بایەخکردنی ڕۆڵی مامۆستا، گەندەڵیی بەربڵاو، و نەبوونی دیدگایەکی ستراتیژی بۆ پەرەپێدانی پەروەردە، هەموویان هۆکاری ئەو دۆخە کارەساتبارەن.
ئەم مانگرتنە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ حکومەتی عێراق و سیستەمی سیاسیی وڵات. پشتگوێخستنی داواکارییەکانی مامۆستایان و بەردەوامبوونی ئەم دۆخە نالەبارە، نەک هەر کاریگەریی نەرێنی درێژخایەنی لەسەر داهاتووی نەوەکانی عێراق دەبێت، بەڵکو دەکرێت ببێتە پشکۆیەک بۆ بڵێسەسەندنی ناڕەزایەتییەکی جەماوەریی بەرفراوانتر کە کۆنترۆڵکردنی ئاسان نەبێت. پێویستە حکومەت بە جددی مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکاندا بکات و هەنگاوی کرداری بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی کەرتی پەروەردە و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان، نەک تەنها بۆ هێورکردنەوەی کاتیی شەقام، بەڵکو وەک وەبەرهێنانێکی ستراتیژی لە داهاتووی وڵاتدا.