بەرپرسێکی ئیداری کەرکووک بە تاوانی وەرگرتنی بەرتیل شەش ساڵ زیندانی دەکرێت. بە تاوانی دەستکاریی بڕی وەرگرتنی باجیش، چوار ساڵی دیکە زیندانی دەکرێت.
یەکشەممە، 23-03-2025، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، دادگای تاوانەکانی کەرکووک، سزای شەش ساڵ زیندانی و سزای دارایی (غەرامەکردن)ـی بۆ هەنا عەبدولکەریم حەسەن بەیاتی، بەرپرسی بەشی زەوی و زار لە فەرمانگەی باجی کەرکووک، بە تاوانی وەرگرتنی بەرتیل لە بەرانبەر ڕاییکردنی مامەڵەیەکی باج، دەرکردووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، ئەو بەرپرسەی فەرمانگەی باجی کەرکووک هەڵاتووە و دەستگیر نەکراوە، بۆیە دادگا بەبێ ئامادەبوونی (بە شێوەی غیاب) سزای شەش ساڵ زیندانی و سزای دارایی بەسەردا سەپاندووە.
هاوکات، دادگاکە بە تاوانی دەستکاریی مامەڵەی حیسابکردنی باج بۆ موڵکێک، سزای زیندانی توندی چوار ساڵی دیکەی، بەسەر ئەو تاوانبارە هەڵاتووەدا سەپاند. وەکوو ئەوەی باسی لێ کراوە، بەیاتی بڕی باجی موڵکێکی بە پێچەوانەی ڕێنمایی و یاساکان، کەم کردووەتەوە.
بە گوێرەی بڕیاری دادگای تاوانەکانی کەرکووک، دەست بەسەر هەموو سەروەت و سامانی هەنا بەیاتیدا دەگیرێت و گەشتکردن لێی قەدەغە دەکرێت.