دوا سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران، دوودڵی و نیگەرانی لای چاودێرانی سیاسیی پارێزگای زیقار دروست کردووە، بەشێکیان پێیان وایە ئەم سەردانە دەبێتە هۆی توڕەکردنی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا و ڕەنگە واشنتن بیر لە گۆڕینی سیاسی لە عێراق بکاتەوە. بەشێکی دیکە لە چاودێران جەخت دەکەنەوە؛ عێراق لە گۆڕانەکانی ناوچەکە بەدوور نابێت و لە ڕۆژانی داهاتوودا گۆڕان لەسەر ئاستی سیاسی و ئیدارەی لە عێراق ڕوو دەدات.
لە چوارچێوەی ئەو ڕووداو و پێشهاتانەی ناوچەکەیان گرتووەتەوە و دوای هەرەس هێنانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و پێکهێنانی ئیداری نوێی سووریا، دەنگۆی دووبارە ڕێکخستنەوەی هەڵوێستی سیاسی عێراق دەربارەی ناوچەکە هاتووەتە ئاراوە، بەتایبەتی دوای سەردانی محەممەد شیاع سوودانی بۆ کۆماری ئیسلای ئێران.
یاس خەفاجی، چاودێری سیاسی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند “هەر جۆرە سەردانێکی بەرپرسانی عێراق بۆ ئێران ئیدارەی ئەمەریکا تووڕە دەکات، ئەمەمان لە ڕابردوودا بینیوە.”
ئەگەر ئەم سەردانەی سوودانی بۆ ئێران سوودی بۆ ئەمەریکا نەبێت، ڕەنگە واشنتن بیر لە گۆڕانی حکوومەتی ئێستای عێراق بکاتەوە.
لای خۆیەوە عادل عەبدولڕەحمان، چاودێری سیاسی، گوتی: “سەردانی سوودانی بۆ ئێران ژمارەیەک دۆسییەی گرنگی لەخۆ گرتبوو، لەوانە هەماهەنگی ئەمنیی، دروست کردنی ڕێگەی ئاسن و دۆخی سووریا.”
ئەحمەد شیاع، پارێزەر دەڵێت: “سەردانەکەی سوودانی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان بووە، پێم وانییە کاریگەری نەرێنی هەبێت، بەپێچەوانەوە سەردانەکە نەک پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق ڕێک دەخاتەوە، بەڵکو پەیوەندیی عێراق و وڵاتانی دیکەش ڕێک دەخات.”
بەگوێرەی ئەو ڕووداوە سیاسی وئەمنییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتووەتەوە، ڕەنگە ڕۆژانی داهاتوو ڕووداوی زۆر ڕوو بدەن لە عێراق و ئاراستەی زۆر شت، لەسەر ئاستی سیاسی و ئیداری، بگۆڕێن؛ ئەمە بەگوتەی چاودێران.