هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا کەمیکردووە

یەکشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2025، ئیدارەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا لە هەفتەی ڕابردوودا کەمی کردووە.

ئیدارەی وزەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، “تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا کە لە 10 وڵاتی گەورەوە هاوردەی کردووە، گەیشتووەتە 5 ملیۆن و 964 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو 322 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە.”

ئاماژەی بەوەش کردووە، “لە هەفتەی ڕابردوودا، هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەمەریکا، 152 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە، بە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر 28 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە، کە ڕۆژانە 180 هەزار بەرمیلی هەناردە کردبوو.”

هەروەها ئیدارەی ئەمەریکا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، “زۆربەی هاردەی نەوتی ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە کەنەداوە بووە بە تێکڕای 3 ملیۆن و 985 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە دوای ئەویش مەکسیک دێت بە تێکڕای 362 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، دواتر سعوودیە دێت بە تێکڕایی 333 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کۆڵۆمبیاشەوە بە تێکڕا 262 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە.”

بەپێی خشتەکە، “بڕی هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمەریکا لە ڤەنزوێلاوە 240 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، لە بەرازیلەوە 129 هەزار بەرمیل و لە ئیکوادۆر 103 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و لە لیبیا 96 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هاوردە کراوە.”