بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، متمانە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەنرایەوە.
کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 05-03-2025، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ لێپرسینەوە لە ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بە دەنگی زۆرینەی ڕەهای ئەندامان، متمانە لە ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە سەنرایەوە و لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان ژمارەیەکی زۆر سەرنج و تێبینیی لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەبارەی بڕوانامەکەی، بڕیار و مامەڵەکانی، سەرپێچی و پێشێلکارییەکانی هەبوون، بۆیە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.
ئەحمەد حاسوود بڕوانامەی پۆلی شەشی ئامادەیی وێژەیی هەیە، کەچی لە ئۆکرانیا بڕوانامەی پزیشکیی ددانی بەدەستهێناوە و خۆی وەکو پزیشک ناساندووە، ئەوەش پێچەوانەی بڕیار و رێنوێنییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقە.
ئەحمەد حاسوود سەر بە هاوپەیمانی “عەقدی وەتەنییە” کە لە لایەن فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
هاوکات ئەو ئەندامانەی دەنگیان بە دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە داوە “هیوامان دەخواست سەرۆکی ئەنجوومەن ئامادەی دانیشتنی لێپرسینەوە بێت، بە ڕوونی و بە شەفافیەت و بەرپرسیارێتی تەواوەوە لە بەردەم ئەنجوومەن بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام سەرەڕای ئەوەی لەنێو باڵەخانەی ئەنجوومەن ئامادە بوو، نەهاتە دانیشتنەکە و دامەزراوەی چاودێری و داواکاری لێپرسینەوەی پشتگوێخست؛ ئەمەش ناچاری کردین بەردەوام بین لە ڕێکارە دەستووری و یاساییە پێویستەکان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە ناوبراو.”
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەوڵیان داوە دانیشتنەکە پەکبخەن و کاریگەری لەسەر پرۆسەی دەنگدان دروست بکەن “بەڵام دەنگی حەقیقەت بەهێزتر بوو، و توانیمان ئیرادەی ڕاستەقینە بۆ پاراستنی شکۆی ئەنجوومەن و ڕۆڵی چاودێریکردنی، و ڕێگری لە هەر سەرپێچییەک یان بێبایەخکردنێک بۆ ئەو دامەزراوە فەرمیانەی کە نوێنەرایەتی ئیرادەی خەڵکی نەینەوا دەکەن، جێبەجێ بکەین.”
ئاماژەیان بەوەش کردووە “وەک چۆن دەنگمان بە دەرکردنی سەرۆکی ئەنجوومەن دا، دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم بڕیارە دژی کەسێک نەبووە، بەڵکو هەڵوێستێک بووە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی کاری دامەزراوەیی. هەروەها پابەندبوونی تەواومان نوێ دەکەینەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕۆڵی چاودێریکردنمان بە بەرپرسیارێتی تەواوەوە، و داوا لە هەموو ئەندامان دەکەین هاوکاری بکەن بە مەبەستی خزمەتکردنی پارێزگار و بەرزکردنەوەی متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانیان.”