سلێمان تاشان – ههولێر
سبەی چوارشەممە نۆی نیسان ڕێک بیست و دوو ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا تێدەپەرێت، خەڵکی کوردستان وعێراق چاوەڕوان بوون دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری، ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزەرانی باڵ بەسەر هەموو عێراقدا بکێشێت و هەمووان لە سایەی دەستوورێکی شارستانییانەی فیدراڵی بە ئازادی بژین و کۆتایی بە ستەم و زۆری بهێنرێت، بەڵام ئەزموونی عێراقی نوێی فیدراڵی سەلماندوویەتی ستەم لە ناوەندەوە بە هەمان نەفەسە کۆنەکە بەردەوامە.
ساڵی ٢٠٢٣ چەند ڕۆژێک بەر لەوەی ئەمەریکا دەست بە هێرشی سەربازی بۆ سەر عێراق بکات، جۆرج بۆشی سهرۆكی وڵاتەکە له پەیامێکدا داوای له سهدام حسێن كرد دهست له دهسهڵات ههڵبگرێت و خۆی و كوڕهكانی عێراق جێبێهڵن، بهڵام سهدام بهداواكهی ڕازی نهبوو. ئەمەریکا هیچ چارەیەکی نەما جگە لەوەی کە هێرشەکە دەست پێ بکات و پێشتر کە توانیبووی هاوپهیمانی لهگهڵ چل و نۆ وڵاتدا پێکبهێنێت و لەگەڵ هێزی پێشمەرگەش هاوئاهەنگی کردبوو، لە ژێر ناوی ئۆپڕاسیۆنی ئازادیی عێراق دەستی بە هێرشەکە کرد.
ژمارهی سهربازانی هاوپهیمانان سەرووی سێسەد هەزار کەس دەبوون کە دووسەد و پەنجا هەزاریان ئەمەریکی بوون و لە دوای ئەمەریکا، بەریتانیا زۆرترین سەربازی بەشداریی ئەم جەنگە کرد. لە بهرهبهیانی ٢٠ی ئاداری ٢٠٠٣هێرشەکە بە وەشاندنی گورزی ئاسمانی دەستی پێ کرد و دواتر لەشکرکێشی سوپای بەدواوە بوو و لە ماوەی بیست و یەک ڕۆژدا بەغدا کەوتە دەستی هێزی هاوپەیمانان، پەیکەری سەدام حسێن لە بەغدا ڕووخێنرا و کۆتایی بە چەندین دەیە دەسەڵاتی ڕەشی بەعس هێنرا.
هەموو عێراقییەکان بەم ڕووداوە دڵخۆش بوون و شاییان گەڕا، ئەوەی پێوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەبوو ڕاستە دوازدە ساڵ بوو ڕاپەڕینی کردبوو و لە دەستی سەدام ڕزگاری ببوو و خاوەنی قەوارەی سیاسیی خۆی بوو، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و پرسی ئاڵۆزی دەستکاریکردنی سنوورەکان، بڕیاری دا لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵیدا تێکەڵی عێراق ببێتەوە و لە عێراقی فیدراڵدا بەدوای بەدیهێنانی سەرجەم مافەکانی خۆیدا بگەڕێت.
بە نووسینی دەستوورێکی نوێ و پەسندکرانی دوای ڕیفراندۆمی ٢٠٠٥، بناغەی دەوڵەتی نوێی عێراق دامەزرا و دەستوورەکە تا ڕادەیەکی باش ئەو مافە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی کوردی لەخۆ دەگرت کە خەباتی لە پێناودا دەکرد کە گرنگترینیان یەکلاکردنەوەی پرسی کەرکووک بوو.
لە چوارچێوەی مادەی سەد و چل دا، ئەم بابەتە یەکلایی کرایەوە و تەنانەت سەرجەم قۆناغەکانی جێبەجێکردنی مادەکە دەستنیشان کرا و دەبوایە لە ماوەیەکی کورتدا قەرەبوو و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و سنووری ناوچەی ١٤٠ و ڕیفراندۆم بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەمە هەرگیز جێبەجێ نەکرا.
کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق خۆیان لە جێبەجێکردنی مادەکە دزییەوە و شەڕی تایفی و ڕەکەبەرایەتی مێژوویی سوننە و شیعە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١١، سەرهەڵدانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، بڕینی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، بەناچار دەستپێکردنی فرۆشتنی نەوت لە لایەن هەرێمی کوردستان بە سەربەخۆ، هاتنی سەدان هەزار ئاوارەی عێراق و سووریا بۆ هەرێمی کوردستان، سەرهەڵدانی تەنگژەی دارایی و پاشان کۆرۆنا و دواتر ڕێگەنەدان بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و ڕووداوەکانی تر هۆکار بوون لەوەی ئەو عێراقە دروست نەبێت کە هەمووان چاوەڕێی دامەزراندنیان دەکرد.
ڕاستە سیمای هەرێمی کوردستان لە تەواوی عێراق جیاوازە و کوالێتی ژیان و خزمەتگوزارییەکان زۆر بەرزترە بەڵام عێراقی فیدراڵی لە جیاتی ئەوەی کە لە ڕووی دیموکراسی و دادپەروەرییەوە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت بەرەو دواوە هەنگاوی ناوە و سەرەڕای دەوڵەمەندیی عێراق بە نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان، بەشێکی زۆر لە عێراقییەکان تا ئەم ساتە لە ئاوی پاک و خزمەتگوزاریییەکانی وەک کارەبا و ڕێگاوبان بێبەشن.
کابینە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هیچ کاتێک لەو دەستوورە تێنەگەیشتن کە وڵاتەکەی لەسەر بنیات نراوە، لەجیاتی ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی بۆ دەسەڵاتێکی فرەرەنگ بگۆڕدرێت کە لە سیما هەرە سەرەکییەکانی سیستمی فیدراڵییە، یەک ڕەنگ ویستوویەتی خۆی بەسەر ڕەنگەکانی تردا زاڵ بکات و لە جیاتی ئەوەی هەوڵی گەشەپێدانی هەموو عێراق بدات هەوڵ دەدات هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق لێ بکات و لە زۆر ماف بێبەشی بکات.
ئەو بڕیارانەی لە بەغداوە دەرچوون و ئەو سیاسەتەی بە تایبەتی لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دواخستنی مووچە گیرایە بەر بە ئاشکرایی ئەو ڕاستییەی سەلماند کە بەغدا هاوشێوەی ڕابردوو و بەهەمان نەفەسی بەعس دەخوازێت درێژە بە ستەم و زۆری دژی کورد و هەموو عێراقییەکان بدات. رووخانی عێراقی بەعس خەریکە لە چارەگە سەدەیەک نزیک دەکەوێتەوە و کاتی ئەوە هاتووە عێراق لەو یادە پیرۆزەدا بەخۆیدا بچێتەوە و ئەو دەستوورە جێبەجێ بکات بیست ساڵ لەمەوبەر عێراقییەکان پەسندیان کرد.