کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە ڕێککەوتنەکانی عێراق دڵنیا نین و داوای گرەنتی و پارەی پێشوەختە دەکەن، وەزارەتی نەوتی فیدراڵیش پێشنیازەکانیان ڕەت دەکاتەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق 8 کۆمپانیای ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی دەستنیشان کردووە تاوەکوو یەکێک لەو کۆمپانیایانە لەماوەی 60 ڕۆژدا پێداچوونەوە بە نرخی 16 دۆلار بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا بکات، دواتر نرخی کۆتایی دیاریی بکات، بەڵام کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت ترسیان هەیە حکوومەتی عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبێت، بۆیە داواین کردووە پێشوەختە پارەیان پێبدرێت و گرەنتی تەواویان بکرێت، بەڵام وەزارەتی نەوت سەرجەم پێشنیازەکانی کۆمپانیاکانی نەوتی ڕەت کردووەتەوە، کۆمپانیاکانیش دەڵێن: ئامادەنین بەو میکانیزمەی ئێستا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەنەوە.
نەهرۆ ڕواندزی، لە لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: لەو کاتەی نەوت هەناردە دەکرێت، هەر گۆڕانکارییەک لە نرخی نەوت، لەسەر کۆمپانیاکانی نەوتە بەرپرسیارەتییەکە هەڵبگرن، بەپێی ئەو 16 دۆلارەی بۆ تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت دیاریکراوە.
کۆبوونەوەی یەکشەممەی ڕابردووی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت(ئەپیکۆر) بە گرژی و ئاڵۆزیی کۆتاییهات، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت داوایان کردووە پێشوەختە پارەی تێچووی دەرهێنانی نەوتیان پێبدرێت چونکە دڵنیانین عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکان دەبێت، لەگەڵ پێداچوونەوەی قەرزی ساڵانی ڕابردوو کە کۆمپانیاکان کاریان کردووە، داواش دەکەن ڕێککەوتنێکی نوێی نووسراو لەنێوانیاندا بکرێت، بەڵام وەزارەتی نەوت سەرجەم پێشنیازەکانی کۆمپامیاکانی نەوتی ڕەت کردووەتەوە، بڕیارە کۆبوونەوەی دووەمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت دیسان لە بەغدا ئەنجام بدرێت.
عەدنان جابری، لە لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق گوتی: حکوومەتی عێراق بەپێی ڕێککەوتنەکان، پارەی تێچووی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات، بۆیە هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە و پێویستە وەزارەتی نەوت ئاگەداری ناوەڕۆکی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی یەکەمدا ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت، بڕی 185 هەزار بەرمیلیان لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت، 115 هەزار بەرمیلی دیکەش بۆ پڕکردنەوەی پێدایستییەکانی ناوخۆ بەکاردەهێنرێت.