سلێمان تاشان – ههولێر
لێدوانێکی نوێی وەزیری نەوتی عێراق پەردە لەسەر نهێنییەک هەڵدەماڵێت کە دەڵێت ئێران بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەی ساختە و بە ناوی عێراق، نەوتی فرۆشتووە. ئەم لێدوانە لە پێوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران بە ڕووداوێکی گرنگ دادەنرێت و تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە ئێران هیچ هەڵوێستێکی لەبارەی ئەو لێدوانەی وەزیری نەوتی عێراق نەبووە.
پێوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە پێوەندییەکی زۆر پتەو و گەرم و گوڕ بوون و ئێران جگە لە کەرتی بازرگانی کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی لەگەڵ عێراق دەگاتە نزیکەی دوازدە ملیار دۆلار و لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە چالاکە، لە هەمان کاتدا لە بواری سیاسی و سەربازی و ئەمنیش جۆرێک هەژموونی بەسەر عێراقدا هەبووە.
لەم دواییانەدا بە تایبەتی لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی ئەمەریکای وەرگرتووە، گوشارەکان و سزاکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران زیادیان کردووە و سیاسەتی ئەمەریکا ئەوەیە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سفر کەم بکاتەوە و لە هەر شوێنێک نەوتی ئێران بگوازرێتەوە ئەوا پێشی پێ دەگرێت و هەموو ئەو کۆمپانیایانەش سزا دەدات کە هاوکاریی ئێران دەکەن.
ئەوەی جێی تێڕامانە ئەوەیە حکوومەتی عێراق بە فەرمی ئەوەی درکاندووە کە لە بازاڕەکانی جیهان بە بەڵگەنامەی ساختە بە ناوی عێراق نەوت فرۆشراوە لە کاتێکدا ئەو نەوتە هیچ فڕێکی بە عێراقەوە نەبووە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا بۆ کەناڵی عراقیە گوتوویەتی ئەمەریکییەکان دەستیان بەسەر بارێک نەوتدا گرتووە کە لە ڕاستیدا نەوتەکە هی ئێران بووە و دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتوە ئەو بارە بە بەڵگەنامەی ساختە و بە ناوی عێراقەوە ویستراوە ساغ بکرێتەوە. وادیارە هێزی دەریایی ئەمەریکا ژمارەیەک کەشتیی نەوتهەڵگریان پشکنیوە و لە ئۆپڕاسیۆنێکدا دەستیان بەسەر بارە نەوتەکە و بەڵگەنامەکاندا گرتووە و دواتر عێراقیان لێی ئاگادار کردووەتەوە.
جێی باسە ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ەوە دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتومی سزای قورسی بەسەردا سەپێنراوە و لە کۆتاییەکانی خولی پێشتری دەسەڵاتی ترەمپ هەناردەی نەوتی ئێران بۆ خوارووی دووسەد هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزی، بەڵام لە سەردەمی حکوومەتی بایدن گوشارەکان کەم کرانەوە و ئێران بۆ ئەوەی نەوتەکەی لە بازاڕەکانی جیهان ساغ بکاتەوە، ڕێکاری زۆر جیاوازی گرتە بەر بۆ ئەوەی سزاکان پووچەڵ بکاتەوە، وا دیارە یەکێک لەو ڕێکارانە ئەوە بووە بە بەڵگەی ساختە بە ناوی وڵاتی تر نەوتەکەی بفرۆشێت.
پێویستە بگوترێ لەبارەی ئەو زانیارییە نوێیەی وەزیری نەوتی عێراق خستوویەتە ڕوو، بەرپرسانی ئێران تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ هەڵوێست و وەڵامێکیان بڵاو نەکردووەتەوە.
حەیان عەبدولغەنی لە بەشێکی تری قسەکانیدا تەنانەت باسی لەوە کردووە کە ئەمریکا، حکوومەتی عێراقی لە پێوەندییەکانی سۆمۆ، کۆمپانیای نیشتمانیی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئاگادار کردووەتەوە و ئەو تۆمەتەی خستووەتە پاڵ کۆمپانیای سۆمۆ کە لە کەمکردنەوەی کاریگەریی سزاکانی ئەمەریکا یارمەتیی ئێرانی داوە.
هەڵوێستی نوێی وەزارەتی نەوتی عێراق لە کاتێکدایە کە عێراقیش لە لایەن ئەمەریکاوە گوشارێکی زۆری خراوەتە سەر بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ دەستوەردانەکانی ئێران لە کاروباری سەربازی و ئابووری و سیاسی دەستنیشان بکات و عێراق بەوە تۆمەتبار کراوە لە ڕێی گرووپەکانی وەک حەشدی شەعبی و هەندێک بانک و کۆمپانیاوە ساڵانە دۆلارێکی زۆر بۆ ئێران دەگوازنەوە و ئێران بە پشتبەستن بە عێراق هەوڵ دەدات کاریگەریی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر خۆی لاواز بکات.