کۆمیسیۆنی عێراق: هەڵبژاردنی عێراق لە کاتی خۆیدا دەکرێت

سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، کۆمیسیۆن هەموو ئامادەکارییەکانی خۆی تەواو کردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی عێراق لە کاتی خۆیدا بکرێت، هاوکات گوتیشی، بۆ ئەم ساڵ ئامێری پێویست دابین کراون بۆ ئەوەی لە ڕۆژی دەنگدان کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر ڕوو نەدات.

سێشەممە 25ـی ئاداری 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق  ڕایگەیاند “پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا لە 25ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت، چونکە هەموو نەخشە ڕێگاکان کۆمسیۆن بۆ ئەو ڕێککەوتە ئامادە کراون.”

هەروەها گوتی: لە ئێستادا کار لە سەر نوێکردنەوەی لیستی ناوەکان دەکەین و پێداچوونەوە بە کۆگەکان دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە پێداویستییەکان و ئامێری دەنگدان کە زیاتر لە 200 هەزار ئامێر دابین کراون.

عیماد جەمیل، لە بارەی ئەو دەنگدەرانەی پەنجەمۆریان ناخوێنرێتەوە گوتی: بۆ ڕۆژی دەنگدان ئامێری پێویست دابین کراون، بۆ ئەوەی ئەو دەنگدەرانە بتوانن دەنگ بدەن.

لە بارەی ژمارەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق ڕایگەیاند، نزیکەی 28 ملیۆن کەس لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق مافی دەنگ دانیان هەیە، بە تایبەت بۆ ئەم ساڵ لە دایکبووانی 2007ـیش دەنگ دەدەن کە ئەوانیش ملیۆنێک کەس دەبن، پێشبینیش دەکرێت ژمارەکە زیاد بکەن، ئەگەر ئەو دەنگدەرانەی کێشەیان هەیە زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە و خۆیان تۆمار بکەن.

سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەشی دا، بۆ ئەم ساڵ هیچ گۆڕانێک لە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق ناکرێت و هەر 394 کورسی دەبێت.