سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی بەریتانیا دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 13ی1ی2025، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بە فەرمی سەردانی بەریتانیا دەکات کە لە میانیدا زنجیرەیەک و دیداری کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سوودانی لەسەر بانگھێشتێکی فەرمی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کییەر ستارمەر سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.

ڕاشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی سەردانەکەی بۆ بەریتانیا، بە جیا لەگەڵ شای ئەو وڵاتە، چارلزی سێیەم و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، کییەر ستارمەر، ھەروەھا لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حکوومەتی بەریتانیا کۆدەبێتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە محەمەد شیاع سوودانی ھەروەھا لە سەردانەکەی بۆ بەریتانیا زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکان و کەرتی بازرگانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات.

باسی لەوەش کردووە کە لە میانی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەریتانیا، ژمارەیەك ڕێککەوتننامە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەبوارە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی لەبوارەکانی ئابووریی، وەبەرھێنان و ئەمنییدا لەنێوان ھەردوو وڵاتدا واژوو دەکرێن.