موسەننا سامەرایی: تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و بەسرە جیاوازە

سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم ڕایگەیاند، زیانەکانی عێراق لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، 18 ملیاری دۆلاری تێپەراندووە. 

دووشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2025، موسەننا سامەرایی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم لە ڕاگەیاندراوێکدا گوتی: “بۆیە جەخت لەسەر گرنگی دۆسیەی نەوت دەکەینەوە، چونکە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی وڵاتە”، هەروەها سەرسوڕمانی خۆی لەو لێدوانانە دەربڕی کە نابەرپرسانە قسەدەکەن و  هەوڵدەدەن ڕێگری لە چارەکردنی کیشە ئابوورییە هەڵپەسێردراوەکان بکەن.”

موسەننا سامەرایی ئاماژەی بەوەش کرد، “تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی بەپێی سروشتی زەوییەکە و قووڵایی بیرە نەوتییەکان جیاوازە، بۆ نموونە تێچووی بەرهەمهێنان، لە کێڵگەکانی بەسرە دەگاتە نزیکەی 6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەندێک کێڵگەی هەرێمی کوردستان زیاترە و دەگاتە 20 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک.”
لە ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم دا هاتووە، “ئەو نرخەی لە هەموارکردنەوەی یاساکەدا دیاریکراوە کە 16 دۆلارە، ئەوە خەمڵاندنی کۆتایی نییە، هەروەها کەوتۆتە ژێر وردبینی لەلایەن دەزگای ڕاوێژکارییەوە کە لە پێشنیازی هەموارکردنەوەکەدا کە ئاماژەی پێکراوە، جگە لە وردبینیکردن لە فەرمانگەی چاودێری دارایی فیدرالی”، گوتیشی: “ئەم هەموارکردنە پێویستە بۆ پشتگیریکردن لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەی پەسەندکراو، بەتایبەت ئەو بڕگانەی پەیوەستن بە هاوردەکردنی نەوت، لە ژێر ڕۆشنایی زیادبوونی خەرجییە گشتییەکان و کورتهێنانی دارایی.”

باسی لەوەش کرد، “ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و بەشێک لە نەوتی کەرکووک لە ماوەی ڕابردوودا، زیانێکی زۆر بە ئابووری عێراق گەیاندووە، کە 18 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، بۆیە ئەم بەرپرسیارەتیە لە ئەستۆی حکوومەتە.”

ئاماژەی بەوەشدا ، “میکانیزمی هەناردەکردنەوە نەوت، کە لە یاسای بودجەدا هاتووە، لەڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ)ەوە دەکرێت،هیوادارین ئەندامانی نوێنەرانی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادەبن بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە.”

لە ئاداری 2023ەوە هەنناردەکردنی نەوتی هەرێم لەسەر سکاڵایەکی عێراق لە دادگای پاریس ڕاگیراوە.