چەندین ساڵە ئەو گرووپانە هەڕەشەن لەسەر ئارامی و سەروەریی عێراق

چەندین ساڵە گرووپی چەکداری نایاسایی تەنگی بە عێراق هەڵچنیوە و هەمیشە عێراق لە ڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانە هاتووە کە زۆرترین ژمارەی گرووپی چەکداری لە یاسا دەرچووی تێدایە، ئەو گرووپانە هەڕەشە بوون بۆسەر وڵاتانی هاوپەیمان و تەنانەت بۆ سەر سەرەوەری و ئارامی وڵاتیش بەشێکیان چەندین جار سەرچاوە ئابورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیشیان بە ئامانج گرتووە.

لە نوێترین بەرەوپێشچووندا، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری 10 فەرماندەی باڵا و بەرپرسانی عێراقەوە ئەوەی راگەیاندووە؛ ژمارەیەک گرووپی میلیشیای بەهێز لە عێراق، ئامادەن خۆیان لە چەک داماڵن، ئەمەش یەکەم جارە گرووپە میلیشیا توندڕەوەوەکانی عێراق ناچار بن بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەی شەڕی ئیدارەی ئەمەریکا ئەم بڕیارە بدەن.
بەپێی ئەوەی راپۆرتەکەی ڕۆیتەرز ئاماژەی پێکردووە، فەرماندە باڵاکانی ئەو گرووپانە ئەم هەنگاوەیان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانە، دوای ئەوە لەلایەن ئیدارەی نوێی ئەمەریکاوە لە سەرەتای ئەم ساڵدا بە نهێنی هۆشداریان پێ درا و لە ڕێگەی حکوومەتی عێراقەوە ئاگەدار کراونەتەوە کە خۆیان لە هاوپەیمانێتی ئێران بەدوور بگرن.
لە راپۆرتەکەدا، ڕۆیتەرز ناوی هیچ یەکێک لەو فەرماندە و گرووپانەی بڵاوق نەکردووەتەوە کە زانیارییەکانی لێوەرگرتوون و تەنیا ئەوەی ڕاگەیاندووە ئامادەن لە پێناو هێور بوونەوەی دۆخەکە چەکەکانیان ڕادەست بکەن.
حکوومەتی عێراق چەندین جار ئاماژەی بە مەترسییەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە کردووە و بەڵام پێدەچێت ویستێک لە دەرەوەی عێراق هەبێت بۆ بەهێز بوونی ئەو گرووپانە بەو پێیەی هیچ کاتێک حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە خۆی لە هەژموون و دەسەڵاتی ئەو گرووپانە بپارێزێت و بەشێکی زۆری بودجەی عێراقیش بۆ پێداویستییەکانی ئەو گرووپانە تەرخان دەکرێت.
وا پێدەچێت بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بە عێراقەوە نەبێت، بەڵکو ئەمجارە ئەمریکا پێداگرە لەوەی ئەو گرووپانە لە سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە چەک بکرێن، بە تایبەت لە یەمەن و عێراق و لوبنان کە چەندین ساڵە هەڕەشەن بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ناوچەکە.
چەند سەرچاوەیەکیش باس لەوە دەکەن، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق بە نوێنەرایەتیی لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگ چووەتە یه‌مه‌ن، له‌گه‌ڵ حووسییه‌كان كۆ بووه‌ته‌وه‌ و تاوتوێی چاره‌نووسی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یان له‌ عێراق كردووه‌.
لە لایەکی دیکەوە، هەوڵێک لە نێو کۆنگرێسی ئەمریکا هەیە بۆ ڕزگار کردنی عێراق لەو گرووپە چەکدارانە و هەر یەک لە جۆ ویڵسن لە پارتی کۆماریخوازی ئەمەریکا و جیمی پانتا لە پارتی دیموکراتی ئەمەریکا ڕۆڵی سەرەکییان بینیوە لە نووسینی ڕەشنوسی پڕۆژەیاساکە و میدیاکانی ئەمەریکا مەبەستی سەرەکیی لەم هەنگاوەی کۆنگرێسیان، کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا ڕاگەیاندووە.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە ئەو ئەرکە دەخرێتە سەر شانی دامەزراوەکانی ئەمەریکا یارمەتیی پڕۆژەکە بدەن و لە ئەگەری نەهاتنەژێر باری عێراق بۆ دوورکەوتنەوە لەو گرووپانە یان جڵەونەکردنیان و تەنانەت هەوڵدان بۆ کڕینی گازی ئێران سزا بەسەر عێراقدا بسەپێنن.
ئەوەی تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، جگە لە زیان کردن لە هەڕەشە و مەترسییەکانی ئەو گرووپانە بەهۆی کاریگەرییان لەسەر حکوومەتی عێراق لەو لایەنەشەوە زیانی کردووە ڕێککەوتنە ئەمنی و ئیدارییەکانی سەر بگرێت، بۆ نموونە شنگال کە ڕێککەوتنی فەرمی لە نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر کراوە، بەڵام بەهۆی هەبوونی گرووپی چەکداریی جۆراوجۆرەوە تا ئێستاش حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە پابەندی جێبەجێ کردنی بێت و پێویستی بە شەڕی مەیدانی هەیە بۆ دوورخستنەوەی ئەم گرووپانە.