سلێمان تاشان – ههولێر
گرووپە میلیشیاکانی عێراق جگە لەوەی کە زیانێکی زۆریان بە سامان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵات گەیاندووە لە هەمان کاتدا پێگە و متمانەی عێراقیان لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەکەدار کردووە، ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەکە و گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی و داواکارییەکانی خەڵکی عێراق هۆکار گەلێکن بۆ ئەوەی گوشارەکان بۆ دوورخستنەوە و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە میلیشیاکان زیاتر ببێت.
دوێنێ عێراقی فیدراڵی لە کاتێکدا یادی سەد و چوار ساڵەی دامەزراندنی سوپای کردەوە کە خۆی دوای دوو دەیە لە دامەزرانی، خاوەنی سوپایەکی تۆکمە و یەکگرتوو نییە و ئەو سوپایەش کە یادی کرایەوە جگە لە ستەم و زۆری هیچ بەرهەمێکی بۆ عێراقییەکان نەبووە. لە هەرێمی کوردستان یادی سوپای عێراق نەکرایەوە چونکە پێی وایە ناکرێت یادی سوپایەک بکرێتەوە کە مێژووەکەی خوێناوی و لێوانلێو بووە لە ستەم و زۆر لە گەلانی عێراق بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی.
ئەوەی یادی ئەمساڵی لە ساڵانی ڕابردوو جیا کردووەتەوە و بە ڕووداوێکی زۆر گرنگیش لێک دەدرێتەوە بریتییە لەوەی هەمووان بەو قەناعەتە گەیشتوون ناکرێت گرووپە میلیشیاکان دەسەڵاتیان لە سوپای نوێی عێراق زیاتر بێ کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ دامەزراوە و بە گوێرەی دەستووری فیدراڵی ئەرک و مافەکانی دەستنیشان کراوە و لە دەستووردا پێشمەرگەش وەک هێزی پاسەوانی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق ناودێر کراوە. لەدوای هەڵوەشانەوەی سوپای بەعس، حکوومەتی فیدراڵی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی سوپا نوێیەکەی بە یەک چاو سەیری سوپا و پێشمەرگەی نەکرد و هەموو ئەو مافانەی لە دەستووردا بۆ سوپا دەستنیشان کرابوون بۆ پێشمەرگەی بە ڕەوا نەزانی، هیچ کاتێک هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان شایستە داراییەکانی خۆیان وەرنەگرتووە و لە دابینکردنی چەک و پێداویستییە سەربازییەکانیش پەراوێز خراون و ئەوەی یارمەتیدەری زیاتری هێزی پێشمەرگە بووە زلهێزەکان بوون، بە تایبەتی دوای ئەوەی داعش سەری هەڵدا و بوو بە مەترسی بۆ سەر عێراق و تەواوی جیهان.
ساڵی ٢٠١٤ مووسڵ کەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش سەرەڕای ئەوەی کە سوپای عێراق پێشکەوتووترین چەکی لەبەردەستدا بوو و ڕووبەرێکی زۆر لە ناوچەکەی بەدەستەوە دا. ئەوەی لە گۆڕەپانەکە مایەوە پێشمەرگە بوو کە قارەمانانە بەرگری کرد و توانی شکست بە داعش بهێنێت.
لە جیاتی ئەوەی عێراق بە سوپاکەیدا بچێتەوە و کەم و کورتییەکانی نەهێڵێت، لە ژێر فتوای مەرجەعی، حەشدی شەعبی دامەزرا کە بووە سەرەتایەک بۆ لاوازکردنی سوپا و کۆنترۆڵکردنی دامەزراوە ئەمنی و سەربازی و ئابوورییەکان لە لایەن گرووپەکانی حەشد کە ژمارەیان سەرووی چل گرووپ بوون.
بەشێک لەو گرووپانە دواتر لە پەرلەمان مۆرکی یاساییان پێ درا بەڵام هەرگیز نەچوونە پاڵ سوپا و وەک گرووپی سەربازیی یاخی لە دەرەوەی فەرمانەکانی حکوومەت کاریان کرد، دستیان بە قاچاخچێتی کرد و لە عێراقەوە مووشەک و هاوەنیان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان گرت و هەڕەشەیان لە وڵاتانی دیکە کرد و دەستیان بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتدا گرت کە پێچەوانەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی عێراق و بنەماکانی دەستووری فیدراڵییە.
دوای ڕووخانی دیمەشق دۆخێکی نوێ هاتووەتە کایەوە و ململانێیە نێودەوڵەتییەکان بە ململانێ ناوخۆییەکان گرێ دراون، جگە لەمە دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە ٢٠ی ئەم مانگەوە کەشێکی نوێتر دەهێنێتە کایەوە چونکە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمەریکا بۆ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق ئەوەیە کۆتایی بە چالاکیی گرووپە میلیشیاکان بهێنێت. عێراق ناتوانێت بە هەمان سیاسەتی سوپایەکی یاسایی و سوپایەکی سێبەر، حکوومەتێکی یاسایی و حکوومەتێکی سێبەر درێژە بە فەرمانڕەوایی بدات، مەرجە لەسەری لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بجووڵێتەوە.
بڕیارە سبەی چوارشەممە هەشتی مانگ، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تارانی پایتەختی ئێران بکات و پێدەچێت یەکێک لە داواکارییەکان پێوەندیی بە پرسی گرووپە میلیشیاکانەوە هەبێت کە بەشی زۆریان لە ئێرانەوە فەرمان وەردەگرن و حکوومەتی سوودانی دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە.
دوێنێ دووشەممە موقتەدا سەدر کە پێگەیەکی بەهێزی جەماوەری لە نێو ماڵی شیعەدا هەیە و براوەی هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق بوو، یادی سوپای عێراقی کردە دەرفەت بۆ ئەو پرسە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پێداگری لەوە کرد کە پێویستە چەک لەدەستی سوپای عێراق و هێزە ئەمنییە فەرمییەکان بێت. ئەو پاشان نووسی ”نەخێر، هەزار جار نەخێر بۆ چەک و گرووپە نایاساییەکان.” ئەم دواکارییە لە لایەن سەرکردەیەکی تری شیعەکان خرایە ڕوو و عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە لە نەجەف بە ڕاشکاوی داوای نەمانی ئەو گرووپە میلیشیا نایاساییانە کرد کە کێشەیان بۆ عێراق ناوەتەوە و تەنانەت ئاماژەی بە ناوی کەتیبەکانی حزبوڵا و نوجەبا کرد.
کورد دەمێکە ئەو داوایەی لە عێراق هەبووە و پێی وابووە دەبێت بە گوێرەی دەستوور خزمەتی سوپا و پێشمەرگە بکرێ و بە یەکەوە ئاسایشی عێراق بپارێزن نەک هێزی میلیشیایی وڵات بەرەو چارەنووسی نادیار ببەن.