لە سایەی گرووپە میلیشیاکان عێراق نۆیەم مەترسیدارترین وڵاتی جیهانە بۆ گەشتکردن

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

گۆڤاری CEOWORLD بۆ ئەمساڵ لیستی مەترسیدارترین وڵاتانی جیهانی بۆ گەشتکردن بڵاو کردەوە و بەپێی لیستەکە عێراق لە ڕیزبەندی نۆیەم مەترسیدارترین وڵات دێت کە گەشتکردن بۆی بە شتێکی زۆر مەترسیدار دادەنرێت و هۆشداری بە گەشتیاران دراوە لەوەی ڕێژەی ڕیسکی گەشتکردن بۆ عێراق بەرزە و بە هەڵبژاردنی وڵاتی ئارام سەلامەتیی خۆیان بپارێزن.

لە ڕاپۆرتی گۆڤارەکەدا هاتووە سۆماڵ بە مەترسیدارترین وڵات دادەنرێت کە سەردانکردنی گەشتیاران بۆ ئەو وڵاتەی بە هەنگاوێکی زۆر مەترسیدار هەژمار کردووە. باشووری سوودان، ئۆکراینا، لیبیا، سوودان، پاکستان، ئەفغانستان و میانمار تا پلەی هەشتەم دێن و عێراق پلەی نۆیەمی پێ بڕاوە. تەنانەت دۆخی فەلەستین، لبنان، یەمەن، سووریا، بیلارووس و کۆریای باکور لە عێراق باشترە و پێگەیەکی بەرزتریان پێ دراوە کە لە ڕیزبەندی دە تا پازدەی مەترسیدارترین وڵاتانی جیهان دێن.
هەر بە پێی لیستەکە سویسرا، لۆکزامبورگ، سلۆڤانیا و فینلەندا بۆ گەشتیاران بە باشترین و ئارامترین وڵاتانی جیهان ناویان هاتووە و لە دوای ئەوانیش دانیمارک، نەرویج، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەلجیکا دێن. ئەم ئامۆژگارییە گەشتیارییە ساڵانە هەڕەشە و تەحەددای ئەمنیی جۆراوجۆری وەک شەڕ، تیرۆر، تاوانی ڕێکخراو و شەڕی چەکداری و مەترسییەکانی تر لەبەرچاو دەگرێت و هەر لەسەر ئەو بنەمایە پلە و پێگەکە دەستنیشان دەکات. ئامانج لێی یارمەتیدانی گەشتیاران و بازرگانەکانە بۆ ئەوەی ئاگادار بن لە ئەگەری ئاستەنگەکان لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا، لە کاتی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات. پێویستە بگوترێ گرنگترین هۆکار کە وای لە عێراق کردووە ئەو پێگە مەترسیدارەی پێ بدرێت پێوەندی بە بوونی دەیان گرووپی میلیشیایی و چەکداری هەیە کە دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت هیچ دەسەڵاتێکی بەسەریاندا ناشکێت و بە کەیفی خۆیان سوود لە سامانی گشتی و وەردەگرن بێ ئەوەی حساب بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵات بکەن. بەشێک لەو گرووپانە عێراقیان کردووەتە گۆڕەپانێکی جەنگ و ململانێ بۆ پاکانەحسابی وڵاتان لەگەڵ یەکتر.
ئەو گرووپانە لە بازرگانیی مادەی هۆشبەرەوە بگرە تا کۆنترۆڵکردنی دەروازە بازرگانییەکان، ڕفاندن و تیرۆر و کوشتن و ڕەشەکوژی و لە سەرووی هەمووان هەڕەشە لە دیپلۆماتکارانی بیانی و گەشتیارن و تەقینەوە و ئاراستەکردنی درۆن و مووشەک و هاوەن ڕۆڵیان هەبووە و لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆژنامەنووس و کەسایەتی جیاوازیان بە بارمتە گرتووە یان بێسەووشوێن کردووە و زیانیشیان بە دامەزراوە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەکان گەیاندووە.
ئەو تایبەتمەندییەی عێراق کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەرێمی کورستانیش هەبووە چونکە لە نەخشەی سیاسیی گەشتیاریدا وەک بەشێک لە خاکی عێراق هەژمار دەکرێت و هەرێمی کوردستان هەرچەندە ئارام بێت، لکانی ناوی عێراق پێیەوە زیان بە پێگەکەی دەگەیەنێت، ئەو گەشتیارانەی زنیاریی تەواویان لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان نییە بە یەک چاو سەیری هەر دووکیان دەکەن.
هەرێمی کوردستان بە ئارامترین شوێن بۆ گەشتیاران هەژمار کراوە و سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەی گەشتیاران ساڵ بەساڵ زیادی کردووە بەڵام هێشتا ڕووی نەداوە گەشتیارێک لەهەرێمی کوردستان ڕفێنرابێت یان ڕووبەڕووی دەستدرێژی و هەر جۆرە ترسێک بووبێتەوە. لەگەڵ هاتنی سەدان هەزار گەشتیاری بیانی، هاتنی ساڵانە ملیۆنان گەشتیاری عەرەب لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ کوردستان ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکاتەوە.
ساڵی ٢٠٠٧ سەرووی سێسەد هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەو کاتەوە جگە لە چەند حاڵەتێک ژمارەی گەشتیاران بەردەوام ڕووی لە زیادبوون بووە و گەیشتووەتە سەرووی حەوت ملیۆن و پێشبینی کراوە ئەمساڵ بگەیەنرێتە هەشت ملیۆن و بە پێی پلانی گەشتیاریش ئامانج ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی هەرێمی کوردستان و شوێنەگەشتیارییەکان دەکەن بگەیەنرێتە بیست ملیۆن کەس.
گرووپە میلیشیاکان لەم دواییانەدا کەمێک بێدەنگ بوون و گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتی خراوەتە سەر حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی کۆتایی بەو پاشاگەردانییە بهێنرێت، لە ئەگەری وەرگرتنەوەی چەک لەو گرووپانە و هەڵوزشانەوەیان وگێڕانەوەی رۆڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، پێگەی عێراقیش لە پێنوێنییە جیهانییەکان بەرز دەبێتەوە.