عزەت شابەندەر: ئەمەریکا هۆشداریی بەعێراق داوە حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە

عزەت شابەندەر، سیاسەتمەداری عێراقی لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: چارەکردنی کێشەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، سەد لە 100 پرسێکی ناوخۆییە و عێراق بڕیاری لەبارەوە دەدات.

عزەت شابەندەر گوتیشی: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕێگەی وەزیری دەرەوەی خۆی کە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و پێی گوتووە و دووپاتی کردووەتەوە، کە ئەمەریکا نایەوێت عێراق لەسەر بابەتی کارەبا پەیوەندی بە ئێرانەوە بمینێت و پێویستە ئەو پەیوەندییە ببڕدرێت، کە دوای تەواوبوونی ماوەی لێخۆشبوون ڕێگە بە هاوردەکردنی غاز و کارەبا نادرێت، باشە جێگرەوەی چییە؟ هیچ جێگرەوەیەکی نییە، ئێ باشە عێراق نوقمی تاریکی دەبێت، ئەوەش بەلایانەوە گرنگ نییە.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەمەریکا هۆشداریی داوە، کە پێویستە حکوومەتی عێراقی گرووپە چەکدارەکان و بەرەی مقاوەمە چەک دابنێن، هەروەها نابێت حەشدی شەعبی بمینێت و دەبێت هەڵوەشێنرێتەوە و دابەش بکرێن بەسەر دامەزراوەکانی ئەمنی، کە ڕەنگە ئەندامانی حەشدی شەعبی ببنە بەرگریی شارستانی، یان هاتوچۆ یان پاسەوان و چاودێر.

پێنجشەممە، 6ـی ئاداری 2025، ماڵپەڕی “ڕیل کلێر ئەنگری”ـی ئەمەریکایی کە تایبەتە بە کاروباری وزە، ڕایگەیاند، ڕۆژی 7ـی ئادار لێخۆشبوونی ئەمەریکا بۆ عێراق دەربارەی هاوردەکردنی غاز و کارەبا کۆتایی دێت، ئاماژەی بەوەش دا، دوایین لێخۆشبوون کە جۆو بایدن بۆ عێراقی درێژ کردەوە، ماوەی 120 ڕۆژ بوو، کە ڕێگەی بە هاوردەکردنی غاز و کارەبای ئێرانی دەدا، بەڵام  سبەینێ 7ـی ئاداری 2025 ئەو مۆڵەتە کۆتایی دێت.