سلێمان تاشان – ههولێر
حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستیان بە گەڕێکی نوێی گفتوگۆ کردووە کە ئامانج لێی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی دیکەی ئەمنییە بۆ درێژەدان بە پێوەندییە سەربازی و سیاسییەکان، ئەو گفتوگۆیانە لەکاتێکدان کە بەپێی ڕێککەوتنی پێشوو ئەمەریکا تا کۆتایی ئەمساڵ درێژە بە ئۆپڕاسیۆنەکانی دەدات.
ھەرچەندە پێشتریش بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ھەشتی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ژمارەیەک بەرپرسی عێراقیی چوارچێوەی ھاوئاھەنگی، ئەوەیان ڕاگەیاندبوو کە عێراق مەیلی ھەیە درێژە بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا بدات بەڵام بە فەرمی ھیچ شتێک لەم بارەیەوە لەئارادانەبوو. نوێترین لێدوانی وەزیری بەرگریی عێراق ئەوە دەسەلمێنێت کە گفتوگۆکان دەستیان پێ کردووە و ئەوە ماوەتەوە بڕیاری کۆتاییان لەسەر بدرێت.
سابت عەباسی وەزیری بەرگریی عێراق ئاشکرای کرد کە لە ڕێککەوتننامەیەکی نوێی ئەمنی لەگەڵ ئەمەریکا دەکۆڵنەوە و دەخوازن درێژە بە پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا بدەن و دووبارە ھاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانیان ڕێک بخەنەوە.
وەزیری بەرگریی عێراق ئاماژەی داوە کە ھێشتا ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش لە عێراق ماون و لە پارێزگاکانی کەرکووک و ئەنبار و چەند شوێنی دیکە تەنانەت بەشێوەی گرووپ چالاکییان ھەیە و مەترسیدارن بۆ سەر ئاسایشی عێراق و نیگەرانیی خۆیشی لە پەرەسەندنی چالاکییەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە دەربڕیبوو.
ئەو ئاماژەی دا یەکێک لە سەرەکیترین نیگەرانییەکانیان ئەو زیندانییانەن کە لە لایەن ھێزەکانی سووریای دیموکرات لە سووریا ڕاگیراون و ھەر جۆرە کێشەیەک بۆ کەمپەکانی وەک ھۆل بێتە کایەوە ئەوا کێشەی گەوەری ئەمنی بۆ عێراق دەھێنێتە کایەوە.
جگە لەوەی کە خوێندنەوەی ئەوە لە قسەکانی وەزیری بەرگریی عێراق دەکرێ، حەز دەکات ئەمەریکا بۆ ماوەیەکی زیاتر لە عێراق بمێنێتەوە، تەنانەت ناخوازێت ھێزەکانی ئەمەریکا سووریاش جێبھێڵن و ھەر بۆیەش ھیوای خواستووە ئەمەریکا و ھێزەکانی سووریای دیموکرات لە ھاوکاریکردنی یەکتر لە دژی داعش، بەردەوام بن.
ئەمەریکا دوو ھەزار و پێنجسەد سەربازی لە عێراق و نۆسەد سەربازی لە سووریا ھەیە و چاوەڕوان دەکرێ بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، ژمارەی ھێزەکان زیاتر بکات و لە ماوەی ڕابردوودا ھەرچەندە ھیچ ژمارەیەک بۆ سەربازەکانی ئەمەریکا لە سووریا ئاشکرا نەکراوە بەڵام ھێزی زیاتری بردووەتە سووریا و چەک و پێداویستی زیاتری سەربازی ڕەوانە کردووە.
مەترسیی نوێ کە دوای ڕووخانی ئەسەد بۆ عێراق دروست بووە دووبارە سەرھەڵدانەوەی داعش و پەڕینەوەیانە بۆ ناو خاکی عێراق. جگە لەمە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد گوشار خراوەتە سەر عێراق ھاووڵاتییەکانی وەربگرێتەوە کە لە کەمپی ھۆل ڕاگیراون و ڕاستە ژمارەیەک لە بنەماڵەکانی وەرگرتووەتەوە بەڵام ترسی ئەوەی ھەیە کاریگەریی نەرێنیان لەسەر ئاسایشی عێراق ھەبێت.
تا بەر لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد عێراق بەسەر دوو ڕای جیاوازدا دابەش ببوو و بەشێکیان کە زیاتر لە لایەنەکانی شیعە بوون لەژێر گوشاری ئێراندا پێیان وابوو داعش کۆتایی ھاتووە و پێویست ناکات ھێزی ئەمەریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق بمێننەوە. بەرەیەکی دیکە کە کورد و سوننە و بەشێکی کەمی شیعە بوون، پێیان وابووھێشتا داعش مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە و پێویستییان بە یارمەتی و ھاوکاری و مانەوەی زیاتری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ھەیە.
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، ئۆپەراسیۆنەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق بۆ ساڵێک و لە سووریا بۆ دوو ساڵ درێژ کرایەوە بەڵام ڕووداوە نوێیەکانی ناوچەکە بە تایبەتی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ڕوانگەی عێراقییەکان بە تایبەتی لایەنە شیعەکانی گۆڕیوە. بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە لە ٢٧ی مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو بڵاو کرایەوە پێداگری لەوە کرابوو لە ماوەی دوازە مانگدا ھاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە عێراق کۆتایی پێدەھێنن و ئەرکەکەیان لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەگۆڕدرێت بۆ ھاوبەشییەکی ئاسایشی دوو لایەنە کە ئامانجی پاڵپشتیکردنی ھێزە عێراقییەکانە و بەردەوام دەبێت لە گوشارخستنە سەر داعش بۆ ڕێگریکردن لە سەرھەڵدانەوەی لە وڵاتەکەدا.
ھەروەھا باس لەوە کرابوو لە کاتێکدا عێراق ئەندامێکی گرنگی ھاوپەیمانییەکەیە، بۆ ڕاگرتنی گەڕانەوەی ھەڕەشەکانی داعش لە باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا، ئەرکی سەربازی ھاوپەیمانان لە سووریا تا مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت، ئەم بڕیارە بڕیاری کۆتایی نییە و پەیوەستە بە دۆخی ناوچەکە و گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا و ئەندامانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
ئەگەر سەرنجی ڕێککەوتنەکە بدرێت، دوای کەمتر لە سێ مانگ لە واژۆکرانی، حکوومەتی ئەسەد ڕووخا و دۆخێکی جیاواز لە جاران لە ناوچەکە ھاتووەتە کایەوە و ئەگەر مەترسییەکانی داعش زیادی نەکردبێت ئەوا کەمی نەکردووە و لە سەرووی ئەوانەشەوە جیھان بە گومانەوە لە حکوومەتی ئەحمەد شەرع دەڕوانێت کە پاشخانێکی تیرۆریستییان ھەیە و سەرھەڵدانی ھەر جۆرە ئاڵۆزییەکی نوێ لە سووریا لە لایەن داعشەوە دەقۆزرێتەوە.
لەخۆوە نییە حکوومەتی عێراق لە ژێر کاریگەریی ڕووداوەکانی سووریا، بە تایبەتی لە سنوورەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە ھەست بە نائارامی دەکات و ترسی ھەیە ھەمان قەیرانی ئەمنیی ٢٠١٤ دووبارە ببێتەوە و سەردەمێکی نوێی ئاڵۆزی و پشێوی لە عێراق دەست پێ بکات و بۆیەش بەلەبەرچاوگرتنی نزیکبوونەوە لە ھەڵبژاردن، ھیچ بژاردەیەک لەوە باشتر نییە عێراق درێژە بە ھاوکارییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا بدات.