ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، جەختی لەسەر گرنگی گەڕاندنەوەی زیندانیانی وڵاتان لە کەمپی هۆل لە سووریا کردەوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە لە جیهاندا بەهێز دەکات.
شەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2025، نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، “قاسم ئەعرەجی، پێشوازی لە باڵیۆزی ئوسترالیا لە بەغدا گلین مایلز کرد و لە دیدارەکەیاندا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانی هاریکاری هاوبەش لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و ئەزموونەکانیان تاوتوێکرد.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لە کۆبوونەوەکەدا دۆسیەی کەمپی هۆل تاوتوێکرا و جەختی لەسەر گرنگی گەڕاندنەوەی زیندانیانی وڵاتان لە کەمپەکە کردەوە، بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان بەهێز بکات.”
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەعرەجی “خۆشحاڵی خۆی بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە دەربڕیوە و جەختی لەسەر گرنگی پابەندبوون بە رێککەوتنەکە و خێراکردنی گەیاندنی هاوکارییە فریاگوزاریی و مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە کردەوە.”
کەمپی هۆل، دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە لە باکووری سووریا، بە گەورەترین کەمپ دادەنرێت، نزیکەی 40 هەزار کەسی لە 42 ناسنامەی جیاوازی جیهانی لەخۆ گرتووە و سەرجەمیان خێزان و کەسوکاری چەکدارانی ڕێکخراوی داعشن.