وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کۆی داهاتی یازدە مانگی ساڵی ڕابردووی زایینی ئاشکرا کرد، داهاتەکە ئەنجامی جێی سەرنجی تێدایە و ئەگەر مشووری نەخورێت و هەنگاو بۆ فرەجۆرکردنی داهات نەنرێت ئەوا مەترسیی گەورە بۆ سەر داهاتووی ئابورییەکەی دێتە کایەوە.
وەک ئاشکرایە عێراق هاوشێوەی زۆرێک لەو وڵاتانەی کە بە نەوت دەوڵەمەندن لە دابینکردنی داهاتیان پشت بە بەرهەمهێنانی نەوت و ساغکردنەوەی لە بازاڕەکانی جیهان دەبەستن، وڵاتانی تری خاوەن نەوت و گاز بە تایبەتی سعوودیە و قەتەر چەندین ساڵە سیاسەتی جیاوازتریان گرتووەتە بەر و سیاسەتەکانی پەرەپێدانی ئابوورییان لەسەر بنەمای کەمکردنەوەی پشتئەستووریی لە نەوت و گازەوە بۆ سەرچاوەکانی دیکەی داهات گۆڕیوە.
بەپێی نوێترین خشتەی داهاتی دارایی عێراق کە پێوەستە بە یازدە مانگی ساڵەکە کۆی داهاتی نەوت بریتی بووە لە سەرووی سەد و نۆزدە تریلیۆن دینار، بەڵام داهاتی نانەوتی سەرووی شازدە تریلیۆن دینار بووە. لەو ئامارە ئەوە سەلمێنراوە کە عێراق لە ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی هەشتا و هەشت لەسەدا پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە و تەنیا بە ڕێژەی دوازدە لەسەدا پشتی بە داهاتی نانەوتی بەستووە.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی عێراق ڕۆژانە سەرووی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت و ئەو بودجە زەبەلاحەی ساڵانە خەرجی دەکات، دەبوایە قەبارەی گەشەسەندن لە سەرجەم کەرتەکانی ئابووری و تەندروستی و خزمەتگوزاری و پیشەسازی زۆر بەرچاو بوایە و بودجەکە کاریگەریی لەسەر باشترکردنی ژیانی خەڵک و لە هەمان کاتدا پەرەپێدانی بەرهەمهێنان هەبوایە بەڵام بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.
سەرهەڵدانی کۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوت بۆ سفر و ئەو قەیرانە ئابوورییەی بەرۆکی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی گرتەوە ئەو ڕاستییە زیاتر دەسەلمێنێت
عێراق لە سیاسەتی داراییدا تەنیا ستەمی لە داهاتووی ئابووریی خۆی نەکردووە بەڵکوو لە دابەشکاریشدا زۆرترین ستەمی لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەپێی یاسا دەبوایە دوازدە و شەست و حەوت لەسەدای بودجە بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کرابا بەڵام زۆر کەمتر خەرج کراوە و جگە لەمە هەرێمی کوردستانی لە بودجەی وەبەرهێنان بێبەش کردووە
بۆ نموونە لەو زیاتر لە سەد و سی و شەش تریلیۆن دینارەی کە لەو یازدە مانگەدا خەرجی کردووە تەنیا سێزدە تریلیۆن و سەد و دوازدە ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کردووە کە ئەگەر بە گوێرەی یاسای بودجە لێک بدرێتەوە ئەوا بۆ خوارووی دە لەسەدا دادەبەزێت. کۆی ئەو پارانەی ناردووینی هیچی پێوەندی بە بودجەی وەبەرهێنان نییە و لە چوارچێوەی مووچە و شایستە داراییەکان ڕەوانەی کردوون. ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە نزیکە لەوە بودجەیەی حکوومەتی فیدراڵی تەنیا بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراقی دابین کردووە کە سەرووی دوازدە تریلیۆن دینار بووە.
زۆرترین بڕی پارە کە بەغدا لە سەرەتای ساڵی ڕابردوو تا مانگی تشرینی دووەمی ساڵەکە ڕەوانەی کوردستانی کردبێت بۆ مانگی تشرینی دووەم دەگەڕێتەوە کە دوو تریلیۆن و دووسەد و یازدە ملیار دیناری نارد و کەمترین بڕی پارەیش کە نێردرابێت هی مانگی ئاب بووە کە تەنیا سەد و هەشتا و شەش ملیار دیناری ڕەوانە کرد و مووچەی مانگی دوازدەیشی بە بیانووی حساباتی دارایی ڕەوانە نەکرد.
لە کۆی ئەو بودجەیەی عێراق خەرجی کردووە سەد و سێزدە تریلیۆن و پێنجسەد ملیار دیناری وەک مووچە و خەرجیی خزمەتگوزاری و سەرووی بیست و دوو تریلیۆنی پێوەندیدار بووە بە وەبەرهێنان. هەر چەندە قەبارەی وەبەرهێنان لە چاو ساڵانی ڕابردوو زیادی کردووە بەڵام لەو قەبارەیەی وەبەرهێنان تەنانەت یەک دۆلاریشی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان نەکردووە.
هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە دوای ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و هەمواری یاسای دوازدە کرا، حکوومەتی فیدراڵی مانگانە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا ڕەوانە بکات و دەست بە ناردنی بودجەی وەبەرهێنانیش بکاتەوە. شانبەشانی ئەوە سیاسەتی کەمکردنەوەی پشتئەستووریی بە نەوت کەم بکاتەوە و داهاتەکانی فرەجۆر بکات.