یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، دەستەی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 3.4 بەپلەی ڕێختەر لە شارۆچکە مەندەلی سەر بەپارێزگای دیالە ڕووی دا.
دەستەی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە “نیوە شەوی ڕابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.4 بەپلەی ڕێختەر باشووری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی مەندەلی هەژاند.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە،”هاووڵاتییانی ناوچەکە هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە.”
دەستەی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، لە 9ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاماری بومەلەرزەکانی عێراقی بۆ ساڵی 2024 بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کۆی گشتی ئەو بوومەلەرزانەی تۆمار کراون لە تۆڕی چاودێریی بومەلەرزەزانیی عێراق لە ماوەی ساڵی 2024دا، 539 بوومەلەرزە بوونە، کە گوڕەکانیان لە نێوان 1-6.2 پلە بووە.
دەستەی گشتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی عێراق باسی لەوەش کردووە “بوومەلەرزەکان لە ناوچەکانی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی دەربەندیخان، ڕۆژهەڵاتی کەلار، خانەقین، مەندەلی، دیالە، قەزای بەدرە، نەینەوا، کەرکووک، دهۆک و هەولێر ڕوویان داوە.”